هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ملیۆنان هاوڵاتی ئه‌رجه‌نتین پێشوازییان له‌ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌یان كرد

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای 36 ساڵ جارێکی دیکە به‌ نازناوی مۆندیال شاد بووه‌وه‌، ئه‌و خه‌ونه‌ش له‌ سه‌رده‌می لیۆنێل مێسی هاته‌ دی،  له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ بۆینس ئایرسی پایته‌ختی ئه‌رجه‌نتین پێشوازییه‌كی مێژووییان لێكرا.

ئەرجەنتین دوای پاڵەوانبوونی، دوو رۆژ دواتر قەتەریان جێهێشت و گەرانەوە بۆینس ئایرس، بەهۆی گەرانەوەی شاندی هەڵبژاردەکە کرایە پشووی فەرمی لەسەرتاسەری وڵات، دوای پاڵەوانبوونی ئەرجەنتین، هاندەرانی هەڵبژاردەکە تا ئێستاش لە سەرجەم شارە جیاوازەکانی وڵاتەکەیان ئاهەنگ دەگێڕن.

دوای دابەزینیان لە فرۆکە بە پاسێکی کراوە بەناو شاری بۆینس ئایرس سورانەوە لە لایەن هاندەرانەوە پێشوازیان لێکرا، مێسی دوای ماراداۆنا سه‌ركردایه‌تی ئه‌رجه‌نتینی کرد بۆ ئەوەی ئەستێرەیەکی دیکەی جیهانی بخەنە سەر درێسەکەیان.

لە یاری کۆتایی مۆندیال ئەرجەنتین بە سێ گۆڵ لەگەڵ فەرەنسا یەکسان بوون، بە لێدانەکانی یەکلا کەرەوە یارییەکەیان بردەوەو بوونە براوەی مۆندیال.

دوای ئەوەی ئه‌رجه‌نتین بووە پاڵەوانی مۆندیال، ئێستا ژیان به‌ جۆرێكی دیكه‌ له‌ ئه‌رجه‌نتین ده‌گوزه‌رێ، ئه‌رجه‌نتینیه‌كان مێسی وەک باوکی رۆحی سه‌یر دەکەن، ئیتر تەنیا مارادۆنا لای ئەرجەنتینیەکان ئەفسانە نییە، بۆ نەوەی تازە مێسی کاریگەرترین کەسایەتییە، لە هەر کوچەیەکی ئەم وڵاتە درێسی مێسی و ئاڵای ئه‌رجه‌نتین پۆشراوە، مێسی لای خاوەن پێداویستە تایبەتەکانیش ژمارە یەکە، تەنانەت خۆشەویستیەکان لەکاتی ژوانیان درێسی مێسی دەپۆشن.

رەنگە ئەم سەردەمە بۆ ئەرجەنتینیەکان ببێتە ساتێکی مێژووی لەبیر نەکراو، تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت دوای 36 ساڵ هەوادارانی مارادۆنا لە ئەرجەنتین تا ئەوپەرێ خۆشەویستی ئاشقی ئەفسانە کۆچکردووەکەن، تەنانەت بەشێکیان مارادۆنایان وەک ئایین ناساندبوو، دوای ئەوەی مێسی مۆندیالی بردەوە ئیتر لیۆ خەریکە لای ئەرجەنتینییەکان مارادۆناش تێدەپەڕێنێ. 

لە هەر کوچەیەکی بۆینس ئایرس لە شەقامە گشتییەکان، لە سوپەر مارکێت و بارەکان ئەوەی بەرچاوە و کەس نییە رقی لێی بێت درێسەکانی مێسی و ئاڵای ئەرجەنتینە.

لە مێژووی تۆپی پێ وڵاتی ئەرجەنتین چیرۆکێکی نوێ نوسرایەوە، ره‌نگه‌ ئەرجەنتینییەکان پێویستیان به‌ ٣٦ ساڵی دیکە بێت بۆ ئه‌وه‌ی مێسییەکی دیکە هه‌ڵبكه‌وێته‌وه‌ یاخود مێسی هەر یەکەو تا هه‌تایه‌ دووبارە نابێتەوە.

فیفا ریكۆرده‌كانی كۆتا رۆژه‌كانی مۆندیالی بڵاوكرده‌وه‌

فیفا ئاماره‌كانی مۆندیالی قه‌ته‌ڕی بڵاوكرده‌وه‌ و زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن گه‌شتیار له‌ سی رۆژی رابردوو بۆ بینینی یارییه‌كانی مۆندیال گه‌شتی قه‌ته‌ڕیان كردووه‌ و سێ ملیۆن و 400 هه‌زار هانده‌ریش بۆ بینینی یارییه‌كان رۆشتوونه‌ته‌ نێو یاریگه‌كان.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی فیفا سێ ملیۆن و 404 هه‌زار و 252 هانده‌ر بۆ بینینی یارییه‌كان چوونه‌ته‌ نێو هه‌ر هه‌شت یاریگه‌كه‌ی قه‌ته‌ڕ و له‌ رووی ئاماده‌بوونی هانده‌رانه‌وه‌ مۆندیالی 2022 دوای مۆندیالی ئه‌مریكای 1994 و به‌رازیلی 2014 سێیه‌م زۆرترین رێژه‌ی ئاماده‌بوونی هانده‌رانی هه‌بووه‌.

به‌پێی فیفا دوو ملیۆن و 457 هه‌زار هانده‌ر له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان ئاماده‌بوون و 411 هه‌زار و 609 هانده‌ریش له‌ قۆناخی شازده‌ و 245 هه‌زار و 221 هانده‌ر له‌ قۆناخی هه‌شت و 157 هه‌زار و 260 هانده‌ر له‌ یاریی پێشكۆتایی ئاماده‌ بوون.

یاریی كۆتایی مۆندیالیش كه‌ له‌ نێوان ئه‌رجه‌نتین و فه‌ڕه‌نسا بوو 88 هه‌زار هه‌زار هانده‌ر و 966 هانده‌ر له‌ یاریگه‌ی لۆسه‌یل ئاماده‌ی بینینی فایناڵ بوون.44  هه‌زار و 137 هانده‌ریش له‌ یاریی دیاریكردنی پله‌ی سێیه‌م و چواره‌م ئاماده‌ بوون.

فیفا رایگه‌یاندووه‌ رێژه‌ی ئاماده‌بوونی هانده‌ران له‌ ته‌واوی 64 یارییه‌كه‌ی مۆندیال سه‌دا 96 پۆینت سێ بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كان چه‌ند یارییه‌ك 100%ـی په‌یژه‌كانی یاریگه‌ پڕ له‌ هانده‌ر نه‌بوون.

هانده‌رانی سعوودییه‌ و هیند و ئه‌مریكا و مه‌كسیك و ئه‌رجه‌نتین زۆرترین ئاماده‌ییان له‌ وڵاتی قه‌ته‌ڕ هه‌بوو به‌تایبه‌تی به‌هۆی لادانی ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ ئاسایی بوو هه‌ر كه‌سێك به‌بێ بلیتیش گه‌شتی قه‌ته‌ڕ بكات.