نهێنییه‌ك له‌باره‌ی گریزمانه‌وه‌ ئاشكرا كرا

تین هاگ له‌باره‌ی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆوه‌ چی گوت؟

نهێنییه‌ك له‌باره‌ی گریزمانه‌وه‌ ئاشكرا كرا

سه‌رۆكی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، له‌باره‌ی بۆنده‌كه‌ی ئه‌نتوان گریزمانی یاریزانی فه‌ره‌نسییه‌وه‌، نهێنییه‌كی له‌ نێو بۆنده‌كه‌دا ئاشكرا كرد.

خوان لاپۆرتا، سه‌رۆكی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، رایگه‌یاند، كه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید، به‌ شێوه‌یه‌كی كۆتایی گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن.

گریزمان ئێسته‌ به‌ شێوه‌ی خواستن له‌ به‌رشلۆنه‌وه‌ چووه‌ته‌ یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید، له‌ نێو بۆنده‌كه‌دا خاڵێك ئاماژه‌ی به‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید ده‌توانێ به‌ بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ به‌ یه‌كجار و كۆتایی بیكڕێته‌وه‌.

فابریزیۆ رۆمانۆ، شاره‌زا و ئاگه‌داری بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان  و راهێنه‌ران له‌ ئه‌ورووپا، ڕایگه‌یاند، كه‌ خوان لاپۆرتا ئاشكرای كردووه‌، به‌پێی ڕێككه‌وتنێكی نوێ، ئه‌نتوان گریزمان به‌ یه‌كجاری و بۆ هه‌میشه‌ بووه‌ یاریزانی یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید و هه‌ردوو یانه‌ له‌و رووه‌وه‌ ڕێك كه‌وتوون.

سه‌رۆكی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ بڕه‌پاره‌یه‌كی جێگیر (20) ملیۆن یۆرۆ وه‌رده‌گرن، له‌گه‌ڵ هه‌ندێ گۆڕانكاریی تر كه‌ ده‌گاته‌ 4 ملیۆن یۆرۆ، هه‌روه‌ك به‌رشلۆنه‌ بۆ داهاتوو جیاوازیی نرخه‌كه‌ش وه‌رده‌گرێ، گه‌ر ئه‌تله‌تیكۆ سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی بتوانێ ئه‌نتوان گریزمانی فه‌ره‌نسی به‌ 40 ملیۆن یۆرۆ بفرۆشێ.

لاپۆرتا ئه‌وه‌شی راگه‌یاندووه‌، كه‌ گه‌ر گریزمان بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌رشلۆنه‌، پێویسته‌ ئیمه‌ مووچه‌یه‌كی پێ بده‌ین بگاته‌ 36 ملیۆن یۆرۆ، ئه‌مه‌ش ناگونجێ.

تین هاگ له‌باره‌ی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆوه‌ چی گوت؟

ئیریك تین هاگ، راهێنه‌ری یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی، چاوه‌ڕێی ئاست و ئه‌نجامی باشتر له‌ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ده‌كا، دوای ئه‌وه‌ی گۆڵی ژماره‌ 700ی له‌سه‌ر ئاستی یاریی یانه‌كاندا تۆمار كرد. له‌و یارییه‌ی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد له‌ گه‌ڕی 10ی پرێمه‌ر لیگ به‌ ئه‌نجامی 2-1 گۆڵ له‌ یانه‌ی ئێڤه‌رتۆنی برده‌وه‌ و ڕۆناڵدۆ گۆڵی دووه‌م و بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد، ژماره‌ی گۆڵه‌كانی بووه‌ 700 گۆڵ.

ڕۆناڵدۆ له‌و یارییه‌دا یه‌ده‌گ بوو، به‌ڵام ئه‌نتۆنی مارسیاڵ تووشی پێكان هات و به‌و هۆیه‌وه‌ ڕۆناڵدۆ له‌ خوله‌كی 29 چووه‌ نێو یاریگه‌، دوای 15 خوله‌ك له‌ به‌شداریكردنی گۆڵی دووه‌م و پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی یانه‌كه‌ی تۆمار كرد.

له‌ ماوه‌ی هاویندا، ده‌نگۆیه‌كی زۆر له‌سه‌ر ڕۆناڵدۆ هاته‌ ئاراوه‌ به‌وه‌ی ده‌یه‌وێ ریزه‌كانی یانه‌كه‌ی جێ ده‌هێڵێ، به‌هۆی به‌شدارینه‌كردنی یانه‌كه‌ی له‌ چامپیۆنس لیگ و نه‌توانینی ڕكه‌به‌ری له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی خوله‌كه‌. ئێسته‌ش ئه‌گه‌ری رۆییشتنی له‌ ماوه‌ی زستانه‌دا له‌ یانه‌كه‌ هه‌یه‌، به‌ هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌ی خرانه‌ روو.

رۆناڵدۆ به‌شدارییه‌كی كه‌می له‌ یارییه‌كاندا هه‌یه‌ و تا پێش یاریی ڕابردوو، ته‌نیا 207 خوله‌ك به‌شداریی پرێمه‌ر لیگی ئه‌م وه‌رزه‌ی كردبوو.

به‌ڵام به‌ گه‌یشتن به‌و ژماره‌ گۆڵه‌، جارێكی تر گرنگیی ڕۆناڵدۆی 37 ساڵ ‌وه‌ بیر راهێنه‌ر هاته‌وه‌ و خۆشحاڵیی خۆی به‌ بوونی ڕۆناڵدۆ له‌ یانه‌كه‌ی ده‌ربڕی و پیرۆزبایی گۆڵه‌كانی لێ كرد، كه‌ یه‌كه‌م گۆڵی ئه‌م وه‌رزه‌یه‌تی و ده‌شڵێ: متمانه‌مان هه‌یه‌ كه‌ گۆڵی زۆر زیاتریش ده‌كا.