تیروپشكی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق راكێشرا

بارزان ئەکرەم – هەولێر

ئێواره‌ی رۆژی شه‌ممه‌ له‌ شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق، تیروپشكی وه‌رزی نوێی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق بۆ ساڵی 2023/2024، راكێشرا و یانه‌ كوردستانییه‌كانی به‌شدار له‌ خوله‌كه‌ له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌م ئه‌ركیان سه‌خته‌، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی به‌ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی به‌ نیازه‌ خولی عێراق به‌ره‌و‌ پێشه‌وه‌ ببات، له‌م وه‌رزشه‌دا چه‌ند خاڵێكی رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

یانه‌ی هه‌ولێر رووبه‌ڕووی نه‌جه‌ف ده‌بێته‌وه‌
رۆژی هه‌ینی، یانه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی كاتژمێر (9:30)ی شه‌و، میوانداریی یانه‌ی نه‌جه‌ف ده‌كات، هه‌ولێر به‌ راهێنه‌رایه‌تیی عه‌باس عوبێد، ئاماده‌كاریی باشی بۆ ئه‌م وه‌رزی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق كردووه‌، نزیكه‌ی 15 رۆژ، له‌ توركیا كه‌مپی مه‌شق و راهێنانی كرده‌وه‌، چه‌ند یاریزانێكی به‌ڕێ كردوو، چه‌ند یاریزانیكی تازه‌ی هێنایه‌ نێو تیپه‌كه‌، له‌ پێناو ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی باش بۆ هانده‌رانی یانه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

یانه‌ی دهۆك رووبه‌ڕووی شوڕته‌ ده‌بێته‌وه‌
یانه‌ی دهۆك له‌ یاریگه‌ی دهۆك، رۆژی هه‌ینی، كاتژمێر(9:30)، میوانداریی یانه‌ی شوڕته‌ ده‌كات، دهۆك به‌ راهێنەرایەتیی سلێمان ره‌مه‌زان، له‌ شاری هه‌ولێر و دهۆك، ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ ئه‌نجام داوه‌، خاڵی به‌هێزی یانه‌ی دهۆك بوونی ئه‌و گیانه‌ به‌رزه‌یه‌، كه‌ له‌ یارییه‌كانی لێی ده‌بینرێت.

یانه‌ی نه‌ورۆز میوانی زه‌ورایه‌
یانه‌ی نه‌ورۆز، به‌ راهێنه‌رایه‌تیی وه‌لی كه‌ریم له‌ ئه‌ركێكی زه‌حمه‌تدا رۆژی پێنجشه‌ممه‌، كاتژمێر(9:30) رووبه‌ڕووی نه‌وره‌سه‌كانی به‌غدا ده‌بێته‌وه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی یاری له‌گه‌ڵ زه‌ورا ده‌كات، نه‌ورۆز، ئاماده‌كارییه‌كانی له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌نجام دا، به ‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ئامانجی تیپه‌كه‌ بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ بهێنیته‌ دی، كه‌ ته‌نیا مانه‌وه‌یه‌ له‌ خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق.

یانه‌ی زاخۆ له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زه‌حمه‌تدایه‌
یانه‌ی زاخۆ، به‌ ڕاهێنه‌رایه‌تیی، ته‌ڵال به‌لووشی قه‌ته‌ڕی، ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ وڵاتی توركیا، ئه‌نجام دا، له‌ تیروپشكی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ یه‌كه‌م یاریی له‌گه‌ڵ قوه‌ی جه‌ویه‌ یاری ده‌كات، كه‌ یارییه‌كه‌ له‌ رۆژی هه‌ینی كاتژمێر(7:00) به‌ڕێوه ‌ده‌چێت.