بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە خولەکانی کوردستان و عێڕاق گه‌رمه‌ 

ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژە بەهۆی جامی كه‌نداو خولەکانی نایاب و پلە یەکی عێڕاق وەستاون، لە هەمان کاتدا بەهۆی تەواو بوونی قۆناغی یەکەم، خوله‌كانی نایاب و پله‌یه‌كی کوردستان وه‌ستاون، لە ئێستەدا ده‌رگه‌ی گواستنەوەی یاریزانان کراوەته‌وه‌ و یانەکان دەستیان کردووە بە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی تیپەکانیان، گۆڕانکاریش لە هێنانی یاریزانان لە یانەیەکەوە بۆ یانەیەکی تر جیاوازە و بەشێک لە یانەکان یاریزانی زیاتریان گواستۆتەوە لە یانەکانی تر، ڕۆژنامەی هەولێر بەشێک لە گواستنەوەی یاریزانان دەخاتە ڕوو.

زاخۆ زۆرترین گۆڕانکاری کردووە

یانەکانی هەولێر و دهۆک و زاخۆ و نەورۆز کە بەشدارن لە خولی نایابی عێڕاق دوای وەستانی خولەکە سەرقالی ئامادەکارین بۆ یارییەکانی داهاتوو، بەشێک لە یانەکان بە کردنەوەی مەشق و ڕاهێنانی چڕوپڕ ئامادەکاری دەکەن، بەشێکی تریشیان لەناو شارەکانی خۆیان لە مەشقەکان بەردەوامن، یانەی هەولێر وەک ئامادەکاری کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی لە وڵاتی تورکیا ئەنجامداوە و چەند یارییەکی دۆستانەیشی لەو وڵاتە کردووە، بڕیاریش وایە چەند یارییەکی تر لەمیانی ئامادەکاری تیپەکە لەو وڵاتە ئەنجام بدات، لەیانەی هەولێڕ هەریەک لە یاریزانان مازن فەیاز و کۆسرەت بایز و دانا عوسمان چەند یاریزانێکی تر لەڕیزی تیپەکە نەماون، بۆ بەهێزکردنی پێکاهەتەکەیش یانەکە چەند گۆڕانکارییەکی کردووە، یاریزانی پیشەگەری ئوردنی زەید جەمال پەیوەندی بە ڕیزەکانی یانەکە کردووە، چاوەڕوانیش دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوو یانەکە کۆمەڵێک گۆڕانکاری تر بکات.

 یانەی نەورۆزیش بە هێنانی چەند یاریزانێک گۆڕانکاری لە تیپەکە کردووە، هەریەک لە یاریزانان حوسێن عەبدولواحید یاریزانی پێشووی یانەی نەوتی بەسرە و کۆسرەت بایز یاریزانی پێشووی یانەی هەولێری هێناوەتە ڕیزەکانی، نەورۆز کەمپێکی مەشق و ڕاهێنانی لە شاری سلێمانی کردۆتەوە و سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ یارییەکانی داهاتوو.

یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ دوایین گرێبه‌ستی دا، گواستنه‌وه‌ی حه‌سان مه‌حسری به‌رگریكاری پێشووی یانه‌ی نه‌فتی وه‌سه‌تی راگه‌یاند، پێشبینی ده‌كرێت كارگێری سوورپۆشه‌كانی سلێمانی سووپرایزی زیاتریمان بۆ هانده‌رانیان هه‌بێت و یاریزانی دیكه‌ش بگوازنه‌وه‌.

یانەکانی دەڤەری بادینانیش زاخۆ و دهۆک کۆمەڵێک زنجیره‌یه‌ك گۆڕانکارییان له‌ پێكهاته‌كانیان کردووە، یانەی دهۆک هەریەک لە گۆڵپارێز عیماد عیسا گۆڵپارێزی پێشووی یانەی زاخۆ، ئەموری عێدان یاریزانی پێشووی یانەی کارەبا و عەباس ماجدی یاریزانی پێشووی نەفتی بەسرا حوسێن نەجمی یاریزانی پێشووی یانەی حدودی گواستۆتەوە.

یانەی زاخۆیش گۆڕانکاری ئەنجامداوە، گۆڵپارێز لەیس مەعین گۆڵپارێزی پێشووی کەرخ و نەوتی وەسەت هاتۆتە ڕیزەکانی زاخۆ، جگە لە یاریزان عەلی موحسین، سێ پیشەگەریش پەیوەندیان بە زاخۆوە کردووە کە بریتین لە بوبەکر جبریلی نێجیری، ئارماندا یاریزانی کۆتدیڤواری، عومەر مەنسوری یاریزانی مەغریبی.

یانه‌ی زاخۆ له‌ دوایین گرێبه‌ستی دا، یاریزان حه‌یده‌ر ئه‌حمه‌د به‌رگریكاری لای راستی پێشووی یانه‌كانی زه‌ورا و نه‌فتی وه‌سه‌تی گواسته‌وه‌.

