هه‌وڵه‌كانی دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئێران له‌ مۆندیال به‌رده‌وامه‌

بەڕێوەبەری گشتی یانەی شاختاری ئۆکرانی داوا لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان دەکات کە ئێران لە مۆندیال دوور بخاتەوە، چونکە پاڵپشتی رووسیا دەکات بۆ هێرشەکانی سەر ئۆکرانیا، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو چه‌ندان رێكخراوی مه‌ده‌نی له‌ وڵاتانی ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا هه‌مان داواكاریی سڕكردنی ئێران له‌ مۆندیال هه‌بوو.

سێرگی بالکین بەڕێوەبەری گشتی یانەی شاختار، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نووسیویەتی: لە کاتێکدا سەرکردەکانی ئێران چێژ لە سەیرکردنی یارییەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان دەکەن لە مۆندیال، به‌ڵام ئۆکرانیەکان بە فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئێران و مووشەکەکانی ئێران بۆردومان دەکرێن و دەکوژرێن.

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کردووە فرۆکە بێفرۆکەوانەکان لەلایەن ئێرانەوە بەرهەم هێنراوە و بە رووسیا دراوە بۆیە دەبێت ئێران لە مۆندیال دوور بخرێتەوە و ئۆکرانیا شوێنی بگرێتەوە چونکە شایەنی بەشداریکردن نییە لە پاڵەوانیەتیەکە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا چه‌ندان رێكخراو داوایان پێشكه‌شی‌ فیفا كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێران له‌ مۆندیال بێبه‌ش بكرێت و به‌ ده‌ردی رووسیا بچێت، به‌هۆی سه‌رپێچیكردنی ئێران له‌ دژی مافه‌كانی مرۆڤ و ژنكووژی و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی له‌ داگیركاری ئۆكرانیا.

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کیێڤ تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی فرۆکەی بێفرۆکەوانی بۆ رووسیا ناردووە و لە بۆردومانکردنی ئۆکرانیا بەکار هێنراوە، بەڵام ئێران و رووسیا هەواڵەكه‌ رەت دەکەنەوە.