فرانک کیسێ له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ له‌ بارسێلۆنا ده‌ڕوات؟

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون، به‌ڵام له‌م راپۆرته‌دا دوایین رووداوه‌كانی تێنسمان خستووه‌ته‌ڕوو.

مانوێل نویه‌ر هیوای بۆ به‌شداریكردن له‌ مۆندیال بۆ گه‌ڕایه‌وه‌

رۆژنامەی کیکەری ئەڵمانی بڵاویکردەوە مانوێل نوێر گۆڵپارێزی ئەڵمانی بەشداری راهێنانەکانی بایرن میونشنی کرد وەکو سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەی بۆ یارییەکانی یانەکەی،  کە ئەم یاریزانە بەهۆی پێکانەوە لە پێنج یاریی یانەکەی دابڕا، دواینیشیان لە چامپیۆنزلیگ بوو بەرامبەر بارسێلۆنا.

چاوەڕێ دەکرا نویه‌ر بۆ مۆندیالی 2022 نەگەڕێتەوە و بەشداری نەکات، بەڵام بە گەڕانەوەی نویه‌ر بۆ راهێنانەکان نیشانەی ئەوەیە ئەم گۆڵپارێزە نزیکە بەشداری لە جامی جیهانی بکات و پارێزگاری لە گۆڵی ئەڵمانیا بکات.

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە کۆمەڵەی پێنجەمی جامی جیهانی رکابەریی دەکات و رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا و کۆستاریکا و ژاپۆن دەبێتەوە.

پۆگبا سه‌رله‌نوێ تووشی پێكانێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌

رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردەوە پۆل پۆگبا سەرلەنوێ تووشی پێکانێکی ماسولکەیی بووە و لە راهێنانەکانی یوڤێنتۆس هەستی بە ئازار کردووە.

سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە بەهۆی ئەم پێکانەوە رەنگە ئەمجارە پۆگبا نەتوانێت بەشداری لە مۆندیالی قەتەر بکات،

چاوەڕێش دەکرێت پشکنینی زیاتر بۆ پۆگبا بکرێت بۆ ئەوەی چارەنووسی بۆ یارییەکانی یوڤێنتۆس و بەشداریکردن لە مۆندیال یەکلایی بکرێتەوە.

پۆگبا بەهیوایە لە مۆندیالی قەتەر جارێکی دیکە درێسی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان بپۆشێتەوە کە فەرەنسا لە قۆناغی کۆمەڵەکان رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی ئوستڕالیا و دانیمارک و توونس دەبیتەوە.

جێرارد پیکێ بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکرێت

لویس ئێنریکێ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا، لیستێکی یاریزانانی بۆ به‌شداریكردن له‌ مۆندیالی 2022  ئامادەکردووە، لیسته‌كه‌ له‌ 55 یاریزان پێکهاتووه‌ و ناوی جێرارد پیکێ بەرگریکاری یانەی بارسێلۆناشی تێدایه‌، به‌مه‌ش پیكێ له‌و لیستە سەرەتاییەی راهێنەری لارۆخادایە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە ئەم وەرزە لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانتیەکان، تەنها بەشداری هەشت یاریکردووە وبە تەواوەتی لە لایەن چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەکەی پشتگوێخراوە.

مارکا بڵاویشی کردووەتەوە لەو 55 یاریزانەی کە ئێنریکێ لە بانگهێشتی لیستە سەرەتاییەکەی دەکات، بڕیارە رۆژی یازدەی ئەم مانگە تەنها 26 یاریزان بهێڵێتەوە.

جیرارد پیكێ ته‌مه‌ن 35 ساڵ، پێشتر نازناوی جامی جیهانی و یۆرۆی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا بردووه‌ته‌وه‌، 102 یاریی به‌ درێسی ئیسپانیا ئه‌نجام داوه‌ و 5 گۆڵیشی كردووه‌، به‌ڵام به‌ گوێره‌ی میدیایه‌كانی ئیسپانیا ئێنریكی ته‌نیا ده‌رفه‌تێكی پێداوه‌، ئه‌گه‌ر توانی خۆی بسه‌لمێنێت بانگهێشتی مۆندیالی ده‌كات.

ده‌نگۆی چوونی مێسی بۆ یانه‌یه‌كی ئه‌مریكا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

داڤید ئۆرنیستن رۆژنامه‌نووسی به‌ریتانی ئاشكرای كردووه‌ كه‌ به‌ره‌وپێشچوونی زۆر له‌ رازیكردنی لیۆنێل مێسی رۆیشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خولی ئه‌مریكی بكات.

داڤید ئۆرنیستن پێشتر بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی بووه‌ له‌ كه‌ناڵی BBCـی به‌ریتانیا، ماوه‌ی 3 ساڵیشه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌زگای میدیایی كه‌ناڵی ئاتڵێتیكی به‌ریتانی كردووه‌ و له‌ دۆخی زۆربه‌ی یاریزانه‌كانی ئه‌ورووپا نزیكه‌.

ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌م به‌یانییه‌ بۆمبێكی به‌ ناوهێنانی لیۆنێل مێسی ته‌قانده‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌  كه‌ ئینته‌ر مه‌یامی  چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی لیۆنێل مێسی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئۆفه‌ره‌كه‌یان بۆ وه‌رزی داهاتوو رازی بێت.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، ئینته‌ر مه‌یامی ئه‌مریكی كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی دیڤید بێكهامی ئه‌ستێره‌ی پێشووی ئینگلیزییه‌ متمانه‌ی زۆری به‌ گواستنه‌وه‌ی لیۆنێل مێسی هه‌یه‌ و گه‌شیبنه‌ ده‌توانن له‌ وه‌رزی داهاتوو رێككه‌وتنێكی مێژوویی بكه‌ن.

داڤید ئۆرنیستن یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین په‌یامنێره‌ وه‌رزشییه‌كانی به‌ریتانیا و په‌یوه‌ندی نزیكی له‌گه‌ڵ دیڤید بێكهام هه‌یه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خه‌ونی بێكهام گواستنه‌وه‌ی لیۆنێل مێسییه‌ و له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه‌.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كانی ئه‌ورووپا، یانه‌ی پاریس سانجێرمان ده‌یه‌وێت گرێبه‌ستی لیۆنێل مێسی نوێ بكات، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌یه‌وێت ئه‌و یاریزانه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا مێسی هیچ قسه‌یه‌كی له‌ باره‌ی چاره‌نووسی خۆی نه‌كردووه‌ و هه‌موو شتێكی بۆ دوای مۆندیالی 2022 هه‌ڵگرتووه‌.

مێسی ته‌مه‌ن 35 ساڵ، له‌ هاوینی 2021 گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا كۆتایی هات و به‌ گرێبه‌ستێكی ئازاد و به‌ به‌های 80 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ یانه‌ی پاریس سانجێرمان، ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی له‌ كۆی 17 یاری 12 گۆڵ و 13 ئاسیستی كردووه‌.

فرانک کیسێ له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ له‌ بارسێلۆنا ده‌ڕوات؟

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو دەنگۆی رۆیشتنی فرانک کیسێ لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا بڵاوبووەتەوە، بەڵام فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی بەناوبانگی ئیتاڵی زانیاری دەستکەوتووە، خودی ئەو یاریزانە و کارگێری بارسێلۆنا هیچ پلانێکی لەمجۆرەیان نییە، ئەو یاریزانە لە هەوڵی ئەوەدایە زیاتر خۆی بسەلمێنێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوو بەشدارییەکی زیاتری لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەی هەبێت، بۆیە هەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستی کە باس لەوە دەکەن ناوەڕاستکارە کۆتدیڤوارییەکە دەیەوێت سەرەتای ساڵی داهاتوو یانەکەی جێبێڵێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، پێگه‌ی ماركای ئیسپانیا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كیسێ له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ له‌ بارسێلۆنا ده‌ڕوات و خۆی پێشكه‌شی چه‌ندان یانه‌ی ئیتاڵیا كردووه‌، دیارترینیان یانه‌ی ئه‌یسی میلانه‌.

کیسێ هاوینی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئەیسی میلان ئیتاڵیا کۆتایی هات و بێ بەرامبەر و بۆ ماوەی پێنج وەرز واتە تاوەکو ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ کرد

لویس سوارێز سه‌ركردایه‌تی بردنه‌وه‌ی خولی نێوخۆیی وڵاته‌كه‌ی كرد

لە دوایین گەڕی ئەم وەرزەی خولی نایابی پۆرتوگال، یانەی ناسیۆنالی پێشەنگ بە سەرکردایەتی لویس سوارێز لە پێناو بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزە، رووبەڕووی یانەی لیڤەرپوول بوونەوە، لە کۆتاییدا یارییەکەیان بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و ناسناوەکەیان مسۆگەر کرد، لویس سوارێز هێرشبەری ناسیۆنال لەم یارییە توانی لە خولەکەکانی 50 و 96 دوو گۆڵ بۆ یانەکەی بکات.

لویس سوارێزی ته‌مه‌ن 35 ساڵ، ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان له‌گه‌ڵ یانه‌ ئۆروگواییه‌كه‌ به‌شداریی له‌ 16 یاریی كردووه‌، 8 گۆڵ و 3 ئاسیستی هه‌یه‌، سەرەتای ساڵی 2023 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت، تاوەکو ئێستا چارەنوسی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.

