داهاتی مۆندیالی قەتەر بۆ ساڵی ٢٠٢٢

لە سەروبەندی مۆندیالدا چاوی هەمووان لە دەستکەوت و داهاتەکانی مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەرە و هەموو دەیانەوێت بزانن کە داهاتی ئەم مۆندیالە چەندە؟

بەوپێیەی وڵاتی قەتەر بە سێیەم وڵاتی هەر گەورەیە لە یەدەگی غازی سروشتیدا و سیانزەیەمین وڵاتە لە یەدەگی نەوتدا، بە وڵاتێکی داهاتبەرز هەژمار دەکرێت و لە پۆلێنی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە یەکێک لەو وڵاتانە پۆلێنکراوە کە گەشەپێدانی مرۆیی تێدا زۆر بەرزە.
لەلایەکی ترەوە قەتەر خاوەنی بەرزترین داهاتی تاکەکەسه لەجیهاندا، لەڕووی کاریگەری سیاسییشەوە ڕۆڵ و پێگەی بەرز ودیارە.
ژمارەی دانیشتوانی قەتەر بە شێوەیەکی گشتی پشت بە کرێکاری بیانی دەبەستێت. ئێستا ژمارەی دانیشتوانی قەتەر 2.6ملیۆن کەسه، لەم ژمارەیە ڕێژەی 12% هاووڵاتی رەسەنی قەتەرین کە دەکاتە 313هەزار کەس، 2ملیۆن و 300هەزاری کەسیا بیانین، زۆربەیان هیندی و نیپاڵی و بەنگلادیشی و فیلیپینی و میسری و پاکستانین.

قەتەر لە ماوەی ڕابردودا 8 یاریگای بنیاد ناوە بەنوێترین تایبەتمەندییەکانی جیهانی بەمەبەستی میوانداریکردنی مۆندیال؛ کە بریتین لەمانە:
البیت (بۆ میوانداریکردنی مۆندیال) و خەلیفەی یەکەم و لوسیل (بۆ میوانداریی ئاخر یاری) یاریگای باشور و شاری فێرکاری و یاریگای ئەحمەد کوڕی عەلی و یاریگای سەمامە و 974.
تێچووی بنیادنانی یاریگاکان بۆ ئەم مۆندیالە، بە پێی داتای فەرمی نزیکەی 8ملیار دۆلار بووە.

ناسر خاتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مۆندیالی 2022ی قەتەر رایگەیاند، داهاتی ئابوریی مۆندیال دەگاتە 17ملیار دۆلار، کە زیاترە لە دوو هێندەی خەرجییەکان.

خاتر لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: تێچوی پرۆژەکان و خەرجییەکانی مۆندیال دەگاتە نزیکەی 8ملیار دۆلار، کە ژمارەیەکی ئاساییە، هەروەها کەمترە لە هەندێک پاڵەوانێتی پێشو، وەک بەرازیل و روسیا، ئاماژەی بەوەشکردوە، داهاتی گەڕاوە لەسەر ئابوری قەتەر دەگاتە 17ملیار دۆلار، هەربۆیە داهاتی گەڕاوە بۆ دوو هێندە زیاد دەکات.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سعودیەکان زۆرترین ئامادەبوونیان هەبووە لە قەتەر و 3ملیۆن هاندەر لە یاریگاکاندا بینەری یارییەکان بوون و 5ملیار کەسیش بە شێوازە جیاوازەکانی سەیری یارییەکانیان کردووە.

گینی ئینفانتینۆی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوە دا کە بەڕێوەچوونی مۆندیال لە وڵاتی قەتەر باشترین بووە لە مێژوودا و بە باشترین شێوە ئەو مۆندیالە ڕێک خراوە لەو وڵاتەدا و پێچەوانەی ئەو بیرکردنەوانەی وەختی خۆی لەسەر ئەو وڵاتە هەبووە.

ھەواڵی زیاتر