بۆ یەکەمجار لە هەولێر فێرگەیەکی تێنسی سەرزەوی دەکرێتەوە

لە شاری هەولێر فێرگەیەکی وەرزشی تایبەت بە تێنسی سەرزەوی ده‌كرێته‌وه‌ و کچان و ژنانیش رووی تێدەکەن، لە یەکەم رۆژی مەشق و راهێانەکانیدا زیاتر لە 30 کەس خۆیان ناونووس کردبوو کە لە تەمەن و رەگەزی جیاواز بوون، لە تەمەنی سەرووی 18 ساڵی لە کۆی 30 کەسی فێرخواز حەوتیان ئافرەت بوون.

مەشق و راهێنانەکان هەفتانە 3 جار دەکرێن و بۆ هەر رۆژێک 3 كاتژمێره‌، لە یەکێک لە گۆرەپانەکانی تایبەت بە تێنسی سەرزوی ئەنجامدەدرێت.

ناسڕ عەبدولرەزاق، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ یاریی تێنسی سەرزەوی و راهێنەری فێرگەکە رایگەیاند: بە خۆشحالیەوە ئەمڕۆ دەبینم هەولێر گرنگی بە تێنسی سەرزەوەی دەدات و تایبەت ئافرەتان کە لە کۆی 30 به‌شداربوو، حەوتیان ئافرەتن، دەشڵێت: ئامانجی سەرەکیی ئەم فێرگەیە، ئەوەیە نەوەیەکی نوێ دروست بکەین بۆ یاری تێنسی سەرزەوی کە یارییەکی جیهانیە و لە هەموو روویەکەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و بۆ یەکەمجارە بەم رێژەیە لە تەمەنە جیاوازەکان لە یەک رۆژدا ناو تۆمار بکەین و روو لە مەشقکردن بکەن.”

ئەم راهێنەرە باس لەوەش دەکات: “هەرچەندە لە هەولێر گۆرپانی یاری تێنسی کەمە، بەڵام گۆرەپانی پارکەکانیش هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر ببینێت و سەرنجیان راکێشێت و زیاتر ئارەزوو و خولیای بۆ ئەم یاریە هەبێت.”

لەبارەی چۆنییەتی راهێنانەکان، ناسڕ عەبدولرزاق دەڵێت، “چوار راهێنەری پیشەگەرمان هەیە؛ دوو ئافرەت و دوو پیاو کە لە هەڵبژاردەی عێراق یاریان کردووە، سەرجەمیان کوردن. دەکرێ بۆ ساڵی ئایندە یاریزانی باش ئامادە بکەین بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی داهاتوودا هەولێر ببێتە یەکەم شاری بێ راکابەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە کوڕان و کچان.” تیبە محەممەد تەمەن 33 ساڵ کە خۆی مامۆستای زانکۆیە و وانەی ئینگلیزی دەڵێتەوە، لەسەر ئەم فێرگەیە گوتی: من دەمێکە حەزم لە فێربوونی ئەم یارییە بوو شوێنێکیش نەبوو بۆ فێرکردن و یاریکردنی، بەڵام ئێستا لە هەولێر گرنگی بە گۆرەپانی ئەم یاریە دەدرێت بۆیە یەکسەر خۆم و خوشکەکەم هاتووین ئەو خەونەی هەمانبوو بیکەیەنە راستی”.

ئەم مامۆستایە دەشلێت، “پێشتر لە نێو کۆمەڵگەی ئێمە ئافرەت نامۆ بوو ئەگەر هەر وەزشێکی کردبا، بەڵام ئەمرۆ ئافرەتان دەبینم لە هەموو وەزشێکەوە رۆڵیان هەیە. من و خووشکەکەم بۆ ئارەزووی خۆمان و خۆشەویستیی بۆ یاریەکەمان خۆمان فێردەکەین.”

 یاری تێنس یارییەکی جیهانییە و نوێ نییە، بەڵام لە بەشێکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەراست، تایبەت عێراق ئەم وەرزشە گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە. ساڵی 2022 بۆ یەکەمجار خولی پیشەگەرانی یاری تێنسی سەرزەوی لە عێراق بەرێوەچوو کە 12 یانە بەشداربوون یانەی جەیش پلەی یەکەم و یانەی هەولێر پلەی سێیەمیی بەدەستهێنا.