ڕۆژنامەی مەشاهیری عێڕاقی خەڵاتەکانی سوکر ستاری دابەشکرد، کە ساڵانە باشترینەکان لەسەر ئاستی خولەکانی تۆپی پێی عێراق دیاریدەکات، ئەمساڵیش باشترینەکان دەست نیشانکران، لەنێوانیاندا شۆخان نوردین کچە ئەستێرەی کورد ناوی هەبوو، کە وەک باشترین کچە یاریزانی دیاریکرا.
باشترینەکانی عێڕاق بێبەش نەبوون لە یاریزانی کورد
بە ئامادەبوونی عەدنان دەرجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ڕۆژنامەی مەشاهیری عێڕاقی خەڵاتەکانی سوکر ستاری لە مەڕاسمێکدا لەشاری بەغدا لە هۆڵی مەنسوڕ کە تایبەت بوو بەباشترینەکانی ئەم وەرزەی دیاریکرد، کچە یاریزانی یانەی ئافرەتانی هەولێر و یانەی زەورا شۆخان نوردەدین وەک باشترین کچە یاریزان لەسەر ئاستی عێڕاق دیاریکرا، ئەمەیش دوای پیشاندانی ئەو ئاستە بەرزەی کە یاریزانە کوردەکە لە وەرزی ٢٠٢٢ -٢٠٢٣ پێشکەشیکرد لە خولی فوتساڵی خانمانی عێراق.
لە مەڕاسیمەکەدا لوئەی سەڵاحی ڕاهێنەری یانەی کارەبا وەک باشترین ڕاهێنەر دیاریکرا، کە ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی توانویەتی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و یانەکەی تا ئێستە لە پلەی چوارەمی ڕیزبەندی یانەکانە، هەروەها حەسەن عەبدولکەریم یاریزانی یانەی زەورا وەک باشترین یاریزانی کوڕ دیاریکرا، هاوکات عەلی حەمادی وەک باشترین یاریزانی پیشەگەری عێڕاقی دەست نیشانکرا، باشترین یاریزانی هێڵی بەرگری ئەم وەرزەیش بووە بەشی عەلی فایزی یاریزانی دڵی بەرگری یانەی تەڵەبە، هەروەها هێرشبەری یانەی قوەجەویە موهەنەد عەبدولکەریم کا تائێستە گۆڵکاری خولەکەیە وەک باشترین هێرشبەر دیاریکرا.
هەروەها ڕۆژنامەکە باشترین یاریزانی پیشەگەریشی خەڵات کرد و فەهد یوسفی یاریزانی سوری ئەو خەڵاتەی وەرگرت، یاریزان عەلی جاسمیش وەک باشترین یاریزانی لاو دیارکرا، هەروەها جەلال حەسەنی گۆڵپارێزی زەورایش وەک باشترین گۆڵپارێز دەست نیشانکرا، بەسام شاکر باشترین یاریزانی گۆڵ دروستکەر و عەلا عەبدولزەهرەیش وەک باشترین یاریزانی نموونەی خەڵاتیان وەرگرت.
شۆخان جگە لەوەی بووە گۆڵکاری خولی فوتساڵی خانمانی عێڕاق، لەگەڵ یانەی ئافرەتانی هەولێریش بۆ دووەم وەرز لەسەریەک بوونە پاڵەوانی خولی فوتساڵی خانمانی کوردستان و گەر خۆیشی بە تۆمارکردنی ٢٢ گۆڵ بووە گۆڵکاری خولەکە، بۆ زانین یاریزانی ناوبراو وەرزی رابردویش یاری بۆ یانەی هیلالی سعودی کرد و توانی ببێتە گۆڵکار و پلەی یەکەم لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستبهێنێت.