بهرزی مهحموود، كچه وهرگێڕێكی گهنجی نیشتهجێی سلێمانییه، قوتابیی قۆناغی دووی كۆلێجی زمانی ئینگلیزییه، ناوبراو چهند بهرههمێكی وهرگێڕدراوی ههیه، تازهترین كتێبی له بواری وهرزش و چۆنیهتی مهشقدانهوه و راهێنانه به تیپی تۆپی پی، كه وهكوو خۆی دهڵێ، سوودێكی زۆری بۆ تیپهكانی تۆپی پێ دهبێ. رۆژنامهی ههولێر، دیدارێكی لهگهڵ بهرزی كردووه و خۆی باسی كار و شێوازی وهرگێران و ههوڵهكانی لهو بوارهدا دهكا.
* كورتهیهك لهبارهی خۆتهوه
– من بەرزی مهحموود، تهمهنم 22 ساڵه، وەرگێڕ، سەرەتای دەستکردنم بە کاری وەرگێڕان دەگەڕێتەوە بۆ پێش خوێندم لە کۆلێجی زمانی ئینگلیزی. سەرەتا وەك بەهرەیەك دەستم کرد بە وەرگێڕانی ژیاننامەی چەند کەسایەتییەکی ناودار و چەند فیلمێك. دوایی بەردەوامییەکی زۆر کتێبی (چۆن ڕاهێنان بە تیپێکی تۆپی پێ بکەین) وەك یەکەمین کتێبی وەرگێڕدراوی بڵاوکراوەم لە ڕێورەسمێکدا ناسێندرا.
* دواوهرگێڕانت، كتێبیێكی وهرزشییه، چۆن بیرۆكهی ئهوهت بۆ دروست بوو؟
– بیرۆکەی وەرگێڕانی کتێبێکی وەرزشی لەو شێوەیە کە ناوەڕۆکەکەی یاریدهدهرێكی گەورە دەبێت بۆ پلاندانانی ڕاهێنانی سەرکەوتوو بە تەکنیکی سەردەمییانە، بیرۆکەکە لەلایەن فێرگەی وەرزشی تەقتەقەوە پێشکەشم کرا و منیش بە خۆشحاڵییەوە هەموو هەوڵێکی خۆم دا بۆ ئەوەی بە زمانێکی ئاسان و ڕەوان وەرگێڕانی بۆ بکەم، بۆ ئەوەی هەموو وەرزشوانان سوودمەند بن. بە هۆی باردۆخی جیهان لە دوای فایرۆسی کۆرۆنا کتێبەکە چاپکردنی دواکەوت، بەڵام ئێستا بۆ هەموو وەرزشوانان بەردەستە. بە چەند سهختییهكدا تێپەڕیم لە کاتی وەرگێڕانیدا، بەهۆی ئەوەی یەکەمین ئەزموونم بوو کە کتێبێك وەربگێڕم و لەو تەمەنە کەمەدا و لە قۆناغی دووەمی زانکۆدا، سەرباری بەرپرسیاریەتی خوێندن و ژیان، توانیم لە ماوەیکی کەمدا وەرگێڕانەکە تەواو بکەم بە هاوکاریی خێزانەکەم، کە هەمیشە ڕێخۆشکەر بوون بۆم و ژینگەیەکی گونجاویان بۆ دروست کردووم تا بتوانم بە ئاسانتر بە ئامانجەکانم بگەم.
* ناوهڕۆكی كتێبه وهرزشییهكه چییه و كێ دهتوانێ سوودی لێ وهربگرێ؟
– کتێبی (چۆن ڕاهێنان بە تیپێکی تۆپی پێ بکەم) پێک هاتووە لە سەد پلانی ئامادەکراو بۆ ڕاهێنان و دوو کێشەی سەرەکی کە دەبنە هۆی پێشکەشکردنی ئاستێكی خراپ لەلایەن تیپەکەت و لەگەڵ چارەسەری ئەو کێشانە و هەروەها لە کۆتاییشدا پلانی تەواوی شەش یاریت دەداتێ. جێبەجێکردن و شوێنکەوتنی پلانەکان و ئامۆژگارییەکانی ناو ئەم کتێبە لە لایەن یاریزان و ڕاهێنەرەکانەوە دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنێکی باش له ئەنجامی تیپەکەیان. کتێبەکە لە نووسینی یاریزان و ڕاهێنەری ئینگلیز تۆنی کارە. کە یەکێکە لە کەسایەتییە گرنگ و زیرەکەکانی تۆپی پێی ئینگلیزی. بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، خوێنەر ئاشنا دەبێت بە هەموو پێویستییەکانی بۆ سەر گۆڕەپانەکە و پێویستییە دارایی و مەعنەوییەکانی یاریزانەکان. کە هەموو ڕاهێنانەکان بە شێوەیەکی زۆر ورد داڕێژراون و شوێنی یەك بە یەکی یاریزانەکان دیاری کراوە لەگەڵ هەموو جووڵەیەکیاندا.
* له وهرگێڕانت، پهیڕهوی سیستهمی دهق، یان گهیاندنی بیرۆكهكه دهكهی؟
– لە کاتی وەرگێڕاندا هەمیشە ئەوەم لەیاد بووە کە ئەم کتێبە پێشکەشە بە هەموو وەرزشوانان لە هەموو تەمەن و ئاستێك، بۆیە هەوڵم داوە دەقەکان بە زمانێکی ڕەوان و ئاسان دابڕێژمەوە. وەرزش لە کوردستان وەك هەموو دەزانین گرنگییەگی ئەوتۆی پێنادرێت و هیچ لایەنێك ڕاستەوخۆ بەرپرسیاریەتیی وەرزش لە ئەستۆ ناگرێت و، باردۆخی وەرزشی بە قەیرانی بێ یاسایی و بێ مەنهەجیدا دەڕوات. هیوادارین کە هاوشێوەی وڵاتانی تر گرنگیی زیاتری پێ بدرێت و بکرێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئەو یاریزان و ئەستێرە شاراوانەی کورد کە تا ئێستا هەلێکیان نەبووە بۆ درەوشانەوە. هیوادارم چەندان کتێبی دیکەی لەم جۆرە کە لەلایەن کەسانی شارەزای پڕئەزموون نووسراوە وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی تا وەرزشی ئێمەش لە ڕووی زانیاری و تەکنیکی سەردەمی هیچی کەمتر نەبێت، بۆ من شانازییەکی گەورە بوو کە بتوانم کەلێنێکی بچووک لە کتێبخانەی کوردی بەشی وەرزش پڕ بکەمەوە. زۆر سوپاسی هەموو لایەك و ئێوەش ئەکەم بۆ بەرز ڕاگرتنی هەوڵ و ماندووبونەکانمان، و هاندانمان بۆ بەردەوامی.