ئاسۆ رۆسته‌م و شێركۆ كه‌ریم خولی كوێتیان جێهێشت 

ئاسۆ رۆسته‌م ئه‌ستێره‌ی كورد گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی سالمیه‌ی كوێتی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و چه‌ندان ئۆفه‌ری له‌ وڵاتانی میسر، سعوودیه‌ و یانه‌ گه‌وره‌كانی عێراق پێگه‌یشتووه‌، هه‌فته‌یه‌ك پێشتر شێركۆ كه‌ریمیش ریزه‌كانی یانه‌ی كوێتی كوێتی جێهێشت و گرێبه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئێسته‌ش یانه‌ی هه‌ولێر چاودێری دۆخی ئه‌م دوو یاریزانه‌ ده‌كات و ده‌یه‌وێت بۆ ریزه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر بیانگوازێته‌وه‌.

ئاسۆ رۆسته‌م له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر رایگه‌یاند به‌هۆی كێشه‌ی دارایی و وه‌رنه‌گرتنی شایسته‌داراییه‌كانی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌ی سالمیه‌ی كوێتی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، به‌ڵام شێركۆ به‌هۆی به‌شداریكردنی ئه‌و یاریزانه‌ له‌ جامی كه‌نداو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق، گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌لایه‌نی كارگێڕی یانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندیان نه‌داوه‌ تا شێركۆ به‌شداری جامی كه‌نداوی به‌سڕه‌ بكات، به‌ڵام یاریزانی ناوبراو گوێی به‌ قسه‌كانی ئه‌وان نه‌داوه‌ و یاریی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق كردووه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ ئاسۆ رۆسته‌م كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق جامی كه‌نداوی برده‌وه‌، ده‌ڵێت: كارگێری یانه‌ی سالمیه‌ی كوێتی زۆر هه‌وڵی دا رازیم بكات بۆ ئه‌وه‌ی بمێنمه‌وه‌، به‌ڵام من بڕیاری خۆمداوه‌ و گرێبه‌سته‌كه‌م هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌ و بۆیه‌ بۆ سلێمانی گه‌ڕامه‌وه‌.

ئاسۆ رۆسته‌م كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ كۆی 15 یاری 11 گۆڵی بۆ یانه‌ی سالمیه‌ی كوێتی كردووه‌، چه‌ندان یانه‌ی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌ رێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئۆفه‌ریان پێشكه‌ش كردووه‌، تا بچێته‌ ریزه‌كانیان، دیارترینیان‌ دوو یانه‌ی خولی نایابی سعوودیه‌ و یانه‌یه‌كی میسری په‌یوه‌ندیان پێوه‌كردووه‌، ئێسته‌ش چه‌ند یانه‌یه‌كی خولی عێراقی له‌سه‌رهێڵن تا بچێته‌‌ ریزه‌كانیان، له‌وانه‌ یانه‌كانی زه‌ورا، جه‌وییه‌ و هه‌ولێر ئۆفه‌ریان پێشكه‌ش كردووه‌.

ئه‌و دوو یاریزانه‌ی دیاره‌ی كوردستان و عێراق، بڕیاریانداوه‌ له‌ رۆژانی داهاتوو بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن و ئه‌زموونێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌كی نوێ تاقی بكه‌نه‌وه‌.

ئاسۆ رۆسته‌م پێشتر یاریی بۆ یانه‌كانی، سلێمانی، دهۆك و هه‌ولێر كردووه‌، له‌ وه‌رزی 2021 ـ 2022 له‌ خولی نایابی عێراق به‌ درێسی یانه‌ی نه‌ورۆز 18 گۆڵی تۆمار كرد و بووه‌ یه‌كه‌مین یاریزان نێوخۆی عێراق له‌و ساڵه‌دا 18 گۆڵ بكات.

شێركۆ له ‌ریزی یانه‌كانی شوڕته‌، هه‌ولێر هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی عێراق و ئۆڵمپی عێراق یاریی كردووه‌، ئه‌زموونی یاریكردنی له‌ خوله‌كانی ئه‌ورووپاش هه‌یه‌ و له‌ خولی سویسراش یاریی كردووه‌.