وەتسئەپ درۆیەکی گەورەی رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات

هێشتا لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی ساختەکاری لە مووچە لەنێو یانەی یوڤێنتوس بەردەوامن، کە تێیدا ناوی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی ئێستای یانەی نەسڕی سعودیشی تێدایە.

داواکاری گشتیی تۆرینۆ، پێداچوونەوەیەکی بە شێوازە داراییەکانی یوڤێنتوس لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کردووە، دوای ئەوەی یانەکە تۆمەتبارکرا بە زەبەلاحکردنی بەهای گواستنەوەی یاریزانان و ساختەکردن لە قازانجە داراییەکان و خەرجکردنی مووچەی یاریزانەکان بە نهێنی.

بەر لە چەند رۆژێک میدیاکانی ئیتاڵیا باسیان لەوە کرد کە تیمی پارێزەرانی کریستیانۆ  رەتیکردووەتەوە کە دۆن رێککەوتنی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی یوڤێنتوس واژۆ کردبێت.

ئاماژە بەوەش دەکەن کە بەم دواییانەدا هەندێک بەڵگەنامەی نهێنی دەرکەوتوون و رۆژی سێشەممەی رابردوو پێشکەشی داواکاری گشتی کراون، لەنێویاندا گفتوگۆیەکی نێوان ئەندام و بەڕێوەبەرانی کارگێڕیی یوڤینتوس هەیە، دەریدەخات کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبارەی ئەو بابەتەوە درۆی کردووە.

وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، سیزار گاپاچیۆ، سەرۆکی بەشی یاسایی یانەی خانمە پیرەکە، لە رێگەی گفتوگۆیەکەوە لە گرووپی بەڕێوەبرانی یانەکە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی وەتسئەپ بۆ هاوکارانی نووسیوە “یەکەم کەس کە ئامادەیە گرێبەست لەگەڵ یوڤێنتوس بکات، کریستیانۆیە”.

لە کاتێکدا مۆرگانتی، سکرتێری یانەکە، دوای 3 رۆژ لە نامەکەی گاپاسیۆ، نووسیویەتی “لەسەر دووەم پلانی دەستکاریی مووچە، رۆناڵدۆ واژۆی لەسەرکرد و کۆپییەکی سەرجەم بەڵگەنامەکانی لەبەردەستدایە”. فێدریکۆ چێرۆبینی، بەڕێوەبەری وەرزشی، وەڵامی داوەتەوە و نووسیویەتی “باشە”.

بە گوێرەی ئەوە سەرچاوانە، رۆناڵدۆ چاوەڕێی وەرگرتنی 19 ملیۆن یۆرۆ لە یوڤێنتوس دەکات، کە دەبێت بۆ ماوەی 4 مانگ مووچە وەرنەگرێت، ئینجا دواتر وەریبگرێت، کە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا لەنێوان خۆی و یوڤێنتوسدا رێککەوتنی لەسەر کراوە.