یانە کوردییەکان لە گەڕی یەکەمی خولی نایابی عێراقی ئەرکیان قووڕسە

ئه‌مڕۆ دووشەممە گه‌ڕی یه‌كه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی بەردەوامی دەبێت، دوای قسه‌ و باسێكی زۆر كێشه‌یه‌كی زۆر له‌ نێوان یانه‌كانی دابه‌زی و بۆ خولی پلەیه‌كه‌كان، دواجار فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی تیروپشكه‌كه‌ی ئه‌نجامدا و دوێنێش یارییه‌كانی ئه‌نجام دران، كه‌ یه‌كه‌مجارە 4 یانەی جیاوازی کوردستان بەشداربن.

یارییه‌كانی رۆژی دووشه‌ممه‌

له‌ یارییه‌كانی رۆژی دووشه‌ممه‌، هه‌ولێر كاتژمێر (03:00) له‌ یارییه‌كی به‌هێز و زه‌حمەتدا رووبه‌ڕوی میوانی تازه‌ی خوله‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ یانه‌ی كه‌ربه‌لایه‌، یارییه‌كه‌ له‌ كه‌شێكی گه‌رم و له‌ شاری كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ربه‌لا تازه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ خولی نایابی عێراقی، بۆیه‌ به‌زه‌حمه‌ت بۆ هه‌ولێر خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نادات، هه‌ولێر به‌ر له‌ هه‌موو یانه‌كان به‌شێویه‌كی باش خۆی بۆ خوله‌كه‌ ئاماده‌كردووه‌، خاڵه‌ به‌هیزه‌كانی هه‌ولێر بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ به‌رگری و ناوه‌ڕاست ده‌بینرێ، نزار مەحروسی راهێنەر باس لە نەبوونی هێرشبەرێکی سووپەر دەکات بۆ پێکهاتەکەی و پێیوایە لوشوێنە گرفتیان هەیە.

زاخۆ رووبەڕووی پاڵەوانی جامی عێراقی دەبێتەوە

زاخۆی ده‌لال له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی میوانی یانه‌ی كه‌رخه‌، یانه‌ی كه‌رخ ئۆردوگای مه‌شق و راهێنانی له‌ شاری هه‌ولێر كرده‌وه‌، تاكه‌ یاریزانی كورد له‌و یانه‌یه‌ شێرزاد محه‌مه‌دی كاپتنی وه‌رزی پێشووی یانه‌ی هه‌ندرێنه‌، كه‌ له‌ هێڵی به‌رگری یاری ده‌كات، زاخۆ به‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌وه‌ خۆی بۆ یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه ئاماده‌كردووه‌، حه‌مزه‌ هادی راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت مێژووێكی جوان بۆ خۆی له‌گه‌ڵ زاخۆییه‌كان بنووسێته‌وه‌، یارییه‌كه‌ش له‌ كاتژمێر (3) به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

نەورۆز میوانی نەفتی بەسڕەیە

له‌ هه‌مان رۆژ له‌ كاتژمێر (04:00)ـی ئێواره‌، نه‌ورۆز بە راهێنه‌ریه‌تی وه‌لی كه‌ریم له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی نه‌فتی به‌سڕه‌، كه‌ نه‌ورۆز وه‌رزی رابردوو یه‌كه‌مجاربوو به‌شداری له‌ خولی نایابی عێراقی بكات، كه‌چی پله‌ی هه‌شته‌می خوله‌كه‌ی به‌ده‌ستهینا، خاڵی به‌هێزی نه‌ورۆز ئاسۆ رۆسته‌م بوو وه‌رزی رابردوو، كه‌ 18 گۆڵی له‌ خوله‌كه‌ كردوو پله‌ی دووه‌می گۆڵكارانی هه‌بوو، به‌ڵام په‌یوه‌ندی به‌ سالمیه‌ی كوێتی كرد و نه‌ورۆزی جێهێشت.

دهۆک رووبه‌ڕووی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابروو ده‌بێته‌وه‌

دهۆكی تازه‌ گه‌ڕاوه‌ بۆ خولی نایابی عێراقی خاوه‌ن یه‌ك نازناوی خولی نایابی عێراقی له‌ یارییه‌كی زه‌حمه‌ت و به‌هێزدا له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی شوڕته‌ی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردووی خوله‌كه‌ ده‌كات، دهۆك به‌ زه‌حمه‌ت توانی بۆ  جارێكیتر بگه‌ڕێته‌وه‌ خولی نایابی عێراقی، ئێسته‌ش ته‌نها هه‌وڵی مانه‌وه‌ له‌و خوله‌ ده‌ده‌ن دواتر به‌رنامه‌ بۆ وه‌رزه‌كانی دیكه‌ داده‌ڕێژن، كارگێڕی تازه‌ی دهۆك به‌شێویه‌كی زیره‌كانه‌ كاریان كردوو سه‌ركه‌وتووبوون له‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی یانه‌ی دهۆك بۆ خوله‌كه‌، كه‌ سلێمان ره‌مه‌زانی راهێنه‌ری خاوه‌ن 4 نازناو له‌ خولی نایابی كوردستان، توانی خه‌ونی هانده‌رانی یانه‌ی دهۆك بهێنێته‌دی و جارێكیتر بگه‌ڕێنه‌وه‌ نایابی عێراقی.

قوه‌ی جه‌ویه‌ی خاوه‌ن پله‌ی دووه‌م له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی یانه‌ی نه‌جه‌ف ده‌كات، جه‌ویه‌ به‌شێویه‌كی باش خۆی بۆ خوله‌كه‌ ئاماده‌كردووه‌، ده‌یه‌وێت، له‌چاو وه‌رزی رابردوو ئه‌نجامێكی باشتر تۆماربكات و پله‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنێت، جه‌ویه‌ بشێك له‌ یاریزانای هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی تێدایه‌ و تیپێكی به‌هێز و تۆكه‌ن له‌ خوله‌كه‌، له‌ هه‌مان رۆژ نه‌فتی مسان له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی نه‌فت ده‌كات، له‌ شاری به‌سڕه‌.

 خولی نایابی عێراقی ئه‌م وه‌رزه‌ بڕیاره‌ 3 یانه‌ بۆ ریزی پله‌یه‌كه‌كان دابه‌زن و ته‌نها دوو یانه‌ش له‌ ریزی پله‌ یه‌كه‌كان بۆ خولی نایاب سه‌ربكه‌ون، به‌مه‌ش بتوانن وه‌رزی داهاتوو ژماره‌ی یانه‌ نایابه‌كان بگه‌ینه‌ 18 یانه‌، هه‌ولێر له‌ نێو یانه‌ كوردییه‌كان زۆرترین نازناوی بردووه‌ته‌وه‌ كه‌ (4) نازناوه‌، دهۆكیش تاكه‌ نازناوێكی هه‌یه‌.

یانه‌ی زه‌وڕاش خاوه‌ن زۆرترین نازناوه‌، كه‌ 14 جار بووه‌ته‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی عێراقی، له‌م ساڵانه‌ی دوایی یانه‌كانی شوڕته‌ و جه‌ویه‌ باڵاده‌ستیان به‌سه‌ر خوله‌كه‌دا هه‌بووه‌ نازناوه‌كان له‌نێوان ئه‌م دوو یانه‌یه‌ یه‌كلابووه‌ته‌وه‌.