سێیه‌مین ناسناوی له‌سه‌ریه‌كی له‌م وه‌رزه‌ به‌ده‌ستهێنا

فیلێكس ئالیاسیمی كه‌نه‌دی سێیه‌مین ناسناوی له‌سه‌ریه‌كی له‌م وه‌رزه‌ به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ پاڵه‌وانی تێنسی بازلی سویسرا، له‌ پاڵه‌وانییه‌تی تێنسی ڤییه‌ناش دانیال مێدڤێدێڤ له‌ دینیز شاپۆڤالۆڤی برده‌وه‌ و بووه‌ پاڵه‌وان.

پاڵه‌وانییه‌تی تێنسی بازلی سویسرا گه‌یشته‌ یاریی كۆتایی و فیلێكس ئالیاسیمی كه‌نه‌دی رووبه‌رووی هۆلگێر روونی دانیماركی بووه‌وه‌، هه‌ر له‌ سێتی یه‌كه‌م تێنسزانه‌ كه‌نه‌دییه‌كه‌ سێرڤی هۆلگێر روونی شكاند و پێشكه‌وت، له‌ كۆتایی ئالیاسیم شه‌ش سێ كۆتایی به‌ سێتی یه‌كه‌م هێنا.

له‌ سێتی دووه‌م ركابه‌رییه‌كه‌ تووندتر بوو، به‌تایبه‌تی له‌ لایه‌ن هۆلگێر كه‌ چه‌ند جارێك له‌ شكاندنی سێرڤی تێنسزانه‌ كه‌نه‌دییه‌كه‌ نزیك ده‌بووه‌وه‌ و ئه‌و سێته‌ش رۆشته‌ تایبرێك، له‌ كۆتایی فیلێكس ئالیاسیمی كه‌نه‌دی به‌ ئه‌نجامی حه‌وت پێنج سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستھێنا و سێیه‌مین ناسناوی له‌سه‌ریه‌كی له‌مساڵ به‌ده‌ستهێنا و بۆ چواره‌مین جار له‌ مێژووی پیشه‌گه‌ری خۆی بووه‌ پاڵه‌وانی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كی تێنس.

تێنسزانه‌ رووسه‌كه‌ بووه‌ پاڵه‌وان

له‌ نه‌مسا و له‌ یاریی كۆتایی پاڵه‌وانییه‌تی تێنسی ڤییه‌نا، دانیال مێدڤێدێڤی رووسی رووبه‌رووی دینیس شاپۆڤالۆڤی كه‌نه‌دی بووه‌وه‌.

پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كان له‌ سێتی یه‌كه‌م مێدڤێدێڤی چواره‌می تێنسزانه‌كانی جیهان ئاستی لاواز بوو چه‌ند جارێك هه‌ڵه‌ی كرد و له‌ كۆتاییش شاپۆڤالۆڤ سێتی یه‌كه‌می شه‌ش چوار برده‌وه‌، به‌ڵام له‌ سێتی دووه‌م مێدڤێدێڤ به‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاستی خۆی ده‌ركه‌وت و سێجار سێرڤی تێنسزانه‌ كه‌نه‌دییه‌كه‌ی شكاند و له‌ كۆتاییش شه‌ش سێ ئه‌نجامی سێته‌كانی یه‌كسان كرده‌وه‌.

له‌ دوایین سێتی یارییه‌كه‌ شاپۆڤالۆڤ به‌یه‌كجاری خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ دا و مێدڤێدێڤی چواره‌مین باشترین تێنسزانه‌ی ئێستای جیهان شه‌ش دوو كۆتایی به‌ یارییه‌كه‌ هێنا و بووه‌ پاڵه‌وان.

مێدڤێدێڤ دووه‌مین ناسناوی له‌م وه‌رزه‌ی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كانی تێنس برده‌وه‌ و بۆ جاری پازده‌م له‌ مێژوو بووه‌ پاڵه‌وانی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كی تێنس

لۆس ئانجلسی كلیپه‌رز دۆڕا

لە خولی باسکەی ئەمریکا، نیو ئۆرلیانز بردنەوەیەکی گرنگی بەرامبەر لۆس ئانجلۆس کلیپەرز بەدەستهێنا.

لە بەردەوامی خولی باسکەی ئەمریکا و لە کۆمەڵەی رۆژئاوا لۆس ئانجلسس کلیپەرز دوای سێ دۆڕانی لەسەر یەک، ئەمجارەیان میوانداریی نیو ئۆرلیانزیان کرد ، ئەم یارییەشیان بە ئەنجامی 91 خاڵ بەرامبەر 112 خاڵ بە میوانەکەیان دۆڕاند و، تووشی چوارەم دۆڕانی لەسەر یەک و چوارەم دۆڕانی ئەم وەرزەش بوون. سی جای ماکولم لەم یارییە بە تۆمار کردنی 22 خاڵ سەرکردایەتی بردنەوەی یانەکەی بەرامبەر لۆس ئانجلۆس کلیپەرز کرد.

ھەواڵی زیاتر