ئه‌مشه‌و لیڤه‌رپوول شه‌ڕی گه‌یشتن به‌ چامپیۆنزلیگ ده‌كات

لیڤەرپوول لە یاریی لوتکەی گەڕی 36ـی پرێمەرلیگ لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی لێستەر سیتی دەبێتەوە، یانەی خاوەن یاریگا هیوایەکی کەمی بۆ مانەوە لە خولەکە ماوە و بە هەمان شێوەی رێدزیش هیوایەکی کەم بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەی کە بلیتێکی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگە ماوە.

لیڤەرپوول هەرچەندە ئەم وەرزە نەیتوانی رکابەر بێت لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی پرێمەرلیگ، بەڵام لەم یارییانەی کۆتایی خولەکە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی یەکێک بێت لە یانەکانی تۆپ فۆر، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت بلیتی وەرزی داهاتوو چامپیۆنزلیگ بەدەست بێنێت.

لەلایەکی دیکەوە لێستەر سیتی پاڵەوانی ساڵی 2016ـی پرێمەرلیگ ئەوانیش ئەم وەرزە بارودۆخیان زۆر خراپە و ئەو یانەیە یەکێکن لە یانە به‌ربژێره‌كان بۆ دابەزین بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی ئینگڵتەرا و ئەو یانەیە چانسێکی زۆر کەمی ماوە بۆ مانەوە.

یۆرگن کلۆپ راهێنه‌ری ئه‌ڵمانی یانه‌ی لیڤه‌رپوول یاریزانەکانی ئەم وەرزە زنجیرەیەک ئەنجامی لاوازیان تۆمار کرد، هەر ئەمەش وایکرد ئەو یانەیە لە ریزبەندی چوار یانەکەی پێشەوە دابەزێت، بەڵام ئەو یانەیە لە دوایین شەش یاریی هەر هەموو یارییەکانی بردووەتەوە هەندێک لە چوار پلەی پێشەوەی ریزبەندی خۆی نزیک کردەوە.

رێدز پێش ئەم یارییە بە کۆکردنەوەی 62 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی دێت، ئەوان بە یارییەک کەمتر و بە جیاوازی چوار خاڵ لە دوای مانچێستەر یونایتدی چوارەمی ریزبەندی دێن، لەدەستدانی هەر خاڵێک لەم یارییە، واتە دوور کەوتنەوە لە تاکە ئامانجی ئەم وەرزەیان کە بلیتی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگە.

بە ئاوڕدانەوە لە دوایین 10 رووبەڕووبونەوەی نێوان هەردوو یانە، ئامارەکان باس لە پێشەنگی لیڤەرپوول بەرامبەر لێستەر سیتی دەکەن، ئەمەش هاندەرانی یانەکەی دڵخۆش کردووە، چونکە لە دوایین 10 یاریی بەرامبەر ئەو یانەیە 7 یاریی براوە بونە و تەنها لە دوو یاریی دۆڕاون.

ئەم یارییە لە یاریگای کینگ پاوەر تایبەت بە لێستەر سیتی دەکرێت، لیڤەرپوول لە دوایین پێنج سەردانی بۆ ئەم یاریگایە، سێ یاریی بردووەتەوە و لە دوو یاریش دۆڕاوە، بەڵام رێدز لە دوایین دوو یاریی لە یاریگای بەرامبەر لە هەردوو یاریی دۆڕاوە.