زیدان ده‌بێته‌ راهێنه‌ری كام هه‌ڵبژارده‌؟

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

بریكاری رۆیس ده‌رگه به‌ ڕووی یانه‌ی نه‌سڕی سعوودیدا ده‌كاته‌وه‌

بریكاری ماركۆ ڕۆیس، كاپتنی یانه‌ی بوڕوسیا دۆرتمۆند، له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری رۆییشتنی ئه‌و یاریزانه‌ بۆ نه‌سڕی سعوودی، ڕوونكردنه‌وه‌ی دا.

ئه‌م وه‌رزه‌ كۆتایی به‌ بۆندی رۆیس دێ له‌گه‌ڵ یانه‌ی بوڕوسیا دۆرتمۆندی ئه‌ڵمانی، ڕاپۆرتی مێدیاكانیش باسیان له‌وه‌ كردووه‌، كه‌ یانه‌ی نه‌سڕ، ئاره‌زووی له‌وه‌یه‌ بۆند له‌گه‌ڵ رۆیس تۆمار بكا، دوای سه‌ركه‌وتنی له‌ بۆنده‌ مێژوییه‌كه‌ی ده‌ستخستنی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ.

دێرك هێبه‌، بریكاری رۆیس ده‌ڵێ: ئاساییه‌ كه‌ له‌ یانه‌ی دیكه‌وه‌ بایه‌خ به‌ یاریزانی وه‌كوو ماركۆ رۆیس بدرێ، به‌ تایبه‌ت كه‌ 6 مانگی تر بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی ئێسته‌یدا كۆتایی دێ.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ رۆیس، ده‌رك به‌ گرنگیی یانه‌ی دۆرتمۆند بۆ ئه‌و ده‌كا، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ده‌یه‌وێ درێژه‌ به‌ یاریكردن بدا، به‌م هۆكاره‌وه‌ پێویسته‌ له‌ بژارده‌كانی تریش بڕوانێ، ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه‌. مووچه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌دا 12 ملیۆن یۆرۆیه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاره‌زووی له‌ نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌ی هه‌بێ، ده‌بێ به‌شێك له‌ مووچه‌كه‌ی بشكێندرێ، به‌ تایبه‌ت كه‌ ته‌مه‌نیشی هه‌ڵكشاوه‌.

زیدان ده‌بێته‌ راهێنه‌ری كام هه‌ڵبژارده‌؟

دوای ئه‌وه‌ی دیدیه‌ دیشان، بۆنده‌كه‌ی نوێ كرایه‌وه‌ و له‌ ئه‌رك و پۆستی راهێنه‌رایه‌تیی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا به‌رده‌وام ده‌بێ و زیدانیش هیوابڕ كرا، ئێسته‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێ زیدان ده‌بێته‌ راهێنه‌ری  هه‌ڵبژارده‌یه‌كی دیكه‌.

رۆژنامه‌ی لیكیپی فه‌ره‌نسی بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ زیدان، له‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا، ناوی وابه‌سته‌ی بوون به‌ ڕاهێنه‌ری یه‌كێك له‌ هه‌ڵبژارده‌كانی به‌ڕازیل، یان پورتوگال كرابوو، به‌م دواییه‌ش به‌ربژێری بوونه‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا بوو.

رۆژنامه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ به‌ربه‌ستی یه‌كه‌م بۆ زیدان له‌وه‌ی ببێته‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا، زمانه‌.

پێشتر چه‌ندان ڕاپۆرت باسیان له‌وه‌ كردبوو، كه‌ زیدان چه‌ند بۆندێكی خولی ئینگلیزیشی به‌هه‌مان هۆكاره‌وه‌ ڕه‌ت كردبووه‌وه‌.

رۆژنامه‌ی لیكیپ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ ئه‌مریكا له‌ مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ڕ به‌ تیپێكی لاوه‌وه‌ به‌شدارییان كردبوو، ئامانجی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌ مۆندیالی 2026ـدا ئاستێكی باشتر پێشكه‌ش بكه‌ن، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێ زیدان ببێته‌ سه‌رپه‌رشتیار و ڕابه‌ری ئه‌و پڕۆژه‌ تازه‌یه‌یان.

بۆ زانین و بیرهێنانه‌وه‌، تیپی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌مریكا له‌ مۆندیالی 2022 له‌ قۆناغی 16ـدا دوور خرایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی 1-3 گۆڵ به‌ هۆڵه‌ندا دۆڕا، له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانیش 1-0 له‌ ئێرانی برده‌وه‌ و 1-1 له‌گه‌ڵ وێڵز و 0-0 له‌گه‌ڵ ئینگلته‌را یه‌كسان بوو.

هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی زۆری چاودێران پێیان وابوو، دوای مۆندیال و نه‌مانی دیشان له‌ ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تیی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا، زینه‌دین زیدانی ئه‌ستێره‌ی پێشووی تیپه‌كه‌، ده‌بێته‌ راهێنه‌ر، به‌ڵام به‌ نوێكردنه‌وه‌ی بۆندی دیشان، ئه‌و هیوایه‌ی زیدان نه‌هاته‌ دی، بۆیه‌ ئێسته‌ ده‌بێ هه‌ڵبژارده‌، یان تیمێكی دیكه‌ بدۆزێته‌وه‌ تا ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تیی خۆی درێژه‌ پێ بدات.