ئاراراتیش ده‌یه‌وێت زاخۆ به‌ده‌ردی ئاكرێ ببات
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه گه‌ڕی سێیه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، تێیدا یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، له دێربی هه‌ولێر له‌گه‌ل برایه‌تی یاریی ده‌كات، ده‌ربه‌ندیخانیش له دێربی كه‌لار میوانداریی شێروانه ده‌كات، ئاراراتیش له پیرمام له‌گه‌ڵ زاخۆ یاریی ده‌كات، سه‌یدسادقی سزادراویش میوانداریی سۆران ده‌كات، سه‌رجه‌م یارییه‌كان كاتژمێر (2:30) به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و برایه‌تی له یاریی لوتكه به‌یه‌كده‌گه‌ن
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، له به‌رزاییه‌كانی پیرمام میوانداری سه‌وزپۆشه‌كانی پایته‌خت ده‌كات، سه‌میر بابۆ، ده‌یه‌وێت دوای یه‌كسانبوونه‌كه‌ی گه‌ڕی رابردووی له‌دژی زاخۆ، به زووی بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر رێچكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی و له ململانێكردن له‌سه‌ر نازناوه‌كه دوورنه‌كه‌وێته‌وه، بۆیه دیه‌وێت به بردنه‌وه له برایه‌تی هه‌نگاوێكی باش بۆ پێشه‌نگی خوله‌كه بهاوێژێت، گرفتی سه‌میر بابۆ له ناوه‌ڕاستدایه، به‌تایبه‌ت له دروستكردنی هێرشه‌كان له‌سه‌رخۆ و هێواشن، پێكانی بژار مه‌هدی گورزێكی كوشنده‌بوو به رپێكهاتهكهی سه‌میر بابۆ كه‌وت، به‌ڵام بوونی یاریزانی لاوی وه‌ك هه‌ڵگورد و توانا ئه‌مین خاڵی باشن بۆ تیپه‌كه و شوێنگره‌وه‌ی باشن، 4 خاڵیان هه‌یه.
برایه‌تی به راهێنه‌رایه‌تی هێور مسته‌فا، یارییه‌كیان دۆڕاندا و یارییه‌كیش براوه‌ن، ئه‌مه به تاقیكردنه‌وه‌ی راسته‌قینه بۆ ئه‌و راهێنه‌ر لاوه داده‌نرێت، تا تواناكانی به‌رانبه‌ر سه‌میر بابۆ بزانرێت، برایه‌تی خاوه‌ن چه‌ند یاریزانێكی لاوه كه خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌ن، 3 خاڵیان هه‌یه، گه‌ڕی رابردووش به‌رانبه‌ر سهیدسدق به براوه هه‌ژماركران.
ده‌ربه‌ندیخان و شێروانه له دێربی كه‌لار رووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه
ده‌ربه‌ندیخان له یاریگه‌ی خۆی میوانداری دراوسێ ركابه‌ره‌كه‌ی ده‌كات، كه ئه‌م دوو یانه‌یه به‌هۆی لێكنزیكیان كێبڕكێیه‌كی تووند له‌نێوانیان هه‌یه، هه‌رێم كه‌لاری راهێنه‌ر، یاریی رابردوو دۆڕاوه ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر حسابی شێروانه‌ی یانه‌ی پێشووی خۆی، له‌گه‌ڵ هانده‌رانی ده‌ربه‌ندیخان ئاشتبێته‌وه، 3 خاڵی هه‌یه، خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌ی هه‌رێم له ناوهڕاستییهتی كاتێك حه‌مه‌ی سابیر و شوانه كه‌مال به‌یه‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌ون سه‌رئێشه بۆ تیپه‌كان دروستده‌كه‌ن.
شێروانه له دوو یاریی رابردوو شكستێك و بردنه‌وه‌یه‌كی هه‌یه، به‌ڵام هێشتان ئاستی راسته‌قینه‌ی ئه‌و تیپه نه‌بینراوه، بۆیه به یارییه‌كی گرنگ بۆ شێروانهیهكان هه‌ژمارده‌كرێت، ته‌نها 3 خاڵیان هه‌یه، پێكهاته‌ی شێروانه زۆربه‌یان لاون و پێویستیان به كات و یاریی زیاتره تا بێنه نێو كه‌ش و هه‌وای خولی نایابی كوردستان.
ئارارات ده‌یه‌وێت زاخۆ به ده‌ردی ئاكرێ ببات
یانه‌ی ئارارات له یاریگه‌ی خۆی میوانداری زاخۆ ده‌كات، ئارارات له دوو یاریی رابردوو بردنه‌وه‌یه‌ك و یه‌كسانبوونێكی هه‌یه، به ئه‌نجامێكی گه‌وره له ئاكرێ گه‌ڕایه‌وه، ئه‌مه له رووی ده‌روونیه هێزێكی زیاتر به تیپه‌كه‌ی عه‌بدوڵلا مه‌حمود ده‌به‌خشێت، به‌ڵام ده‌بێ وریبان له‌خۆبایبوون نه‌یانگرێت، چونكه اخۆ تیپێكی وشكه و به به‌رگرییه‌كی باش یاریی ده‌كات.
زاخۆ به‌رده‌وام تیپێكی وشك و به‌رگری به‌هێز و تووند شێوازی یاریكردنییهتی، به ئاسانی خۆبهدهستهوهنادهن، گه‌ڕی رابردوو له‌گه‌ڵ تیپێكی به‌هێز یه‌كسانبوونه، كه پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێربوو، له‌نێو سه‌یدسادقیش 3 خاڵی گرنگیان به‌ده‌ستهێنا، بۆیه پێشبینی ئاستێكی به‌رز له‌و یانه‌یه ده‌كرێت، 4 خاڵیان هه‌یه.
سه‌یدسادق و سۆران رووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه
یانه‌ی سه‌یدسادق له‌یاریگه‌ی خۆی میوانداری سۆران ده‌كات، سه‌یدسادق له‌گه‌ڕی دووه‌م سزادارو به دۆڕاو هه‌ژماركرا، چه‌ند یارییه‌كیش به بێ ئاماده‌بوونی هانده‌ر یارییه‌كانی ده‌كات، سه‌یدسادق پێچه‌وانه‌ی وه‌رزی رابردوو زۆر به خراپی ده‌ركه‌وت و له كۆی دوو یاریی دوو دۆڕانی هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و كێشه دارایانه‌ی به‌رۆكی یانه‌كه‌ی گرت، ئه‌م یانه‌یه ئێسته ئاستی به‌و شێوه خراپه ده‌رده‌كه‌وێت.
سۆران له یاریی رابردوو پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كان توانی له ده‌ربه‌ندیخان بباته‌وه، ره‌فیق سه‌عیدی راهێنه‌ر له یاریی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن تووشی دۆڕانێكی گه‌وره‌هات و به 4 گۆڵ دۆڕا، به‌ڵام له یاریگه‌ی خۆی توانی به 3 گۆڵ له ده‌ربه‌ندیخان بباته‌وه، ئاستی سۆران هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی پێوه‌دیاره، بۆیه تا ئێسته ئاستی راسته‌قینه‌ی تیپه‌كه ده‌رنه‌كه‌وتووه، ره‌فیقی راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت له یارییه ئاستی راستقینه‌ی تیپكهی و جێگیری له پێكهاتهكی نیشان بدات، 3 خاڵیان هه‌یه.

