شاخەوانی لە وەرزشەوە بۆ حەز و ئارەزووی ڕۆژانە

ماوەی دە ساڵ دەبێت خەڵكی هەرێمی كوردستان وەرزشی شاخەوانییان ناسیوە؛ ئێستا كەسانێك وەك حەز خولیا و ئارەزووی ڕۆژانەیان باسی دەكەن.

ئەنوەر قادر یەكێكە لەو كەسانەی خولیا و ئارەزوویەكی زۆری بۆ وەرزشی شاخەوانی هەیە؛ كۆمەڵەیەكی شاخەوانیی بە ناوی كۆمەڵەی شاخەوانیی كوردستان داناوە، لەم لێدوانەیدا بە “هەولێر”ی ڕاگەیاند: ئێستا‌ لە مانگی ڕەمەزانەدا شەوانە دوای بەربانگ یەك بۆ دوو كاتژمێر لەگەڵ هاوڕێكانم دەچمە چیای گۆیژە بۆ وەرزش؛ شاخەوانی بۆتە حەز و ئارەزوو لە ژیانمدا”.
وتیشی”دوای مانگی ڕەمەزان هەموو رۆژانێكی هەینی وەك كۆمەڵەی شاخەوانیی كوردستان بەیانی تا ئێوارەیەكی درەنگ گەشتی شاخەوانی دەكەین، بۆ سەرجەم ناوچە شاخاویەكانی كوردستان دەچم، بەسەر شاخدا سەر دەكە‌وین بۆ ماوەی شەش بۆ حەوت كاتژمێر بە پێ دەڕۆین، لەم گەشتانەدا هەرجارەی ناوچەیەكی شاخاوی هەڵدەبژێرین بە هاوكاری كەسانێك، كە بۆ خۆیان خەڵكی ئەو ناوچەیەن و شارەزاییەكی باشیان هەیە”.
ئەنوەر ئاماژەش بەوە دەكات لە گەشتەكاندا مەرجیان هەیە، هەموو كەسێك لەگەڵیان ناچێتە وەرزشی شاخەوانی؛ دەڵێ “جیاوازی لەنێوان ژن ‌و پیا‌و كوڕ‌ و كچدا نیە بۆ وەرزشەكە، بەڵام ئەو كەسەی دێت بۆ وەرزشی شاخەوانی دەبێت تواناییەكی جەستەییی باشی هەبێت و بتوانێت هەڵزنێ و، بەسەر شاخدا سەر بكەوێت ‌و، جاری یەكەمی نەبێت؛ پێشتر بۆ جارێكش بووبێت شاخڕەویی كردبێت، هەتا شاخەوانیەکە لە‌وانی دی تێك نەدا‌ و نەبێتە كێشە و بار بەسەر كەسانی دیكەوە كە بەشدارن”.
ئاماژەشی بەوە كرد وەرزشی شاخەوانی ئێستاکە تایبەتمەندیی وەرگرتووە؛ ئەو كەسانەی بەشدار دەبن رێنموونییان پێ دەدرێت لەسەر شێوازی خۆئامادەكردن و پێداویستیان بۆ شاخەوانی.
وتیشی”لە دەسپێكی وەرزشی شاخەوانیدا دە ساڵێك پێش ئێستا خەڵكی بەڵەد و ڕێنمایان بۆ ئەم وەرزشە نەبوو؛ تاڕادەیەكش كەسانێكی شارەزا لەو بوارانەدا نەبوو، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە جلوبەرگ و پێداوستی ‌و كەلوپەلی تایبەت بۆ ئەو وەرزشە هەیە، كەسانێكش ساڵانە وەك ڕاهێنەری وەرزشی شاخەوانی خول دەكەنەوە‌ و رێنمایی دەدەن بەو كەسانەی حەز و خولیای وەرزشی شاخەوانییان هەیە، بەشدار ئەو خولانە دەبن بە خۆشحاڵیەوە