تیروپشکی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بۆ وەرزی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ راكێشرا

دوای چەندین ساڵ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەشێوازی خول بەڕێوەدەچێت، ساڵانی ڕابردوو خولەکە بەشێوازی ناوچەی جوگرافی و بە دوو کۆمەڵە بەڕێوەدەچوو، ئەمەیش زۆرجار گلەیی یانەکانی لێدەکەوتەوە، بەڵام ئەم وەرزە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا هەر ١٩ یانەکە بەیەکەوە یاری بکەین و یارییەکان بە یەک قۆناغ بێت، بڕیاریش وایە یەکەم گەڕی یارییەکان لە ١٤ ی مانگی داهاتوو دەسپێبکات و پێنج ڕۆژ جارێک یارییەکان ئەنجام دەدرێن.

ڕۆژنامەی هەولێر ناوی سەرجەم ئەو یانانە بڵاودەکاتەوە کە لە ماوەی چواردە وەرزی ڕابردوو بونەتە پاڵەوانی خولەکە.

تیروپشکی خولەکە ئەنجامدرا

بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم یانەکانی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، تیروپشکی خولەکە ئەنجامدرا، بەر لەدەسپێکی تیروپشکەکە چەند ڕونکردنەوەیەک لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە درا، بڕیاردرا دوو یانە دابەزن بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکانی کوردستان و دوو یانەی خاوەن پلەکانی یەکەم و دووەمیش سەربکەون بۆ ڕیزی یانە پلە نایابەکانی کوردستان، تارق عەبدولرەحمان سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان باسی پلانی فیدراسۆنەکەی کرد بۆ ساڵانی داهاتوو گووتی: وەک فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان پلانی ئەوەمان هەیە کە بۆ وەرزی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ ژمارەی یانەکانی خولی نایاب بکەین بە ١٢ یانە و ژمارەی یانەکانی خولی پلە یەکەکانیش بکەین بە ١٤ یانە، ئەمەیش لەپێناو زیاتر بەرەوپێش چوونی خولەکان، کە وادەکات ڕکەبەری زیاتر بێت و ئاست و توانای یاریزانان زیاتر دەرکەوێت و بەمەیش یاریزانی زیاتر دروست دەبن.

دواتر تیروپشکی خولەکە ئەنجامدرا و هەر یانەیەک ٩ یاری لە یاریگەی خۆی و ٩ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، خولەکە بوشێوازی خول و بەیەک قۆناغ هەر ٥ ڕۆژ جارێک بەڕێوەدەچێت لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەسپێدەکات.

خشتەی یەکەم گەڕ بەمشێوەیە دەبێت:

پیشەسازی – ڕزگاری – یاریگەی پیشەسازی

بابان – هەولێر – یاریگەی بابان

برادۆست – بروسک – یاریگەی برادۆست

سێمێل – ڕەواندوز – یاریگەی سێمێل

شۆڕیجە – سلێمانی – یاریگیە شۆڕیجە

خانەقین – ڕانیە – یاریگەی خانەقین

بازیان – خاک – یاریگەی بازیان

کۆیە – هەڵۆ – یاریگەی کۆیە

گارە – قەڵادزێ – یاریگەی گارە

زانکۆی جیهان چاوەڕوانە

سەرجەم ئەو یانانە بناسە کە لە ماوەی ڕابردوو پاڵەوان بوون

 لە وەرزی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ تەنیا خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچوو کە ٣٢ یانە بەشدار بوون، یەکەم وەرز وەک پۆڵینێک بوو بۆ یانەکان و ژمارەی یانەکانی پلە یەک دیاریکرا، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ یەکەم وەشانی خولی یانە پلە یەکەکان بەڕێوەچوو، کە ئەو کات یانەی سەورە بووە پاڵەوانی خولەکە، تا ئێستا چواردە وەشانی خولەکە ئەنجامدراوە، یانەکانی دهۆک و سیروانی نوێ و شێروانە هەریەکەو دووجار بوونە پاڵەوان کە زۆرترین جارە، وەرزی ڕابردوو هەردوو یانەی چوارقوڕنە و ئاکرێ گەیشتنە خولی نایابی کوردستان، بەڵام یاری بوون بە پاڵەوان بوونیان ئەنجامنەدا.

ناوی سەرجەم ئەو یانانەی لە ماوەی ١٤ وەرزی ڕابردوو بوونە پاڵەوانی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەم شێوەیەیە:

٢٠٠٧- ٢٠٠٨ پاڵەوان یانەی سەورە

٢٠٠٨- ٢٠٠٩ پاڵەوان یانەی شێروانە

٢٠٠٩-٢٠١٠پاڵەوان یانەی سلێمانی

٢٠١٠- ٢٠١١ پاڵەوان یانەی شێروانە

٢٠١١ – ٢٠١٢ پاڵەوان یانەی دهۆک

٢٠١٢- ٢٠١٣ پاڵەوان یانەی ئاڵا

٢٠١٣ – ٢٠١٤ پاڵەوان یانەی برایەتی

٢٠١٤- ٢٠١٥ پاڵەوان یانەی گارە

٢٠١٥- ٢٠١٦ پاڵەوان یانەی سیروانی نوێ

٢٠١٦ – ٢٠١٧ خولی پلەیەک ئەنجام نەدرا

٢٠١٧ – ٢٠١٨ پاڵەوان یانەی دهۆک

٢٠١٨ – ٢٠١٩ پاڵەوان یانەی سیروانی نوێ

٢٠١٩-٢٠٢٠ پاڵەوان یانەی چەمچەماڵ

٢٠٢٠-٢٠٢١ پاڵەوان یانەی سەیدسادق

٢٠٢١-٢٠٢٢ پاڵەوان یانەکانی چوارقوڕنە – ئاکرێ

ھەواڵی زیاتر