درێسەکەی رۆناڵدۆ لە فاتیمە دزرا

ئەو درێسەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی جیهانی، لە ئێران بە واژۆی خۆی، بەدیاری دابووە فاتمە حەمامی، کچە نیگارکێشی ئێرانی، دزرا و یەکێکی دیکەیان بەفێڵ و بەبێ واژۆی رۆناڵدۆ پێداوە.

برایەکی ئەو کچە نیڤشکانەی رۆژی سێشەممە لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پۆرتوگالی، دیدارێکیان هەبوو و لە لایەن رۆناڵدۆوە درێسێکی بە واژۆی خۆی پیبەخشرابوو، بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاند؛ یانەی پرێسپۆلیس ئەو درێسەی واژۆی رۆناڵدۆی لەسەر بووە، نەیداوە بە خوشکە نیڤشکانەکەی و درێسێکی دیکەی پێداوە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، دوای ئەوەی “فاتمە حەمامی” کچە نیڤشکانی ئێرانی رۆژی سێشەممە لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی یانەی نەسڕی سعودی لە تاران کۆبووەوە و لە لایەن رۆناڵدۆوە یەک لە درێسەکانی خۆی بۆ واژۆکرا و بە دیاری پێیبەخشرا، برایەکی بە میدیاکانی ئێرانی گوتووە، دوای دیدارەکە، یانەی پرێسپۆلیسی تاران، درێسێکی بێ واژۆی رۆناڵدۆی داوە بە خوشکەکەیان و سەرەڕای ئەوەی پەیوەندییەکی زۆریان لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەدا کردووە بۆ گەڕاندنەوەی درێسە دیاریکراوەکە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆش لە لایەن بەرپرسانی یانەی پرێسپۆلیسەوە هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، کاردانەوەیەکی زۆری لەنێو میدیاکانی ئێراندا بەدواداهات، کە یانەی پرێسپۆلیس لە راگەیێنراوێکدا، بڵاوی کردەوە، رۆژی سێشەممە لە لایەن رۆناڵدۆوە دوو درێس کراوەتە دیاری بۆ فاتمە حەمامی و یانەی پرێسپۆلیس،  ئەوەی فاتمە حەمامی واژۆی رۆناڵدۆی لەسەر بووە و ئەوەی یانەکە بێ واژۆ بووە، بەڵام لە لایەن هەندێک لە فەرمانبەرانی یانەکەوە، بە هەڵە درێسە واژۆکراوەکە بردراوەتە نووسینگەی یانەی پرێسپۆلیس و درێسە واژۆنەکراوەکە، دراوە بە فاتمە حەمامی.

بەگوێرەی راگەیێنراوەکە لەو رۆژەوە چەندینجار پەیوەندی بە خێزانی فاتمە حەمامییەوە کراوە کە درێسەکەی بۆ بگەڕێنرێتەوە، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە. خێزانەکەی فاتمە حەمامی ئەو راگەیێنراوە رەتدەکەنەوە و دەڵێن؛ ئێستاش ئامادەن بچنە یانەی پرێسپۆلیس بۆ ئەوەی درێسە واژۆکراوەکەی رۆناڵدۆ بۆ خوشکەکەیان وەربگرنەوە.

فاتمە حەمامی، کچێکی نیڤشکانی ئێرانییە کە توانای نیگارکێشان بە قاچی هەیە و تاوەکو ئێستا دەیان تابلۆی هونەریی لە کەسایەتییە ناسراوەکانی جیهان کێشاوەتەوە. یەک لەو تابلۆیانە وێنەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، ئەوەش وایکرد رۆژی سێشەممە لە لایەن  رۆناڵدۆوە بانگهێشتی هوتێل سپیناسی تاران بکرێت بۆ رێزلێگرتن. 

لە دیدارەکەدا رۆناڵدۆ سەرەڕای ئەوەی درێسێکی واژۆکراوی خۆی بەخشی بە فاتمە حەمامی، بەڵێنی هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک و چارەسەری پزیشکیشی بەو کچە نیڤشکانە دابوو.