یاریزانێكی كۆریای باشوور به‌هۆی جوانییه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌زاران كچ داوای هاوسه‌رگیری لێ ده‌كه‌ن

چۆ كیۆ سۆنگ هێرشبه‌ری لاوی هه‌ڵبژارده‌ی كۆریای باشوور له‌ یه‌كه‌مین یاریی مۆندیال به‌رامبه‌ر ئۆروگوای له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ دانیشتبوو، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی سه‌رنجی خانمانی جیهانی بۆخۆی راكێشا، دواتر له‌ خوله‌كی 74 هاته‌نێو یاریگه‌ و ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد، ته‌نیا به‌ دانانی ڤیدیۆییه‌كی خۆی كاتێك له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ دانیشتووه‌، نزیكه‌ی 2 ملیۆن فۆلۆوه‌رزی نوێی ئینستاگرامی زیادی كردووه‌.

ئه‌م یاریزانه‌ی كۆریا ته‌نیا به‌هۆی جوانی و سه‌رنجراكێشییه‌كه‌ی له‌ ماوه‌ی 6 رۆژی رابردوو دوو ملیۆن كه‌س سه‌ردانی ئینستاگرامه‌كه‌ی كردووه‌، به‌هۆی لێشاوی فۆلۆوه‌رزه‌كانی ناچاربووه‌ مۆبایله‌كه‌ی دابخات.

چۆ كیۆ سۆنگ له‌ دووه‌مین یاریی مۆندیال به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی یاریی كرد و دوو گۆڵی تۆمار كرد و به‌ ته‌واوه‌تی شوێنی خۆی له‌ نێو دڵی هه‌زاران هه‌واداری جیهان كرده‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌وته‌ به‌ر لێشاوی فۆلۆوه‌رزه‌كان، ته‌نانه‌ت ناچاربووه‌ ئێستا مۆبایله‌كه‌ی بكوژێنێـه‌وه‌، چونكه‌ هه‌زاران كچ به‌س داوای په‌یوه‌ندی سۆزداری و هاوسه‌رگیری لێ ده‌كه‌ن. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌و دەنگۆیانە ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ کە باس له‌ پەیوەندی خۆشەویستی له‌گه‌ڵ كچه‌ مۆدێلێکی کۆریای باشوور به‌ ناوی (جی مینجو) ده‌كرێت.

ئه‌و یاریزانه‌ تەمەن 24 ساڵییه‌ی كۆریای باشوور کە پێش ئەوەی دوو گۆڵ بەرامبەر غانا تۆماربکات، كه‌مترین دۆست و خزم و كه‌سی هه‌بوو، پێش ئه‌و دوو گۆڵه‌ تەنیا 20 هەزار فۆڵۆوەرزی له‌ ئینستاگرام هه‌بوو، دواتر به‌ره‌و نزیكی 2 ملیۆن فۆلۆوه‌رز زیادی كرد. به‌گشتی له‌ سۆشیاڵ میدیا زیاتر له‌ 7 ملیۆن بینه‌ری هه‌بووه‌.

سیۆ یۆنگ هوان یه‌كێكه‌ له‌ هاوڕێ رۆژنامه‌نووسه‌كانی ئه‌و یاریزانه،‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ چۆ كیۆ سۆنگ كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر لێشاوی فۆلۆوه‌رز، بۆیه‌ مۆبایله‌كه‌ی داخستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك پشوو بدات و زیاتر سه‌رنجی له‌سه‌ر مۆندیال و تۆپی پێ بێت.

ئه‌و یاریزانه‌ پێشتر خۆی به‌ كه‌سێكی ساده‌ و بێ بایه‌خ وه‌سف كردووه‌، پێش مۆندیال كه‌سێكی ناسراو نه‌بوو، به‌ڵام له‌م مۆندیاله‌ به‌رده‌وام هه‌زاران نامه‌ی بۆ دێت، بۆیه‌ مۆبایله‌كه‌ی كوژاندووه‌ته‌وه‌.

