فیفا رایگەیاند زیاتر لە سێ ملیۆن هاندەر لە یارییەکانی مۆندیال لە یاریگاکاندا بوون و تێکڕای ئامادەبوونیشیان لە یارییەکاندا لە سەدا 96 بووە.
یەکێتی تۆپی پێی جیهان لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویانکردەوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالی 2022 لە وڵاتی قەتەڕ سێ ملیۆن و چوار سەد و چوار هەزار و 252 هاندەر لە ناو یاریگاکان بینەری یارییەکان بوون.
فێدراسیۆنەکە ئاشكرایکردووە، مۆندیالی 2022 ناوی چووە مێژووەوە و بووە سێیەم مۆندیال لە رووی ئامدەبوونی هاندەران لە یاریگاکاندا، لە دوای هەریەکە لە مۆندیالەکانی 1994 لە ئەمریکا کە ڕێژەکەی زیاتر بووە لە سێ ملیۆن و 500 هەزار هاندەر و مۆندیالی 2014 لە بەرازیل کە سێ ملیۆن و 429 هەزار هاندەر ئامادەییان هەبووە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، لە قۆناغی کۆمەڵەکان دوو ملیۆن و 457 هەزار و 59 هاندەر لە یاریگاکاندا ئامادەبوونیان هەبووە و 411 هەزار لە قۆناغی 16 و 245 هەزار لە قۆناغی چارەکی کۆتایی و 157 هەزار لە قۆناغی پێش کۆتاییدا و 88 هەزار و 966 هاندەر لە یاری کۆتاییدا ئامادەییان هەبووە.
رونیشیکردوەتەوە، تێکڕای ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکانی مۆندیالی 2022دا لە سەدا 96 و پۆینت سێ بووە، هەرچەندە لە قۆناغی کۆمەڵەکان کەمێک رێژەی هاندەرانیش کەم بووە.
ئاشکراشیانکردووە، کۆی گشتی گەشتیاران کە چوونەتە قەتەڕ لە مۆندیالدا یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس بووە، کە زیاترینیان لە وڵاتەکانی سعودیە و هیندستان و ئەمریکا و بەریتانیا و مەکسیک بووە.
میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی رایگەیاند لەو کاتەوەی کە وڵاتەکەی مافی میواندارێتی جامی جیهانی بردووەتەوە، رووبەڕووی هەڵمەتێکی بێوێنە بوونەتەوە کە پێشتر هیچ وڵاتێکی میوانداری مۆندیال رووبەڕووی نەبووەتەوە.
تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە میانی کردنەوەی دووەم دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی شورای قەتەر گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە چالاکییەکانی جامی جیهانیی ٢٠٢٢ـی کرد کە لە ٢٠ـی تشرینی دووەم-١٨ی کانوونی یەکەم لە قەتەر بەڕێوەدەچێت و گوتی: “لەو کاتەوەی کە شەرەفی میواندارێتی جامی جیهانیمان بەدەستهێناوە، رووبەڕووی هەڵمەتێکی بێوێنە بووینەتەوە کە پێشتر هیچ وڵاتێکی میوانداری مۆندیال رووبەڕووی نەبووەتەوە”.
تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرەتا ئەو دۆخەیان بە نیازپاکی وەرگرتووە و تەنانەت بیریان لەوە کردووەتەوە کە هەندێک لەو رەخنانە ئەرێنی و بەسوودن و هاوکار دەبێت بۆ پەرەدان بەو بابەتانەی کە پێویستە.
میری قەتەر سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە بۆیان دەرکەوت کە هەڵمەتەکان بەردەوام و فراوان بوون و هەندێک بوختان و دووپێوەری لە خۆگرتووە و رایگەیاند توندی دۆخەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە وایکرد کەسانێکی زۆر لە هۆکارە راستەقینەکانی پشت ئەو هەڵمەتە بپرسنەوە.
ئال سانی گوتی: “جامی جیهانی نەک تەنها لە رووی هێزی ئابووری و دامەزراوەکانمان بەڵکو لە هەمان کاتدا دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناسنامەی شارستانییەتماندا بە کورتی نیشانی بدەین کە کێین”.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ وڵاتێک بە قەبارەی قەتەر کە لە رێگەی ئەوەی ئەنجامیداوە و ئەنجامیدەدات کاریگەری لە هەموو جیهان دەکات.
میری قەتەر لە گوتارەکەی سوپاسی ژمارەیەک وڵاتی کرد و برا و دۆست ناوی بردن کە تواناکانیان خستووەتە بەردەستیان و رایگەیاند یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو جۆرە چالاکییانەی کە هاندانی هاوکاری، برایەتی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانە و گوتیشی، “ئەمە پاڵەوانێتی هەمووانە و سەرکەوتنی پاڵەوانێتییەکە سەرکەوتنی هەمووانە”.