خولێکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بۆ ئافرەتان بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق لە هەولێر دەکرێتەوە

بارزان ئەکرەم – هەولێر

بۆ یەکەمجار لە مێژووی تۆپی پێی هەرێمی کوردستان و عێراق، خولێکی نێودەوڵەتی ناوبژیوانی بۆ خانمان لە هەولێر دەکرێتەوە.
بڕیارە رۆژی 22ـی ئەم مانگە بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بە هاوکاری لقی هەولێر، خولێکی ناوبژیوانی بۆ 31 خانمە ناوبژیوان کە هەموویان کوردن دەکرێتەوە و پێنج رۆژ وانەکانی بەردەوامدەبن.
ئەرسەلان قادر، بەرپرسی لیژنەی ناوبژیوانانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رۆژنامەوانی رایگەیاند “ئێمە شازنازی بەوە دەکەین کە سەرجەم بەشداربووانی خولەکە خانمانی کوردستانن، خولەکە لەسەر ئاستێکی بەرزە و وانەکانی بەشێوازی زارەکی و کردارەکی دەبن، هەموو یاسا و کارەکانی ناوبژیوانی تێدا لەسەر ئاستێکی بەرز رووندەکرێتەوە”.
خولەکە راستەوخۆ لەژێر چاودێری فیفایە و هەریەک لە عەلی تروفی سعودی و ئیسماعیل حافی ئوردنی، کە دوو وانەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتین وانەکان دەڵێنەوە.
بەشداربووانی ئەم خولە نێودەوڵەتییە بەر لە ساڵێک خولێکی ناوبژیوانیان لە شاری هەولێر بۆ کرایەوە و بوون بە خاوەن بڕوانامەی پلە سێ، لە دوای ئەم خولە نێودەوڵەتییەوە وەک ناوبژیوانی باوەڕپێکراو دەتوانن یارییەکانی خولی کوردستان و عێراق بەڕێوەببەن.
قادر زیاتر گوتی “ئەو خانمانە متمانەیەکی زۆرمان پێیانە، ماوەی ساڵێک کارییان لە یارییەکانی خولی کوردستان کردووە، ئێمە و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەمانەوێت هاوشێوەی وڵاتە پێشكەوتووەکان رۆڵی خانمان لە یارییەکاندا دەربخەین و پۆلێک ناوبژیوانی ئاستبەرز دروستبکەین”. فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی – لقی هەولێر، توانی گرەوەکە لە شارەکانی دیکەی عێراق بباتەوە و خولەکە بهێنێتە شاری هەولێر، کە ژمارەیەک شاری دیکە هەوڵی ئەنجامدان و کردنەوەی ئەو خولەیان لە شارەکەی خۆیان دابوو، بەڵام لە کۆتاییدا لێژنەی ناوبژیوانانی نێودەوڵەتی بۆ کردنەوە و پەرەپێدانی ئاستی ناوبژیوانان، شاری هەولێری هەڵبژارد، بە هۆی بوونی بنەماکانی ئاسایش و سەلامەتی و ژێرخانێکی باش بۆ کردنەوەی خولەکە و بوونی ژمارەیەکی زۆری ناوبژیوانی ئافرەت لە هەولێر.