رۆژنامەی هەولێر ئامادەکارییەکانی یانەی شەقڵاوە بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو

شەقڵاوە یەکێکە لەو یانانەی درەنگ دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ خولی نایابی کوردستان، یانەکە جارێکی تر متمانەی بە ڕاهێنەری ئێرانی مستەفا بابەزادە و ستافەکەی بەخشیوەتەوە و بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک گرێبەستی نوێی ئامادەکارییەکانی دەسپێکردووە و چەند یاریزانێکی وەرزی رابردوویش ڕیزی تیپەکەیان جێهێشتووە و لەیانەکە نەماون، ڕۆژنامەی هەولێر ئامادەکاری و گۆرانکارییەکانی پێکهاتەی ئارارات دەخاتە ڕوو.

شەقڵاوە دوایین یانە بوو دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە

ڕاهێنەری ئێرانی مستەفا بابازادە بۆ دووەم وەرز گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی خۆشناوەتی نوێکردەوە، دوای تەواو بوونی وەرزی رابردووی خولی یانە نایابەکانی کوردستان شەقڵاوە بە کۆمەڵێک کێشەی دارایی زۆردا تێپەڕی تا ئەو ڕادەیەی نزیک بوو بەشداریی خولەکە نەکات، بەڵام دواتر بە هەوڵی چەند بەرپرسێکی شارەکە کە بەڵێنی هاوکارییان بەیانەکەدا شەقڵاوە بڕیاریدا بەشداری بکات و دەستی بە ئامادەکارییەکان کرد، بۆ ئەم وەرزەیش ستافی ڕاهێنەرانی شەقڵاوە بریتین لە: مستەفا بابازادە ڕاهێنەر ڕزگار سەلیم یاریدەدەری راهێنەر، حەیدەر عومەر شافعی ئێرانی ڕاهێنەری گۆڵپارێزان، ئارارات کۆمەڵێک گرێبەستی نوێی ڕاگەیاندووە و گۆڕانکاری زۆری لە تیپەکە نەکردووە بەبەراورد بە یانەکانی تر جگە لە ڕۆیشتنی کۆمەڵێک یاریزانی وەرزی ڕابردوو، جگە لەوە کۆمەڵێک یاریزان گرێبەستەکانیان نوێکردۆتەوە، هەروەها چەند یاریزانێکی تیپی لاوان سەرخراون بۆ تیپی یەکەم.

یانەکە ڕۆژانە لەسەر یاریگەی خۆی لە شەقڵاوە مەشق و ڕاهێنانەکان ئەنجام دەدات و چەند یارییەکی دۆستانەشی کردووە.

یانەکە بەردەوامە لە ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ 

بەهۆی ئەوەی یانەکە ماوەیەکی کەمی لەبەردەمدا بوو بۆ ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان گرێبەستی زۆری ئەنجام نەداون، ئەو یاریزانانەی کە بەفەرمی پەیوەندییان بە ڕیزەکانی یانەکەی خۆشناوەتی کردووە بریتین لە یاریزانانی ئێرانی عیرفان حەسەن دۆست و یاریزانی تری ئێرانی ئارمین ئاختری هەروەها یاریزانێکی تری ئێرانی کە یاری بۆ شەقڵاوە دەکات یاریزان ئەبولفەزڵ بالائی، ئادەم نەجات، عەبدولباست لوقمان، ئەحمەد دڵشاد سێ یاریزانی لاون و گرێبەستیان لەگەڵ شەقڵاوە واژوو کردووە.

چەند یاریزانیک لەگەڵ شەقڵاوە گرێبەستیان نوێکردۆتەوە

ئەو یاریزانانەی کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەی شەقڵاوە نوێکردۆتەوە بریتین لە: هۆگر یوسف یاریزانی هێڵی بەرگری و کاپتنی تیپەکە، دوای ئەویش هەرێم حوسێن گرێبەستەکەی لەگەڵ شەقڵاوە نوێکردەوە، یاریزان سەمەد خالید سێیەم یاریزانە کە لەگەڵ یانەکەی خۆشناوەتی بەردەوام دەبێت، هەروەها یاریزان ڕێبوار تاهیر واژووی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کردووە، ئامانج ئەکرەم یەکێکە لەو یاریزانانەی ئۆکەی کردووە بۆ بەردەوام بوون و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شەقڵاوە هەروەها یاریزان شاکار فاخیر گرێبەستەکەی لەگەڵ شەقڵاوە نوێکردەوە و یاریزانی مەحەمەد سەردار یەکێکی ترە لەو یاریزانانەی لەگەڵ شەقڵاوە بەردەوام دەبێت، هەروەها یاریزان ئاشتی ئیدریس یەکێکی ترە لەو یاریزانانەی گرێبەستەکەی نوێکردۆتەوە، گۆڵپارێز عیماد ئیبراهیم لەگەڵ شەقڵاوە بەردەوام دەبێت، چاوەڕی دەکرێت هەردی مستەفا، ڕەشاد فازڵ، خالد مەجید ئەو یاریزانانەش لەگەڵ شەقڵاوە بەردەوام دەبن.

ئەو یاریزانانەی کە یانەکەیان جێهێشتووە و لە تیپەکە نەماون بریتین لە: جەوهەر نەجم یاریزانی هێڵی ناوەڕاست، مەحەمەد هاوار له‌ هێڵی هێرشبه‌ر، له‌گه‌ڵ گۆڵپارێز هەورامان ڕزگار لە تیپەکە نەماوە، دوای ئەوانیش سەڵاح حەسەن یانەکەی جێهێشتووە.

وەرزی ڕابردوو شەقڵاوە لە خولی یانە پلە نایابەکانی کوردستان مستەفا بابەزادەی ئێرانی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی ئەو یانەیەی لە ئەستۆ گرت و ئەنجامێکی باشی بەدەستهێنا، دواجار شەقڵاوە بە کۆکردنەوەی ٤١ خاڵ و بە جیاوازییە ١١ خاڵ لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێری پاڵەوان پلەی چوارەمی بەدەستهێنا، شەقڵاوە لە ٢٨ یاریدا ١٠ بردنەوە و ٧ یاری دۆڕاند و ١١ یاری یەکسان بوونی تۆمار کرد، ٣٥ گۆڵی تۆمارکرد و ٢٩ گۆڵیشی لێ تۆمارکرا.

یانەی شەقڵاوە لەساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە و ماوەی چەند ساڵێکە لە خولی نایابی کوردستان بەشدارە جارێک پلەی یەکەمی خولی یانە پلە دووەکان و جارێکیش پلەی یەکەمی خولی پلەیەکی کوردستانی بەدەستهێناوە، وەرزی ڕابردوو خۆی گەیاندە یاری پێش کۆتایی جامی کوردستان و لەسەر دەستی یانەی دهۆک ماڵئاوایی کرد.