حاكمی دوبه‌ی كچه‌ ئه‌سپسوارێك خه‌ڵات ده‌كات

میدیاکانی ئیمارات رایانگەیاند، شێخ محەممەد بن راشد، جێگری سەرۆکی ئیمارات، حاکمی دوبەی و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاریداوە ژمارەیەک ئەسپ بە دیاری بداتە لەنیا فاخیری کچە ئەسپسواری کورد. هەروەها بەڵێنی داوە سەنتەرێکی ئەسپسواریشی بۆ بکاتەوە.

ئەم بڕیارەی شێخ محەممەد بن راشد دوای ئەوە هات کە ناوبرا ڤیدیۆی گریانی لەنیا لەسەر تەرمی ئەسپەکەی بینی، کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بەشێوەیەکی کتوپڕ مرد.

لەنیا بچووکترین ئەسپسواری عێراق و کوردستانە، تەمەنی 8 ساڵە، بەر لە چەند رۆژێک ڤیدیۆیەکی سۆشیال میدیای تەنییەوە، کە تێیدا لەنیا زۆر بە کوڵ بۆ مردنی ئەسپەکەی دەگریێت و هاوسۆزییەکی زۆری بەدەستهێنا.

ناوی ئەسپەکەی لەنیا، جیسنۆ بوو، کە وەک خۆی دەڵێت، بە دیاری بۆی هاتبوو.

 بە گوێرەی میدیاکانی ئیمارات، شێخ راشد یەکێک بووە لەوانەی بە بینینی ڤیدیۆکە کاریگەر بووە و بڕیاریداوە لە جیاتی یەک ئەسپ، کۆمەڵێک ئەسپ بۆ لەنیا بنێرێت.

پێشتر مەلا مستەفا بارزانی، هاوسۆزیی خۆی بۆ لەنیا نیشانداوە، بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەکردووە و ئەسپێکی بەدیاری پێشکێش کردووە.

لەنیا خەڵکی قوشتەپەیە، لە تەمەنی 5 ساڵییەوە حەزی لە ئەسپسواری بووە و وەک خۆی دەڵێت: “بۆ هەتاهەتایە واز لەو حەزەی ناهێنێت”.

له‌نیا له‌باره‌ی مرداربوونه‌وه‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌سپه‌كه‌ی بووه‌ته‌ قوربانی ئیره‌یی و چاوپیسی و لێزه‌ری كه‌سێكی نزیكیان، به‌وپێیه‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی زۆر جوانبووه‌.