رۆژنامەی هەولێر ئامادەکاریی یانەی زانکۆی جیهان بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان دەخاتە ڕوو

ماوەی زیاتر لە مانگێکە یانەی زانکۆی جیهانی دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، یانەکە لە ماوەی ئامادەکارییەکاندا کۆمەڵێک یاریزانی نوێی هێناوەتە ڕیزەکانی و کۆمەڵێک یاریزانی وەرزی ڕابردوویش لە ڕیزی تیپەکە نەماون، لەماوەی ئامادەکارییەکانیدا چەند یارییەکی دۆستانەی ئەنجامداوە، ئامانجیان ئەوەیە  ڕکەبەری بکەن لەسەر گەیشتن بە خولی نایابی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو.

زیاتر لە مانگێکە ئامادەکاری دەکەن

وەرزی ڕابردوو دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز یانەی زانکۆی جیهان شانبەشانی یانەی ڕەواندز توانی بۆ یەکەمجار لەمێژووی خۆیدا بگاتە ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، دەربارەی ئامادەکارییەکانی ئەم وەزەی تیپەکەیش لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر مەحەمەد عەلی ڕاهێنەری یانەکە بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: ماوەی زیاتر لە مانگێکە وەکو یانەی زانکۆی جیهان دەستمان کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، ئەم وەرزە ١٢ یاریزانی نوێمان هێناوەتە ڕیزەکانمان، ٨ یاریزانی وەرزی ڕابردوویش لەگەڵمان ماون، ١٣ یاریزانی وەرزی ڕابردوویش لە تیپەکە نەماون، سێ یاریزانی پیشەگەرمان هەیە یەک یاریزانی سووری و یەک یاریزانی شاری موسڵ، هەروەها یاریزانێکی یانەی شەرگاتیش یاریمان بۆ دەکات و تەنیا لەکاتی یارییەکان پەیوەندیمان پێوەدەکات، لەو یاریزانانەی ئەم وەرزە پەیوەندییان پێوە کردووین کۆمەڵێک یاریزانیان لاون و ئەزمونیان لە یانەکانی تر هەیە. گەیشتنمان بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکان بۆ ئێمە دەسکەوتێکی باش بوو.

زانکۆی جیهان لە ماوەی ئامادەکارییەکانیدا بۆ یارییەکانی ئەم وەرزە، پێنج یاری دۆستانەی کردووە لەگەڵ پیشەسازی و یانەی ڕومادی و یانەی جیهان و لاوانی پێشمەرگەی هەولێر و یانەی عومالی موسڵ، بەشداری خولی دۆستانەی یانەکانی سنوری پارێزگای هەولێریشیان کردووە سێ یاری تریان ئەنجامداوە لەگەڵ یانەکانی کۆیە و ڕەواندز و بروسک.

ئامانجی یانەکە چیە؟

ڕاهێنەری یانەی زانکۆی جیهان زیاتر قسەی کرد و ئامانجی یانەکەی بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان ئاشکرا کرد، لەو بارەیەوە گووتی: وەکو یانەی زانکۆی جیهان ئامانجمان ئەوەیە ژمارەیەکی قورس بین لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان و گەرەکمانە بگەینە خولی نایابی کوردستان، لەبەر ئەوەی ئێمە یەکەم ساڵمانە لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان یاریدەکەین، ئەگەر سەریش نەکەوین بۆ خولی یانە پلە نایابەکان مانەوە بۆ ئێمە ئەنجامێکی باشە لە خولەکە.

باشترین دەسکەوتی یانەکە چیە؟

دەربارەی کێشەو گرفتەکانی یانەکەیش مەحەمەد عەلی یاریزانی پێشووی یانەکانی هەولێر و بردوسک و چەند یانەیەکی تر گووتی: تیپەکەمان نوێیەو گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە، بەشێوەیەکی باش ئامادەکاریمان کردووە، ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەی ماوە بۆ خولەکە و یاری یەکەم ئێمە چاوەڕوانین، ئەو ماوەیە بۆ ئێمە زۆر باش دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر خۆمان ئامادە بکەین کەم و کوری تیپەکە چارەسەر بکەین. هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە بەبەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کێشەو گرفتیان کەمترە، کارگێڕی یانەکە هاوکار و هەماهەنگێکی باشی تیپەکەن، ڕۆژانە بەشێوەیەکی باش مەشق و ڕاهێنانەکان دەکەن.

یانەی زانکۆی جیهان لەساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە، لەساڵی ٢٠١٣ بەشداری خولی یانە پلە سێیەکانی کوردستانیان کردووە، دواتر بەبڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان سەرجەم یانە پلە سێیەکان بوون بە پلە دووە، دوای چەند ساڵێک بەشداریکردن لە خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان، وەرزی رابردوو باشترین ئەنجامی یانەکەیان بەدەستهێناو گەیشتنە خولی یانە پلە یەکاکنی کوردستان.

لەیارییەکانی ئەم وەرزە لەیەک گەڕدا یانەی زانکۆی جیهان یاری ناکات و چاوەڕوان دەبێت و لەگەڕی دووەم زانکۆی جیهان میوانداری یانەی بابانی شاری سلێمانی دەکات.