گرێبه‌سته‌كه‌ی ئمباپێ كێشه‌ بۆ یانه‌ی پاریس دروست ده‌كا

به‌هۆی زۆریی بڕی بۆندی كیلیان ئمباپێوه‌، كێشه‌ له‌ نێو ڕیزه‌كانی یانه‌ی پاریس سان جێرمان دروست ده‌بێت.

دوێنێ دووشه‌ممه‌، مێدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌، بڕی بۆندی كیلیان ئمباپێ، ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی پاریس سان جێرمان له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یدا یه‌كجار زۆره‌، ئه‌وه‌ش هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ی له‌ نێو یانه‌كه‌دا دروست كردووه‌.

رۆژنامه‌ی لۆ باریزیانی فه‌ره‌نسی بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ كارگێڕیی پاریس سان جێرمان، له‌گه‌ڵ به‌شێكی ئه‌ستێره‌كانی یانه‌كه‌ی قسه‌ی كردووه‌، كه‌ رازی بن بۆ ئه‌وه‌ی پاداشت و پاره‌ی بۆنده‌كانیان، بۆ هاوینی 2023 دوابخرێت.

كۆی گشتیی بۆندی سێ ساڵه‌ی ئمباپێ، بڕی 630 ملیۆن یۆرۆ له‌سه‌ر یانه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ ده‌كه‌وێ، كه‌ ده‌كاته‌ چواریه‌كی بودجه‌ی یانه‌كه‌، ئه‌مه‌ش ترسی له‌ دڵی به‌شێكی فه‌رمانبه‌رانی یانه‌كه‌، كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 600 كه‌س، دروست كردووه‌.

ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ دواخستنی پێدانی مووچه‌ و پاداشتنی فه‌رمانبه‌ران و یاریزانان، له‌ دوای ساڵی 2020 و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، له‌ یانه‌ ئه‌ورووپییه‌كاندا بووه‌ ڕێكارێك.

ئاشكراشی كردووه‌، كه‌ هه‌ر بۆندی ئه‌و یاریزانه‌، وای كردووه‌ بودجه‌ی یانه‌كه‌ بۆ ده‌ستخستنی یاریزانی تازه‌ و مۆركردنی بۆندی نوێ، له‌ 150 ملیۆن یۆرۆوه‌ بۆ 50 ملیۆن یۆرۆ كه‌م كرایه‌وه‌ و به‌شێكی یاریزانانی به‌شێوه‌ی خواستن به‌ڕێ كرد.

رۆژنامه‌كه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ پی ئێس جی، به‌ده‌ست كورتهێنانی داراییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ، كه‌ له‌ كۆتاساڵی دارایی خۆیدا، 350 ملیۆن یۆرۆ كه‌می كرد.

هه‌روه‌ها یانه‌ پاریسییه‌كه‌ ناچار بوو، به‌هۆی دۆخه‌ سه‌خته‌ داراییه‌كه‌یه‌وه‌، ناچار بوو ئه‌و سزا 55 ملیۆن یۆرۆییه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پێندرابوو، به‌پێی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یوفا، هه‌ڵیپه‌سێرێ.

ھەواڵی زیاتر