لیستی ده‌وڵه‌مه‌نترین یاریزانانی 2022 بڵاوكرایه‌وه‌

به‌پێی توێژینه‌وه‌ی گۆڤاری فۆربێسی ئه‌مریكا، كلیان مباپێ هه‌ڵگری نازناوی مۆندیالی 2018 له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 128 ملیۆن دۆلار پێشه‌نگی ئه‌ستێره‌كانی تۆپی پێی گرتووه‌ له‌ ڕووی كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین داهات.

گۆڤاری فۆربس ئه‌مریكا لیستی زۆرترین مووچه‌ی یاریزانانی له‌ ساڵی 2022 بڵاوكرده‌وه‌ تێیدا كلیان مباپێ له‌ پله‌ی یه‌كه‌م مایه‌وه‌، به‌ڵام محه‌مه‌د سه‌ڵاح له‌ مێسی و كریستیانۆ نزیك بووه‌ته‌وه‌ و خه‌ریكه‌ كۆتایی به‌ سه‌رده‌می ئه‌و دوو ئه‌ستێره‌یه‌ بێنێت.

لیۆنێل مێسی له‌ دوای ساڵی 2014ـه‌وه‌ یه‌كه‌مجار داهاته‌كه‌ی بۆ 120 ملیۆن یۆرۆ داده‌به‌زێت پله‌ی دووه‌می گرتووه‌.

كریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد به‌ 100 ملیۆن دۆلار بۆ پله‌ی سێیه‌م دابه‌زیوه‌ و تا دێت له‌ لیستی ده‌وڵه‌مه‌نترین یاریزانانی تۆپی پێ دێته‌خواره‌وه‌.

مێسی و كریستیانۆ له‌ ته‌مه‌نی 30 ساڵی توانیان بۆ یه‌كه‌مجار داهاتی ساڵانه‌یان بگاته‌ 100 ملیۆن دۆلار، به‌ڵام كلیان مباپێ له‌ ته‌مه‌نی 23 ساڵی ئه‌و ریكۆرده‌ی شكاند.

نێیمار دا سیلڤا سێیه‌مین ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلییه‌ له‌ ریزبه‌ندییه‌كانی سه‌ره‌وه‌ دایه‌ كه‌ تێیدا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 87 ملیۆن دۆلار له‌ ساڵێكدا پله‌ی چواره‌می گرتووه‌.

له‌ پله‌ی پێنجه‌م محه‌مه‌د سه‌ڵاح ئه‌ستێره‌ی میسری یانه‌ی لیڤه‌رپوول دێت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 53 ملیۆن دۆلار له‌ ساڵێكدا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ سه‌ڵاح له‌ هاوینی رابردوو گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نوێكرایه‌وه‌ و بووه‌ خاوه‌نی زۆرترین مووچه‌ له‌ مێژووی لیڤه‌رپوول كه‌ ساڵانه‌ 18 ملیۆن پاوه‌ند وه‌رده‌گرێت.

له‌ پله‌ی شه‌شه‌م تا ده‌یه‌م به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت: ئێرلینگ هالاند 39 ملیۆن دۆلار، رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی 35 ملیۆن دۆلار، ئیدین هازارد 31 ملیۆن دۆلار، ئه‌ندریا ئینیێستا 30 ملیۆن دۆلار، كیڤن دی برۆین 29 ملیۆن دۆلار.