زۆرترین هەواڵ بە کەمترین وشە

  • ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ چامپیۆنزلیگی ئاسیا، یانه‌ی ئیتیحادی سعوودیه‌ له‌ نێو یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری رووبه‌ڕووی قوه‌ جه‌وییه‌ی عێراقی ده‌بێته‌وه‌، یارییه‌كه‌ش له‌ كاتژمێر 03:00ـی ئێواره‌ ده‌كرێت.
  • بلیتی یاریی قوه‌ جه‌وییه‌ و ئیتیحاد له‌ چامپیۆنزلیگی ئاسیا دوو رۆژه‌ له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ست به‌ فرۆشتن كراوه‌ و نرخی هه‌ر بلیتێك به‌ 25 هه‌زار دیناره‌.
  • نونو سانتۆ راهێنه‌ری پۆرتوگالی یانه‌ی ئیتیحادی سعوودیه‌: له‌ یاریی رابردوو زۆر به‌ زه‌حمه‌ت له‌ قوه‌ جه‌وییه‌مان برده‌وه‌، بۆیه‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ ئێمه‌ به‌رامبه‌ر هه‌مان یانه‌ قورسه‌.
  • نونو سانتۆ راهێنه‌ری ئیتیحادی سعوودیه‌: بوونی كه‌ریم بێنزێما زیاده‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ خولی رۆشنی سعوودیه‌، هاوكات هێزێكی باشی به‌ ئێمه‌ به‌خشیوه‌، به‌ڵام تیپه‌كه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا بێنزێما نییه‌ و یاریزانی دیكه‌ی زۆرباشمان هه‌یه‌.
  • ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ چامپیۆنزلیگی ئاسیا ئه‌م یارییانه‌ ده‌كرێن: ناساف كارشی ئۆزبه‌كیستان ـ شارقه‌ ئیمارات 17:00، نساجی مازاندران ئێران ـ ناڤپاهور ئۆزبه‌كیستان 17:00، مۆمبای سیتی هیند ـ هیلال سعوودیه‌ 17:00، فه‌یسه‌ڵی ئوردن ـ سه‌دی قه‌ته‌ری 21:00، سێپاهان ئه‌سفه‌هان ئێران ـ ئۆلمالیك ئۆزبه‌كیستان 21:00.
    ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ جامی یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیا ئه‌م یارییانه‌ ده‌كرێن: نه‌جمه‌ لوبنان ـ زه‌ورا عێراق 19:00، فتوه‌ سووریا ـ نه‌هزه‌ عومان 19:00، ره‌فاع به‌حرێن ـ عه‌ره‌بی كوێت 21:00.
  • ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڕی یازده‌یه‌می پرێمه‌رلیگ له‌ كاتژمێر 11:00ـی شه‌و، له‌ دێربی له‌نده‌ن، یانه‌ی تۆتێنهام میوانداریی چێڵسی ده‌كات.
  • رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیا: ریال مه‌درید له‌گه‌ڵ كلیان ئێمباپێ گه‌یشتووه‌ته‌ رێككه‌وتن ساڵانه‌ 75 ملیۆن یۆرۆ ده‌داته‌ ئه‌و هێرشبه‌ره‌ فه‌ره‌نسییه‌. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ریال مه‌درید دوو ساڵه‌ له‌سه‌ریه‌ك هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی كیلیان ئێمباپێ ده‌دات و گرێبه‌ستی یاریزانه‌كه‌ش هاوینی داهاتوو له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان كۆتایی دێت و هه‌ردوولا ده‌توانن له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ گفتوگۆ بكه‌ن.
  • ریال مه‌درید له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نووسیویه‌تی: سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌ رێككه‌وتنی یانه‌كه‌مان و كیلیان ئێمباپێ ده‌كه‌ن ناڕاستن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كه‌ی پاریس سانجێرمان قسه‌مان نه‌كردووه‌.
  • چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری بارسێلۆنا: كوبۆی یاریزانی ژاپۆنی ریال سۆسیداد یاریزانێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌، به‌ تۆپ و به‌بێ تۆپ ئاستی له‌ لوتكه‌یه‌، توانای گۆڵكردن و ئاسیستی به‌شێوه‌یه‌كی نایاب هه‌یه‌.
  • مارسێلۆ به‌رگریكاری به‌رازیلی یانه‌ی فلۆمێنسی: نازناوی لیبه‌رتادۆریس كه‌ له‌گه‌ڵ فلۆمێنسی به‌ده‌ستمهێنا گرینگترین ناسناوی ژیانی منه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كان.