خولی نایابی بالەی یانەکانی عێراق ئەم وەرزە بەشێوەیەکی جیاواز و بە سێ قۆناغ بەڕێوەچوو، ١٥ یانە کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکرا بوون، لە دوو قۆناغی یەکەم لە شارەکانی بەسرە و بەغدا یارییان کرد و ٨ یانە گەیشتنە قۆناغی سێیەمی خولەکە کە بڕیار وایە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە قۆناغی کۆتایی لە هەولێر بەڕێوەبچێت، یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی بە ئاستێکی بەرز دەردەکەون و چاویان لە ناسناوی خولەکەیە.
ماوەی خولەکە درێژ دەبێت
دەربارەی ئامادەکاری یانەی هەولێر و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی قۆناغی سێیەم خولەکە نەوزاد شێرزاد کاپتنی یانەی هەولێڕ قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: ئەم وەرزە ١٥ یانە بەشداری خولەکەیان کرد بوو، کۆمەڵەیەک کە یانەی هەولێر تێیدا بەشدار بوو لە ٨ یانە پێکهاتبوو، کۆمەڵەکەیە تر ٧ یانەی لە خۆ گرت بوو، کە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی نوێنەری کوردستان بوو لەو کۆمەڵەیە، کۆمەڵەی یەکەم کە ئێمە بەشداریمان تێدا کرد بوو قۆناغی یەکەم یارییەکان لەشاری بەسرە بەڕێوەچوو، دواتر یارییەکانی قۆناغی دووەم لەشاری بەغدا بەڕێوەچوون و بڕیاریش وایە قۆناغی سێیەم لەشاری هەولێر بەبەشداری ٨ یانە ئەنجام بدرێت، کۆمەڵەی دووەم کە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەشداریکرد بوو، قۆناغی یەکەم یارییەکان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، قۆناغی دووەم لە بەغدا بوو، ٤ یانە هاوشانی چوار یانەی کۆمەڵەکەی ئێمە سەرکەوتن بۆ قۆناغی سێیەم.
قۆناغی سێیەم لە هەولێر دەبێت
دوای تەواو بوونی ئەو دوو قۆناغە بڕیار وایە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە شاری هەولێر بەبەشداری یانەکانی غازی شیمال، هەولێر، شورتە، پێشمەرگەی سلێمانی، بەحری، جەیش، حەبانیە، مەسافی قۆناغی سێیەمی یارییەکان بەڕێوەبچن، لەو قۆناغەدا سەرجەم یانەکان بەیەکەوە یاری دەکەن، بەشێوەی دوو یاری جوت لە کۆی ئەو هەشت یانەیە چوار یانە دەگەنە قۆناغی پلەی ئۆف دواتر ئەو چوار یانەیە بەیەکەوە یاریدەکەن و کام یانە زۆرترین خاڵ بەدەست بهێنێت دەبێتە پاڵەوانی خولی نایابی بالەی عێڕاق، دەربارەی ئامادەکاری یانەی هەولێریش کاپتنی یانەکە گووتی: دوای گەڕانەوەمان لەشاری بەغدا ڕۆژانە بە چڕوپڕی مەشق و ڕاهێنانەکان ئەنجام دەدەین بە تەواوی بۆ قۆناغی سێیەم ئامادەین، ئامانجمان ئەوەیە لەم قۆناغەیشدا سەرکەوتووبین و بگەینە قۆناغی پلەی ئۆف.
بەر لە دەسپێکی قۆناغی سێیەم بڕیار وایە فیدراسیۆنی تۆپی بالەی عێڕاق کۆنگرەی هونەری ئەم قۆناغە لەشاری هەولێر ئەنجام بدات و دواتر تیروپشکی دوو قۆناغی داهاتووی یارییەکان ئەنجام دەدرێن دوای ئەنجامدانی ئەم قۆناغەیش شوێنی بەڕێوەچوونی قۆناغی داهاتوو ئاشکرا دەکرێت، یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی بە هێنانی چەندان یاریزانی پیشەگەر لە ناوەوە و دەرەوەی عێڕاق بە گڕوتینێکی زۆرەوە بۆ خولەکە ئامادەن و چاویان لەوەیە جامی پاڵەوانیەتیەکە بەدەسبهێنن.