فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان پاڵەوانیەتی کراوەی تێنسی کوردستانی بۆ ئاستی کچان لەشاری دهۆک دەکاتەوە یاریزانی ٥ ئاستی تەمەن بەشداریدەکەن، تەمەن ١٠ ساڵان تا سەروی ١٦ ساڵان و پێشکەوتوان، بەمەبەستی هەماهەنگی زیاتر و بەهێزبوونی پاڵەوانیەتیەکە یاریزانانی تری شارەکانی عێڕاقیش بەشدارییان کردووە فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان دەرگای بۆ هەر یاریزانێک کردۆتەوە کەبەشداری بکات، و پاڵەوانیەتیەکە ماوەی سێ ڕۆژ لە یاریگەکانی شاری دهۆک بەردەوام دەبێت.
پلانی داهاتوویان چیە؟
دەربارەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە و پلان و بەرنامەی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان لەماوەی داهاتوودا، ڕۆستەم ڕەسوڵ سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان بەمجۆرە قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: وەک فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان بەبەردەوامی هەوڵمانداوە پاڵەوانیەتی تێنس لەسەر هەموو ئاستەکانی تەمەن بۆ کوڕان و کچان بکەینەوە، لە ئەگەری نەبوونی بودجەیش، ئێمە هەوڵمانداوە لەڕێگەی سپۆنسەرەوە پاڵەوانیەتی ئەنجام بدەین، لە ئێستەیشدا بەچاودێری لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان پاڵەوانیەتیەکی کراوەمان بۆ ئاستی کچان لەشاری دهۆک کردۆتەوە کە بۆ ٥ ئاستی تەمەن دەبێت، کە بەشێوەیەکی کراوە دەبێت، تەمەنی ١٠،١٢،١٤،١٦، پێشکەتوان دەبێت، هۆکاری ئەوەی کە پاڵەوانیەتیەکە لەشاری دهۆک دەبێت ئەوەیە کە ئەو شارە ژمارەیەکی زۆری کچە یاریزانی لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق لێیە و یاریگەی شیاو هەیە کە یارییەکانی تێدا ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر یاریزان بەشداری بکات لەسەر ئاستی هەموو عێڕاق بانگەوازمان بۆ پاڵەوانیەتیەکە کردووە، هەر یاریزانێک لە هەر شارێکی عێڕاق بیەوێت دەتوانێت بەشداری بکات کە ئەمە سوودی دەبێت بۆ پێشکەوتنی ئاستی یاریزانان دەبێت.
شێوازی پاڵەوانیەتیەکە چۆنە؟
دەربارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکەیش سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان گووتی: بۆ ئەوەی دەرفەت زیاتر بە یاریزانان بدەین و زیاتر یاری بکەن، پاڵەوانیەتیەکەمان بەشێوازی ستانداردی جیهانی ئامادە کردووە، دوای زانینی ژمارەی یاریزانان شێوازی خولەکە دەستنیشان دەکەین، هەوڵ دەدەین لەهەر ئاستێک بەشێوازی کۆمەڵە بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی یاریزانان زۆرترین یاری بکەن ئەگەر ژمارەیاریزانان لە ٥ یاریزان کەمتر بوو دەیان کەین بەیەک کۆمەڵە، بەڵام ئەگەر لەو ژمارەیە زیاتر بوو بە دوو کۆمەڵە دەبێت، کە هەر کۆمەڵەیەک یاریزانانی پلەکانی یەکەم و دووەم سەردەکەون و دواتر پلەی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم لەگەڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەی دووەم یاریدەکات، یەکەمی کۆمەڵەی دووەمێش لەگەڵ دووەمی کۆمەڵەی یەکەم بەیەک دەگەن، ئەمە بۆ هەموو ئاستەکان دەبێت.
ئەگەر حکومەت هاوکاریمان بکات پلانی زۆرمان هەیە
ڕۆستەم ڕەسوڵ لەبەشێکی تری قسەکانیدا باسی پلان و بەرنامەی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستانی کردو گووتی: ئەگەر حکومەت هاوکاریمان بکات پالنمان زۆرە چاومان لەوەیە کە لەسەر ئاستی دەرەوەی کوردستان و عێڕاق هاوکاری یاریزانان و ناوبژیوانان و ڕاهێنەران بکەین بە بەشداری پێکردنیان لە خول و پاڵەوانیەتیە بەهێزەکان، یاخود کەمپی مەشق و ڕاهێنان بکەینەوە یاخود وانەبێژ و ڕاهێنەرانی دەرەوە بهێنین بۆ کوردستان سوود لە ئەزموونی دەرەوە وەربگرین، باسی ئەوەیشی کرد کە هەماهەنگی باشیان لەگەڵ فیدراسیۆنی تێنسی عێڕاق هەیە.
پاڵەوانیەتیەکە ڕۆژی ١٧ ی مانگ لەشار دهۆک دەسپێدەکات و ڕۆژی شەممە کۆتایی پێدێت و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.