گه‌ڕێكی به‌هێز له‌ خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ گه‌ڕی هه‌ژده‌یه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یارییه‌كان كاتژمێر(2:30)ـی ئێواره‌ ئه‌نجامده‌درێن، چه‌ند یارییه‌كی به‌هێز له‌م گه‌ڕه‌ به‌ڕێوه‌یه‌، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پێناوی پارێزگاریكردن له‌ پێشه‌نگ رووبه‌ڕووی برایه‌تی ده‌بێته‌وه‌، سیروانی نوێش ده‌یه‌وێت درێژه‌ به‌سه‌ركه‌وتنه‌كانی بدات، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

برایه‌تی ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ باری لاسه‌نگی خۆی راستبكاته‌وه‌

یانه‌ی برایه‌تی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، تیپه‌كه‌ی هێور مسته‌فا 3 یارییه‌ نه‌یبردووه‌ته‌وه‌، دۆخی باش نییه‌، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ببه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌م دۆخه‌ رزگاربكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ كۆمه‌ڵێ یاریزانیان گواسته‌وه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كانیان خراپتربوو، ئێسته‌ له‌ كۆی 16 گه‌ڕی رابردوو 20 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی یازده‌یم دێن.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، به‌ راهێنه‌رایه‌تی سه‌میر بابۆ، دوای چه‌ند ئه‌نجامێكی خراپ، گه‌ڕی رابردوو یارییه‌كه‌یان به‌ دوو تۆپی جێگیر له‌ زاخۆ برده‌وه‌، به‌مه‌ش پێشه‌نگی خوله‌كه‌یان له‌ ئارارات وه‌رگرته‌وه‌، چونكه‌ ئارارات له‌گه‌ڵ ئاكرێ یارییه‌كه‌یان به‌هۆی خراپی كه‌شوهه‌وا دواخرا، بۆیه‌ له‌ دوایین ریزبه‌ند كه‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان پشتی پیده‌به‌ستێ، پێشمه‌رگه‌ هاته‌ پێشه‌نگ و ئارارات بۆ پله‌ی دووه‌م دابه‌زی.

 پێشمه‌رگه‌ چه‌ند یاریزانێكی دیاری له‌م وه‌رزه‌ گواستوه‌ته‌وه‌، وه‌ك دیار عه‌لی، گه‌یلان لوقمان، سه‌لام ئه‌حمه‌د، هیدایه‌ت له‌تیف، ئه‌مانه‌ كارته‌ به‌هێزه‌كانی سه‌میری راهێنه‌رن، له‌ كۆی 16 گه‌ڕی رابردوو 7 بردنه‌وه‌ و 6 یه‌كسانیان هه‌یه‌ و خاوه‌نی 27 خاڵن پێشه‌نگی ریزبه‌ندی گرتووه‌.

چوارقوڕنه‌ به‌ دوای ساڕێژی دۆڕانه‌كه‌ی گه‌ڕی رابردووی ده‌گه‌ڕێت

چوارقوڕنه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ ده‌كات، چوارقوڕنه‌ گه‌ڕی رابردوو له‌سه‌رده‌ستی چه‌مچه‌ماڵ تووشی دۆڕان هات، ئه‌مڕۆ ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ شه‌قڵاوه‌ نێوانی خۆی له‌گه‌ڵ هانده‌رانی ئاشت بكاته‌وه‌، چوارقوڕنه‌ به‌ ئاسانی خاڵ له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ده‌ستنادات، شه‌قڵاوه‌ش به‌هۆی كێشه‌ی داراییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت. چواقوڕنه‌ له‌ كۆی 16 گه‌ڕ 23 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی چواره‌م دێت، سه‌فین ئه‌مین خاڵی به‌هێزی هێرشه‌كانی ئه‌م تیپه‌یه‌ و گۆڵكاری یانه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری بیتوێنه‌.

شه‌قڵاوه‌ ئاستی مامناوه‌نده‌، سه‌ره‌تا به‌ خراپی ده‌ركه‌وتن، به‌ڵام دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی سروود غازی ئه‌نجامی باشیان تۆماركرد، گه‌ڕی رابردوو چاوه‌ڕوانبوونه‌، به‌ڵام نه‌بوونی مووچه‌ به‌رۆكی تیپه‌كه‌ی گرتووه‌، به‌ ئاسانی بۆیان دابین ناكریت، 21 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی هه‌شته‌م دێن.

سیروانی نوێ و هه‌ندرێن رووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه‌

سیروانی نوێ له‌ سلێمانی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی هه‌ندرێنی نوێنه‌ری هه‌ولێرییه‌كان بۆ ئه‌م یارییه‌ ده‌كات، سیروانی نوێ به‌ راهێنه‌رایه‌تی رزگار عه‌لی هه‌ڵگری نازناوی وه‌رزی رابردووی خوله‌كه‌ن‌، قۆناغی یه‌كه‌می به‌ خراپی تێپه‌ڕكرد، به‌ڵام له‌ قۆناغی دووه‌م له‌ یه‌كه‌م یاریی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌ 3 گۆڵ له‌ دهۆكی برده‌وه‌، به‌مه‌ش زه‌نگی هه‌ڵسانه‌وه‌ و به‌هێزی خۆی بۆ سه‌رجه‌م تیپه‌كان لێدا، ئه‌مڕۆش میوانداریی هه‌ندرێنی خاوه‌ن پله‌ی دووه‌می وه‌رزی رابردوو ده‌كات، له‌ كۆی 16 گه‌ڕ 19 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دوازده‌یه‌م دێت. 

هه‌ندرێن گه‌ڕی رابردوو نه‌یتوانی له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ شێروانه‌ بباته‌وه‌، كێشه‌ی گه‌وره‌ی تیپه‌كه‌ی دڵشاد مه‌عروف له‌ هێڵی هێرشبه‌ره‌، ناتوانن به‌ ئاسانی گۆڵ تۆماربكه‌ن و ده‌رفه‌تی زۆر له‌ده‌ستده‌ده‌ن، هه‌ندرێن له‌ كۆی 16 گه‌ڕی رابردوو ته‌نها 25 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێیه‌م دێت، ده‌رفه‌تی گه‌یشتن به‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی له‌به‌رده‌مه‌.

ئاكرێ و چه‌مه‌چه‌ماڵ له‌ یارییه‌كی هاوسه‌نگدا به‌یه‌كده‌گه‌ن

ئاكرێ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات، ئاكرێ به‌ راهێنه‌رایه‌تی مه‌حموود مه‌جید ئاستێكی باش له‌ خوله‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌ند یاریی گه‌ڕی رابردوویان له‌گه‌ڵ ئارارات به‌هۆی خراپی كه‌شوهه‌وا ته‌واو نه‌كرا و دواخرا، به‌ڵام تا ئێسته‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 22 خاڵ له‌ خانه‌ی حه‌وته‌م دێت، ئاكرێ گرفتی له‌ هێڵی به‌رگری هه‌یه‌ 16 گۆڵی لێ تۆماركراوه‌، ئه‌مڕۆ به‌ پاڵپشتی یاریگه‌كه‌ی و هانده‌رانی هه‌وڵی بردنه‌وه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ ده‌ده‌ن.

چه‌مچه‌ماڵ، دوای كۆمه‌ڵێ یه‌كسان و شكستی یه‌ك به‌دوای یه‌ك، گه‌ڕی رابردوو له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ چوارقوڕنه‌ی به‌هێزی برده‌وه.