چۆ كیۆ سۆنگ ته‌نیا له‌ خولی نێوخۆیی وڵاته‌كه‌ی یاریی ده‌كات و وه‌رزی رابردوو گۆڵكاری خولی كۆریای باشوور بوو، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی كه‌سێكی ناسراو نییه‌.

به‌رده‌وام میدیایه‌كان له‌ كاتی رووماڵی یارییه‌كانی مۆندیال ده‌یانه‌وێت زۆرترین زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و یاریزانه‌ بزانن، به‌ڵام چۆ كیۆ سۆنگ نایه‌وێت هیچ زانیارییه‌ك له‌ باره‌ی ژیانی كه‌سی و تایبه‌تی خۆی ئاشكرا بكات.

ماڵپەڕی لایفستایل نووسیویه‌تی: چۆ كیۆ لە 1998 لە شاری ئەنسانی كۆریا لەدایک بووە، دایک و باوکی وەرزشوانن، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە ناویان بهێنێت و هیچ زانیارییەکی زیاتر بدات. چۆ سه‌ره‌تا لە ئەکادیمیای لاوان لە یانەی ئێف سی ئەنیانگ وه‌كو یاریزانێكی به‌رگری و ناوه‌راستیش یاریی كردووه‌.

چۆ لە ماوەی یاریکردنیدا لە زانکۆی گوانجو به‌شداریی خوله‌كانی كردووه‌، راهێنه‌ره‌كه‌ی پێی گوتووه‌ تۆ وه‌كو به‌رگریكار و ناوه‌راست یاریزانێكی خراپی، بۆیه‌ له‌ ساڵی 2017 بڕیاری دا وه‌كو یاریزانێكی هێرشبه‌ر یاریی بكات.

چۆ كیو له‌ ساڵی 2021 بۆ ته‌واوكردنی خزمه‌تی سه‌ربازی چووه‌ نێو سووپای وڵاته‌كه‌ی، له‌وێ یاریی بۆ تیمی هێزە چەکدارەکانی کۆریای باشوور کرد.

په‌یوه‌ندیكردنی چۆ بۆ ته‌واوكردنی خزمه‌تی سه‌ربازی یارمه‌تی دا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی جیۆنبوك بكات، كه‌ توانی ببێته‌ گۆڵكاری خوله‌كه‌ و نازناوه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی بباته‌وه‌.

چۆ بۆ یەکەمجار لە ٢٠٢١ بانگهێشتی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور كرا، یەکەم یاری خۆی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەرامبەر لوبنان لە مانگی ئەیلولی ئه‌و ساڵه‌دا ئه‌نجام دا.

دوای وەرزێکی خەیاڵی لەگەڵ جیۆنبوک، چۆ ناوی لە پێکهاتەی کۆریای باشوور بۆ جامی جیهانی هات. له‌ یه‌كه‌مین یاریی وه‌كو یاریزانی سه‌ره‌كی به‌رامبه‌ر غانا به‌شداریی كرد، له‌ ماوه‌ی 6 خوله‌ك دوو گۆڵی كرد. ئێستا چۆ لە نێو پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانی وڵاته‌كه‌ی له‌ مۆندیال، ناوبانگی له‌ سۆن هیونگ مین زیاترە، پێشبینی ده‌كرێت چۆ بێته‌ خۆشه‌ویسترین یاریزانی وڵاته‌كه‌ی. له‌ كۆمێنت له‌ژێر وێنه‌ و ڤیدیۆییه‌كانی سه‌دان كچ به‌ “دڵی كۆریا” ناوی ده‌به‌ن و داوای خۆشه‌ویستی و هاوسه‌رگیریشی لێده‌كه‌ن. یه‌كێك بۆی نووسیوه‌: ئه‌و پیاوه‌ی وایكرد هه‌مووان عاشقی بن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، له‌ یاریی قۆ ناخی 16ـی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر، هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل و كۆریای باشوور له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، پێشبینی ده‌كرێت له‌م یارییه‌ش چۆ كیۆ سۆنگ ئه‌ستێره‌ لاوه‌ شۆخه‌كه‌ی كۆریا بۆ یه‌كه‌مجار به‌رازیل به‌رازیل له‌ جامی جیهانی یاری بكات.