یانەکانی کوردستانیش گۆڕانکاری دەکەن

دوای وەستانی هەردوو خولی پلە یەک و نایابی کوردستان لە ئێستەدا یانەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ قۆناغی دووەم و هەندێک لە یاریزانان لەماوەی ڕابردوودا مافی دەسبەرداربوونیان لە یانەکان وەرگرتووە و پەیوەندییان بە یانەکانی ترەوە کردووە، چاوەڕی دەکرێت بەر لە دەسپێکردنەوەی قۆناغی دووەمی خولی پلەیەک و نایابی کوردستانیش کۆمەڵێک گرێبەستی گەورە واژوو بکرێن و چەند یاریزانێکی پیشەگەر بێنە خولەکانی کوردستان.

یانەی سیروانی نوێی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی خولی نایابی كوردستان ئه‌م وه‌رزه‌ به‌خراپترین دۆخ تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ جۆرێك ته‌نانه‌ت تا دێت له‌ ناوچه‌ی سووری دابه‌زین بۆ خولی پله‌یه‌ك نزیك ده‌بێته‌وه‌.

سیروانی نوێ هاوشانی ئاکرێ تا ئێستە زۆرترین گۆڕانکارییان کردووە، یانەی ئاکرێ پێنج یاریزانی لە ڕیزەکانی نەماون، کە بریتین لە سەفین عەبدولخالق، ئورهان نەجات، حەکیم فەرەج، بەرهەم یوسف، فەرهاد سەبری.

له‌ به‌رامبه‌ردا یانەی سیروانی نوێیش هەریەک لە یاریزانان دیلمان ڕۆکان لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر و بەرهەم یوسف لە یانەی ئاکرێ بۆ ڕیزەکانی گواستۆتەوە، هەروەها هێمن ڕزگار و حوسێن ئیبراهیم دوو گرێبەستی تری تیپەکەی ڕزگار عەلی راهێنه‌ری سیروانی نوێن.

 یاریزانی پێشووی پێشمەرگەی سلێمانی هەڤاڵ مەحەمەد پەیوەندی کرد بە یانەی شێروانە، یاریزانی پێشووی یانەی ئارارات فەرهەنگ وریا لە یانەکە نەماوە و چاوەڕێ دەکرێ لە چەند ڕۆژی داهاتوو پەیوەندی بەیەکێک لە یانەکانی ترەوە بکات، یاریزان هاوڕێ ئەنوەر مافی دەسبەرداربوونی لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر وەرگرت و پەیوەندی بەیانەی دەربەندیخانەوە کرد، یاریزانی بەڕەگەز نێجیری ڕەحیم ئۆلابی پەیوەندی بە یانەی پێشمەرگەی هەولێرەوە نەماوە، دوای ساڵانێکی زۆر یاریزانی هەردی مەحەمەد پەیوەندی بەیانەی دەربەندیخانەوە نەما، بۆ یارییەکانی خولی پلەیەکی کوردستان پەیوەندی کرد بە یانەی ڕزگارییەوە، یاریزان یوسف وریا لە یانەی برایەتیەوە بۆ یانەی پیشەسازی لە خولی پلەیەکی کوردستان گواسترایه‌وه‌.

 یاریزانی پێشووی یانەکانی زاخۆ و برایەتی و نەورۆز عومەر بیبۆ پەیوەندی کرد بە یانەی قەڵادزێ، یانەی شەقڵاوە یەکێکە لەو یانانەی زۆرترین یاریزان لە تیپەکەی نەماون کە ئەمانەن، ئامانج ئەکرەم، محه‌مه‌د هاوار، شاڵاو فاخیر، سوهراب ئێرانی، ئاشتی ئیدریس، وڵات عومەر و ئوسامە جاسم. پێشبینی ده‌كرێت شه‌قڵاوه‌ له‌ چه‌ند كاتژمێره‌كانی داهاتوو چه‌ند یاریزانێكی نوێ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی ئه‌و یاریزانانه‌ بگوازێته‌وه‌.

یاریزان سەفەر سلێمان لە یانەی قەڵادزێوە روویكرده‌ کرده‌ یانەی ئارارات، یاریزان هێمن عەلی لە یانەی ڕەواندزەوە پەیوەندی کرد بە یانەی پیشەسازی، عەبدوڵڵا غەزبان لە سەیدسادقەوە بۆ چەمچەماڵ گواسترایه‌وه‌، فەرهاد سەبری یانه‌ی ئاكرێی جێهێشت و په‌یوه‌ندی به‌ برایەتی كرد.

چاوەڕی دەکرێت پێش ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو خوله‌كانی كوردستان و عێراق ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌ یانه‌كان گۆڕانكاری زیاتر له‌ پێكهاته‌كانیان بۆ خوله‌كانی كوردستان و عێراق بكه‌ن.