ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
لە چیای زۆزكی دەڤەری سیدەكان لە ئایندەیەكی نزیكدا كار بۆ دروستكردنی كەمپێكی تایبەت بە وەرزشوانان و گەشت و گەڕانی ناو سروشت دەكرێت.
لە كۆبوونەوەیەكی نێوان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەرپرسانی باڵای فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستاندا، دوایین قۆناغەكانی دانانی كەمپی چیای “زۆزک” تاوتوێ كرا و ھەروەھا دەستخۆشانەش لە تیمی ئێكسپدەیشنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كرا كە لەو ماوانەدا توانییان بگەنە لووتكە چیای (گانگ یاتسەی ٢) لە زنجیرەچیاكانی ھیمالایا.
فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان بە ھەماھەنگی و پاڵپشتیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كار لەسەر كردنەوەی كەمپێک لە ناوەڕاستی چیای زۆزكدا دەكات كە ھەموو تەمەن و ڕەگەزێك دەتوانێ بۆ خۆی سەردانی بكات؛ ئامانجیش لێی بەكولتووركردنی وەرزش و گەشت و گەڕانی ناو سروشتە.
بەپێی ئەو پلانەی كە پێشوەخت دانراوە، وا بڕیارە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ پڕۆژە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و گوژمەی پڕۆژەكەش لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دابین كراوە.
ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پیرۆزبایی و دەستخۆشانەی ئاراستەی تیمی ئێكسپدەیشنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان كرد كە لەو ماوانەدا، سەركەوتووانە توانییان لە دیوی وڵاتی ھیندۆستانەوە، بگەنە لووتكەی (گانگ یاتسەی ٢) لە زنجیرەچیاكانی ھیمالایا.
لە بەرامبەریشدا، نوێنەرانی باڵای فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، سپاسی ئەو پشتگیری و خەمخۆرییەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان كرد كە ھەمیشە پشتگیریی پڕۆژەكانی تایبەت بە بواری شاخەوانی دەكات لە دەڤەرەكەدا.