زۆرترین هەواڵ بە کەمترین وشە

* جیرۆم رۆتن یاریزانی پێشووی پاریس سانجێرمان: ئێمه‌ لیۆنێل مێسیمان ناوێت، ئه‌و هیچ وه‌به‌رهێنان و داهێنانێكی بۆ پاریس نه‌كردووه‌، 18 گۆڵ و 16 ئاسیستی كردووه‌، ئه‌مه‌ش شتێكی باشه‌، به‌ڵام زیاتر به‌رامبه‌ر یانه‌ بچووكه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ یارییه‌ گه‌وره‌كان ون ده‌بێت، ئه‌و له‌ دۆخه‌ قورسه‌كاندا بچووكترین هاوكاری یانه‌كه‌ی نه‌كردووه‌.

* كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید: ڤینسیۆس له‌ ڕووی جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌وه‌ زیاتر گه‌شه‌ی كردووه‌ و به‌هێز بووه‌، كه‌متر تووشی پێكان ده‌بێت، ڤینی ده‌توانێت به‌ره‌نگاری ئه‌و هێرشانه‌ ببێته‌وه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه‌، له‌ ئێوه‌ ده‌پرسم هیچ یاریزانێكتان بینیوه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ڤینی ئازار بچێژێت؟ جگه‌ له‌و توندوتیژییه‌ی له‌ نێو یاریگه‌ به‌رامبه‌ری ده‌كرێت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌یش ئه‌وه‌ی رووده‌دات له‌ باره‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی بۆ كۆمه‌ڵگا شتێكی زۆر خراپه‌، پێشتر هه‌مان شت به‌رامبه‌ر پێلێ و ماڕادۆناش كراوه‌. سرووشتی ڤینی وایه‌ كه‌ هه‌وڵی بڕینی یاریزانی به‌رامبه‌ر ده‌دات، شتێكی دادپه‌روه‌رانه‌ نییه‌ تووشی ئه‌م ئازار و سه‌ختییه‌ بێته‌وه‌.

* ماڵپەری رێلێڤۆی ئیسپانیا، رۆژی چوار شەممەی رابردوو پشکنینی پزیشکی بۆ لوكا مۆدریچ کرا و دەرکەوت ئەو یاریزانە لە ماسولکەکانی رانی تووشی پێکان بووە و ماوەیەکی زۆر لە یاریگاکان دادەبڕێت، به‌مه‌ش بەهۆی ئەم پێکانەکەی نزیکەی دوو هەفتە لە یاریگاکان دادەبڕێت و بەشداری یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئۆساسۆنا ناکات، هەروەها ئەستەمە بۆ یاریی چوونی قۆناغی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئامادەبێت.

* خاڤێر تێباس سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی لالیگا: ئەگەر ئەمڕۆ لێم دەپرسن، له‌ باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی مێسی بۆ بارسێلۆنا، وەڵامی من ئەوەیە ئەستەمە ئەم کارە بکرێت، چونکە بۆ تۆمار کردنی گرێبەستێکی لەم شێوەیە، دەبێت سەرەتا بارسێلۆنا دەستبەرداری چەند یاریزانێکی بێت و لە هەمان کاتدا مووچەی یاریزانەکانیشی کەم بکاتەوە، هەرچەندە نابێت مووچەی خودی لیۆش لەبیر بکرێت ئەویش بۆ خۆی کێشەیەکی دیکەیە، چونكه‌ بارسێلۆنا هاوشێوەی یانەی پاریس سانجێرمان بارودۆخی دارایی باش نیە، بۆیە دەڵێم لەم ساتەدا گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسا زۆر قورسە.

* تۆماس توخێل راهێنه‌ری بایرن میونشن: ئوپامێکانۆ پێکان هەیە، بۆ ماوەی دوو هەفتە لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە، لە بەرامبەردا گۆرێتزکا لە ئەژنۆیدا پێکانی هەیە، بەڵام پێشبینی دەکەین بەم زووانە باشتر بێت. چوبو مۆتینگیش بەردەست نییە. له‌ قورسی دۆخه‌كه‌ تێده‌گه‌م، بۆیه‌ دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئەو یارییانەی لە پێشمان ماون بە سەرکەوتوانە دەربازیان بکەین.