گه‌ڕێكی به‌هێز له‌ خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه ‌ده‌چێت

بارزان ئەکرەم – هەولێر

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، گه‌ڕی دووه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كان كاتژمێر(2:30) ئه‌نجام ده‌درێن، شه‌قڵاوه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی ئارارات ده‌كات، ده‌ربه‌ندیخانیش رووبه‌ڕووی ئاكرێ ده‌بێته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا میوانداریی سه‌یدسادق ده‌كات، یانه‌كان ده‌یانه‌وێت، له‌م گه‌ڕه‌ پێگه‌ی خۆیان به‌هێزبكه‌نه‌وه‌ و به‌هێزی و ئاماده‌یی خۆیان بۆ خوله‌كه‌ رابگه‌ینن، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ئه‌ركی زه‌حمه‌ته‌
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، به‌ راهێنه‌رایه‌تی سه‌میر بابۆ، له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ پیرمام، میوانداریی یانه‌ی سه‌یدسادق ده‌كات، پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕی رابردوو له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن یه‌كسان بووه‌، بۆیه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ تۆماربكات، به‌ڵام رووبه‌ڕووی تیپێكی به‌هێز ده‌بێته‌وه‌، كه‌ گه‌ڕی رابردوو به‌ (5-0) له‌ دهۆكی بردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ینێت، كه‌ تیپی میوان له‌ رووی هێرشبردنه‌وه‌ زۆر به‌هێزن، ده‌بێت سه‌میری راهێنه‌ر، له‌ رووی به‌رگریه‌وه‌ ئاگاداربێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ده‌ست نه‌دات، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر بێ گۆڵه‌ و یه‌ك خاڵی هه‌یه‌.
سه‌یدسادق، هه‌میشه‌ به‌ به‌رگرییه‌كی به‌هێز به‌رگری ده‌كات، به‌ ئاسانی خۆ به‌ده‌سته‌وه‌ ناده‌ن، فشاری به‌هیز ده‌خه‌نه‌ سه‌ر تیپی به‌رانبه‌ر، له‌ رێگه‌ی هێرشی پێچه‌وانه‌ مه‌ترسی زۆر ده‌خه‌نه‌ سه‌ر تیپی به‌رانبه‌ر، گه‌ڕی رابردوو به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ دهۆك زه‌نگی مه‌ترسیان بۆ سه‌رجه‌م یانه‌كان لێدا،5 گۆڵ و 3 خاڵیان هه‌یه‌.

شه‌قڵاوه‌ به‌دوای ساڕێژی برینه‌كه‌ی گه‌ڕی رابردووی ده‌گه‌ڕێت
یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی یانه‌ی ئارارات ده‌كات، شه‌قڵاوه‌ ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی بردنه‌وه‌ له‌ ئارارات برینی گه‌ڕی رابردووی ساڕێژ بكات، كاتێك له‌ دوا خۆله‌ك گۆڵی لێ تۆماركرا و به‌ برایه‌تی میوانی دۆڕا، گرفتی شه‌قڵاوه‌ له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌ته‌كانیه‌تی، كه‌ بۆی ده‌ره‌خسێت.
ئارارات، به‌ راهێنه‌رایه‌تی عه‌بدوڵڵا مه‌حمود، گه‌ڕی رابردوو نه‌یانتوانی له‌ سیروانی نوێ ببه‌نه‌وه‌، كاتێك له‌ چاره‌گی كۆتایی یارییه‌كه‌ گۆڵی یه‌كسانیان لێ تۆماركرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌هۆی دابه‌زینی ئاستی توانای جه‌ستیی تیپه‌كه‌یانه‌وه‌بوو، چونكه‌ دره‌نگ ئاماده‌كارییان كرد و بڕیاری به‌دشاریكردنیان له‌ خوله‌كه‌ دا، ته‌نها یه‌ك خاڵ و یه‌ك گۆڵیان هه‌یه‌.

سیروانی نوێ له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورسدایه‌
یانه‌ی سروانی نوێ له‌ شاری سلێمانی له‌ یاریگه‌ی خۆی، به‌ راهێنه‌رایه‌تی رزگار عه‌لی ئاماه‌كارییان بۆ ئه‌م یارییه‌ كردووه‌، سیروانی نوێ، گه‌ڕی یه‌كه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌ یه‌كسانبوون گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ده‌یه‌وێت بردنه‌وه‌ تۆماربكات و له‌ كێبڕكێ كردنی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ دوور نه‌كه‌وێته‌وه‌.
چوارقوڕنه‌، به‌ راهینه‌رایه‌تی مه‌حمود مه‌جیدی راهێنه‌ر پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزیان دروستكردووه‌، به‌ڵێن فایه‌ق و سه‌فین ئه‌مین دوو كاریگه‌رترین یاریزانی خولی نایابی كوردستانن، له‌ زۆربه‌ی كاته‌كانی یاریی ده‌توانن جیاوازی دروست بكه‌ن و ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تیپه‌كه‌یان راستبكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینی یارییه‌كی به‌هێز ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر به‌ گۆڵێك یه‌كسان بوو، به‌ڵام ده‌ستپێكی هه‌موو خولێك بۆ بۆ یاریزان و یانه‌كان ئه‌سته‌مه‌، جوانترین لایه‌نی چوارقوڕنه‌ بوونی هانده‌ره‌ دڵسۆز و جوانه‌كه‌یه‌تی.

ده‌ربه‌ندیخان و ئاكرێ
یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی ئاكرێ ده‌كات، شین پۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند، گه‌ڕی رابردوو له‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌یان دۆڕاون، له‌ به‌رانبه‌ر رانیه‌ی تازه‌ میوانی خوله‌كه‌ به‌ دوو گۆڵ تووشی دۆڕان هاتن، ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ ئاكرێ نێوانی خۆیان له‌گه‌ڵ هانده‌رانی یانه‌كه‌ ئاشت بكه‌نه‌وه‌، وه‌ بتوانن باری لاسه‌نگی خۆیان راست بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ربه‌ندیخان هه‌میشه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆیان تووشی ئه‌نجامی چاوه‌ڕواننه‌كرا و ده‌بن، بۆیه‌ ئه‌ركیان ئاسان نییه‌.
یانه‌ی ئاكرێ، تیپێكی به‌هیزیان بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ پێكهێناوه‌، گه‌ڕی رابردووش به‌ گۆڵێك له‌گه‌ڵ زاخۆ یه‌كسانبوون، له‌ كاتێكدا یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی زاخۆ بوو، به‌ڵام ئاكرێ ئه‌م ئه‌نجامه‌ی به‌سه‌ر زاخۆدا سه‌پاند، ئه‌م وه‌رزه‌ چاویان له‌ویه‌ ئه‌نجامێكی مێژووی بۆ ئاكرێیه‌كان تۆماربكه‌ن.
یارییه‌كه‌یانی رۆژی سێشه‌ممه‌
برایه‌تی- شێروانه‌
هه‌ولێر – زاخۆ
سۆران – هه‌ندرێن
دهۆك – رانیه