یانەی بروسک ستافی نوێی ڕاهێنەرانی بۆ خولی پلەیەکی کوردستان دیاریکرد

ماوەی کەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ دەسپێکی یارییەکانی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، یانەی بروسک یەکێکە لە یانە بەشدارەکانی خولەکە یانەکە ستافی ڕاهێنەران نوێی بۆ وەرزی نوێی خولەکە دیاری کرد، دەربارەی پلان و ئامانج و دۆخی دارایی یانەکە و ئامادەکارییەکانی تیپەکە بۆ خولی پلە یەکی کوردستان سەرۆکی یانەی بروسک قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد.

خەرجی یانەکەمان دوو پڕۆژەی وەرزشیە

ماوەی دوو ساڵە یانەی بروسک لە خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان سەرکەوتووە بۆ خولی یانە پلە یەکەکان، ماوەی چەند ڕۆژێکە یانەکە ستافی نوێی ڕاهێنەرانی دەستنیشاکردووە، دەربارەی دۆخی یانەکە و پلان و ئامانجیان مەحەمەد حەمە خان سەرۆکی یانەی بروسک قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: دەمانەوێت وەکو جاران یانەی بروسک بکەین بە یانەیەکی پێگەیاندنی یاریزانان، یانەکەی جاران دروست بکەینەوە، بناغەیەکی نوێ دابنێین چەند ساڵ بوو نەمانتوانی بابەشی کار لەسەر باشتر کردنی یانەکە بکەین، ئەمەیش بەهۆی دۆخی دارایی یانەکەوە بووە، پەلەی ئەوە ناکەین بگەڕێینەوە بۆ خولی نایابی کوردستان، ئەگەر بگەڕێینەوە خولی نایابیش ئەگەر ناغەیەکی باشت نەبێ ناتوانی لە خولی نایاب بەردەام بیت، بۆیە وەکو هەنگاوی یەکەم پلانی ئەوەمان هەیە بناغەیەک بۆ یانەکە دابنێین، وەک هەنگاوی یەکەمیش ستافی ڕاهێنەران، کە پێکهاتوون لە شوان ئەنوەر، وەک راهێنەر، بەشدار حەسەن یاریدەدەری ڕاهێنەر و مەحەمەد وەلی یاریدەدەری ڕاهێنەر دەستنیشانکرد.

دەربارەی دۆخی دارایی یانەکەیش سەرۆکی یانەی بردوسک گووتی: دوو پرۆژەمان هەیە کە جەرجی دارایی یانەکە دابین دەکات، ساڵانێکی زۆر پێش ئێستە گرێبەستیان لەگەڵ واژوو کراوە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە ناتوانێت هەموو پێداویستیەکانی یانەکە دابین بکات.

یاریگەی بروسک نۆژەن دەکرێتەوە

کاپتنەکەی پێشووی یانەی بروسک و هەڵبژاردەی کوردستان لەسەر خراپی یاریگەی یانەکەیشی قسەی کرد و گووتی: چەند ڕۆژێکە لەگەڵ کۆمپانیایەک قسەمان کردووە، سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی یاریگەکە بە تایبەت چیمەنی یاریگەکە، بڕیارمان داوە کە دەست بە نۆژەنکردنەوەی بکەین بە ماوەی کەمتر لە مانگێک کارکردنی چیمەنی یاریگەکە تەواو دەبێت، بە سیستەمێکی نوێ بەشی ژێرەوەی یاریگەکە چاک دەکەین، لە ئەگەری خراپی یاریگەی خۆمان بۆ وەرزی زستان دەبێت یەدەگی یاریگەی خۆمان دیاریبکەین، هێمای بۆ ئەوەیش کرد لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست دەکەن بە مەشقەکان و خۆیان بۆ یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان ئامادە دەکەن. یانەی بروسکی خاوەنی دوو نازناوی خولی نایابی کوردستان کە لە وەرزەکانی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ یەکەم نازناوی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێناوە، وەرزی دواتر واتا ٢٠٠٨- ٢٠٠٩ بۆ جاری دووەم بۆتە پاڵەوانی خولوکە، دواتر بەهۆی خراپی دۆخی دارایی یانەک دابەزی بۆ خولی یانە پلە یەکەکان و دواتریش دابەزی بۆ خولی یانە پلە دووەکان و ماوەی دوو ساڵە یانەکە بە ستافێکی نوێوە کاردەکات و وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ گەڕایەوە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر