سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

گه‌ڕی شه‌شه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت

بارزان ئەکرەم – هەولێر

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌،گه‌ڕێكیتری یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تێیدا چه‌ند یارییه‌كی گرینگ و به‌هێز له‌خۆیه‌وه‌ ده‌گرێت، كه‌ یانه‌ی برایه‌تی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری شه‌قڵاوه‌ی هاوشاری خۆی ده‌كات، دهۆكیش ده‌یه‌وێت برینه‌كانی سه‌یدسادق قووڵتربكاته‌وه‌، زاخۆ و چواره‌قوڕنه‌ش به‌یكه‌ه‌ یاریی ده‌كه‌ن، سۆرانی سزاداراویش له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕیك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

دێربی پایته‌خت له‌یاریگه‌ی برایه‌تی به‌ڕێوه‌ده‌چێت
یانه‌ی برایه‌تی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ ده‌كات، برایه‌تی دۆخی باش نییه‌ ته‌نها یه‌ك بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ 2 دۆڕان و 2 یه‌كسانی هه‌یه‌ و خاوه‌نی یه‌ك بردنه‌وه‌یه‌، ده‌یه‌وێت له‌ رێگای بردنه‌وه‌ له‌ یانه‌ی شه‌قڵاوه‌ دڵی هانده‌رانی یانه‌كه‌ی ئاشتبكاته‌وه‌، دانا كامه‌ران و كاردۆ كه‌مال و بارزان یوسفی گۆڵپارێز له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌و تیپه‌ن، ته‌نها 5 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێت.
شه‌قڵاوه‌ دوای زنجیره‌یه‌ك ئه‌نجامی خراپ، گه‌ڕی رابردوو به‌ بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ گه‌ڕایه‌وه‌ نێو كێبڕكێیه‌كان، ئێسته‌ له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ باش ئاماده‌نه‌، كێشه‌یان به‌ به‌رگری راست هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ نه‌بوونی یه‌ده‌گی باش، سروود غازی راهێ”ه‌ر له‌ توانایدایه‌ ئامانجی یانه‌كه‌ بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش بهێنێته‌دی كه‌ مانه‌وه‌یه‌ له‌ ریزی نایابی كوردستان، 4 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دوازده‌یه‌م دێت.

سیروانی نوێ و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریی ئاگرینی ئه‌م گه‌ڕه‌ رووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه‌
سیروانی نوێ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، ئاستی ئه‌م وه‌رزه‌ی سیروانی نوێ جێگیر نییه‌، له‌ یارییه‌ك باش و یارییه‌ك خراپ ده‌رده‌كه‌ون، رزگار عه‌لی راهێنه‌ر به‌هۆی رۆیشتنی چه‌ند یاریزانێكی وه‌رزی رابردووی هه‌مان هێز و توانای جارانی تیپه‌كه‌ی نه‌ماوه‌، ئاكار جه‌وهه‌ری ناوه‌ڕاستكار و باشترین یاریزانی وه‌رزی رابردووی له‌گه‌ڵه‌ به‌ڵام ئه‌نجامه‌كانی وه‌ك پێویست نین و به‌وجۆره‌ ناتوانێت به‌رگری له‌ نازناوه‌كه‌ بكات، ته‌نها 4 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێزده‌یه‌م دێت.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، كۆمه‌ڵێ یاریزانی باشی گواستوه‌ته‌وه‌ ریزه‌كانی، تا ئێسته‌ هیچ یارییه‌كی نه‌دۆڕاندووه‌، سه‌میربابۆ ده‌زانێت گه‌ر بیه‌وێت ببێته‌ پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌بێت له‌و جۆره‌ یارییانه‌ بباته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌دات به‌هه‌رجۆرێكبێت له‌ سیروانی نوێ بباته‌وه‌، دیار عه‌لی و عه‌بدوڵا سه‌ربه‌ست و رێكار هاشم و سه‌لام ئه‌حمه‌د له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌م تیپه‌ن، 11 خالیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دووه‌م دێن.

سۆران ده‌یه‌وێت ساڕێژی برینه‌كانی به‌ بردنه‌وه‌ له‌چه‌مچه‌ماڵ بكات
سۆران له‌یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات، سۆران گه‌ڕی رابردوو به‌ ئه‌نجامێكی قوورس به‌ ئارارات دۆڕا، كاتێك چوار گۆڵی لێ تۆماركرا، ره‌فیق سه‌عیدی راهێنه‌ریشی بۆ سێ یاریی سڕكراوه‌، گه‌یلان سادقیشی به‌هۆی نه‌شته‌رگه‌ری له‌ ئه‌ژنۆی تا 4 مانگیتر ناگه‌رێته‌وه‌، ئه‌مانه‌ كێشه‌ بۆ تیپه‌كه‌ دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام سۆران له‌ یاریگه‌ی خۆی به‌ پاڵپشتی هانده‌رانی ئاستیكی باش پێشكه‌ش ده‌كات، هیچ تیپێك له‌وی یاریگه‌یه‌ شكستی به‌و تیپه‌ نه‌هێناوه‌، سۆران خاوه‌نی 4 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی پازده‌یه‌می ریزبه‌ندی دێن.
چه‌مچه‌ماڵ، نه‌ ده‌یباته‌وه‌ نه‌ ده‌یدۆڕێنێ، رێگای بردنه‌وه‌ و دۆڕانی ونكردووه‌، سلێمان یونسی راهێنه‌ر به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، به‌هۆی كێشه‌ی دارای به‌رده‌وامی ئه‌م تیپه‌ ئاستی راسته‌قینه‌ و جێگیری ده‌رناكه‌وێت، بۆ موچه‌ی مانگی رابردوو پاره‌یان به‌ قه‌رز له‌ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ گرفتی بۆ ئه‌و تیپه‌ دروستكردووه‌، 5 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی نۆیه‌د دێت.

دهۆك ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی به‌رده‌وامبێت
دهۆك له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی سه‌یدسادق ده‌كات، دهۆك به‌ كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاو ئه‌نجامێكی باشی تۆماركردووه‌، پێچه‌وانه‌ی پێشبینیه‌كان هه‌رمان حوسێنی راهێنه‌ر تیپێكی به‌هێزی ئاماده‌كردووه‌، گه‌ڕی رابردووش له‌ یاریگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان بردنه‌وه‌ی تۆماركرد، كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌سته‌مه‌ هه‌ر تیپێك به‌ ئاسانی له‌و یاریگه‌یه‌ بردنه‌وه‌ تۆماربكات، به‌ 9 خاڵ له‌ خانه‌ی سێیه‌م دێن.
سه‌یدسادق ئاستی باش نییه‌، رۆیشتنی كۆمه‌ڵێ یاریزان و نه‌بوونی پاره‌ی پێویست، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی تیپه‌كه‌ هه‌بووه‌، به‌ 4 خاڵ له‌ خانه‌ی چوارده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێن.