قۆناغی دووه‌می خولی نایابی كوردستان ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ گه‌ڕی شازده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌ چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كان كاتژمێر(2:30)ی ئێواره‌ ئه‌نجام ده‌درێن، یانه‌كان دوای وه‌ستان بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی سێ هه‌فته،‌ جارێكی تر رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، به‌شێك له‌ یانه‌كان گۆڕانكاریی گه‌وره‌یان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ كردووه‌، هه‌ندێكیان ئامانجیان بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌یه،‌ به‌شێكیشیان مانه‌وه‌ له‌ خولی نایابی كوردستان به‌ ده‌ستكه‌وت ده‌زانن، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌نوكه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دوایین زایناری ده‌خاته‌ڕوو.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌یه‌كی زه‌حمه‌ت رووبه‌ڕووی ئاكرێ ده‌بێته‌وه‌

ئاكرێ له‌ یاریگه‌ی خۆیدا، میوانداری یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، ئاكرێ به‌ راهێنه‌رایه‌تی مه‌حموود مه‌جید، گۆڕانكاریی زۆریان له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ كردووه‌، نزكه‌ی 7 یاریزان ریزه‌كانی ئاكرێیان جێهێشت، پشت به‌ یاریزانی لاوی ناوچه‌كه‌ی خۆیان ده‌به‌ستن تا بۆ داهاتوو ئاماده ‌بكرێن، ئاكرێ ئامانجی سه‌ره‌كیی، ته‌نیا مانه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌، ئێسته‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 19 خاڵ له‌ خانه‌ی حه‌وته‌م دێن.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به‌ربژێری هه‌میشه‌ییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ ببه‌نه‌وه‌، به‌ راهێنه‌رایه‌تیی سه‌میر بابۆ، گۆڕانكاری ئه‌وتۆیان له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ نه‌كردووه‌، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش پشت به‌ تواناكانی گه‌یلان لوقمان، دیار عه‌لی، عه‌بدوڵلا سه‌ربه‌ست، رێكار هاشم و سیف جه‌میلی گۆلپارێز ده‌به‌ستن، خاوه‌نی 24 خاڵن و شه‌ڕی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ میوانداریی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات

یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆیدا، میوانداری یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات، شه‌قلاوه‌ له‌ كاتی وه‌ستانی خول پێچه‌وانه‌ی تیپه‌كانی دیكه‌ تووشی كێشه‌ی گه‌وره‌ هات، كاتێك سروود غازی داوای چه‌ند یاریزانێكی كرد، به‌ڵام كارگێڕیی یانه‌كه‌ بۆی جێبه‌جێ نه‌كرد، به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی له‌ توانایاندا نییه له‌ رووی داراییه‌وه‌ یاریزان زیاد بكه‌ن، سروودی راهینه‌ریش وازهێنانی له‌ ئه‌ركی یانه‌كه‌ راگه‌یاند، شه‌قڵاوه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م، ئاستیكی باشی پێشكه‌ش كرد، ته‌نیا مانه‌وه‌ی له‌ خوله‌كه‌ ده‌وێت، خاوه‌نی 19 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی نۆیه‌م دێت.

هه‌رچی یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵیشه‌، خراپترین ئاستی خۆی له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو له‌ خولی نایابی كوردستان پێشكه‌ش ده‌كات، گرفتی دارایی به‌رۆكی یانه‌كه‌ی گرتووه‌، هه‌موو وه‌رزێك به‌ قه‌رز تیپه‌كه‌ پێك ده‌هێنن، دره‌نگ ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌ دۆخێكی خراپدان، ئه‌وه‌تا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 13 خاڵ له‌ كۆتایی ریزبه‌ندی خولی نایابی كوردستان دێن و هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌قینه‌ی دابه‌زینیان له‌سه‌ره‌، ئه‌گه‌ر  بۆ قۆناغی دووه‌م فریای خۆیان نه‌كه‌ون‌، ئه‌وا ماڵئاوایی له‌ ریزی یانه‌ نایابه‌كان ده‌كه‌ن.

شێروانه‌ گه‌ره‌كیه‌تی برینه‌كانی دهۆك قووڵتر بكاته‌وه‌

یانه‌ی شێروانه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ كه‌لار، میوانداریی یانه‌ی دهۆك ده‌كات، شێروانه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م دوای دۆڕانی به‌ دهۆك، به‌خێرایی هه‌ڵسایه‌وه‌ ئه‌نجامی گه‌وره‌ و باشی تۆمار كرد، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كیش سه‌روو ریزبه‌ندی گرتبوو، به‌ڵام دواتر به‌هۆی نه‌بوونی یه‌ده‌گی باش نه‌یتوانی شوێنی یاریزانه‌ پێكراوه‌كان و راگیراوه‌كان به‌هۆی كارتی ره‌نگاوڕه‌نگه‌وه‌ پڕ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ئاستی تا رادده‌یه‌ك دابه‌زی و خۆی له‌ ناوه‌ڕاستی خوله‌كه‌ بینیه‌وه‌، شێروانه‌ خاوه‌نی 19 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت، بۆ ئه‌م قۆناغه‌ش هه‌ڤاڵ حه‌مه‌دی یاریزانی دیاری پێشووی یانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و ده‌ربه‌ندیخانیان گواستووه‌ته‌وه‌ ریزه‌كانی.

یانه‌ی دهۆك، یه‌كێك له‌و یانانه‌یه‌ كێشه‌ی دارایی به‌رۆكی ئه‌م تیپه‌ به‌رنادات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تیپی یه‌كه‌می به‌شداره‌ له‌ خولی نایابی عێراقی، كه‌متر ده‌توانن گرنگی به‌و تیپه‌ بده‌ن و یاریزانی گه‌وره‌ی بۆ بگوازنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی پاره‌وه‌ ئه‌و كاره‌یان بۆ ناكرێت، تا به‌ هاوسه‌نگی گرنگی به‌هه‌ردوو تیپه‌كه‌ بده‌ن، پشت به‌ یاریزانی لاوی شاره‌كه‌ی خۆیان ده‌به‌ستن، زه‌ید مه‌غدیدی به‌رگریكاری یانه‌ی هه‌ولێریان بۆ ئه‌م قۆناغه‌ گواسته‌وه‌، ئه‌وان هه‌وڵی مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رمان حوسێن ده‌یه‌وێت چه‌ند یاریزانێك بۆ داهاتووی دهۆك دروست بكات، خاوه‌نی 14 خاڵن و له‌ خانه‌ی چوارده‌م دێن، دهۆك خاوه‌نی یه‌كه‌م نازناوی خولی نایابی كودستانه‌.