یانه‌ی دهۆك مه‌ترسی بێبه‌شبوونی له‌ خولی نایابی عێراق له‌سه‌ره‌

دوای سەرکەوتنی یانەی دهۆک لەریزی پلەیەکەکان بۆ خولی نایابی عێراقی، بەهۆی کەمی ماوەی جێبەجێکردنی رێکارەکانی رێپێدان لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقییەوە، کێشە بۆ دهۆک دروستبووە، بەڵام سەرۆکی یانە دڵنیایی دەداتە هەوادارانی، کە لە توانایاندا هەیە داواکارییەکانی لێژنەی مۆڵەتپێدان تا کاتی دیاریکرا و ئامادەبکەن و بەشداری لە خولی نایابی عێراقی دەکات.

دکتۆر عەبدوڵلاجەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک رایگەیاند، وەک هەر  یانەیەکی  دیکەی بەشدار لە خولی یانە نایابەکانی عێراق، دەمانەوێت رێکارەکانی مۆڵەتدان بۆ بەشداریکردن لە خولی نایاب عێراقی بەدەستبهێنین، مافی ئەوەمان هەیە کە کاتی زیاترمان پێبدەن بۆ ئەوەی رێکارەکانی بەشداریکردن لە خولی نایابی عێراق جێبەجێبکەین،  بۆ ئەم مەبەستەش بە نووسراوی فەرمی  داوامان پێشکێشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە.

سەرۆکی یانەی دهۆک دەشڵێت: هیچ بنەمایەک بۆ بەشدارینەکردنی دهۆک لە خولی نایابی عێراقدا لە ئارادانییە و لیژنەی بەدواداچوونی رێکارەکانیش تاوەکو ئێستا بە نووسراوی فەرمی ئاگاداریان نەکردووینەتەوە، کە بڕی قەرزی سەر یانەی دهۆک چەندە، کە کێشەی گەورەی ئێمە ئەو بڕە پارەیەی پێشووە کەڵەکەبووە لەسەر یانەکە و نەدراوەتەوە، کە گرفتەکە نەبوونی پارە و زۆری بڕی پارەکەیە لەسەر یانەکە و کەمی ماوەی دانەوەی قەرزەکانە بۆمان دیاریکراوە، ئەگەر لەو ماوە نەیدەینەوە تووشی گرفتی گەورە دەبین، دەبێت لەماوەی دیاریکراو پاکتاوی سەرجەم قەرزەکانی سەر یانەکە بکەین، کە ئەمساڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی دەیەوێت خولی عێراقی هەنگاوێک لە پیشەگەربوون نزیک بکاتەوە.

وتیشی: بۆ ئەوەی هەموو بنەماکان جێبەجێبکەین و ئامادەبین بۆ بەشداریکردن لە خولەکە پێویستمان بە کاتی زیاترە.

سەرۆکی یانەی دهۆک ئاشکرای کرد،کە باوەڕی تەواوی بە تیپەکەیان هەیە، لەبەر ئەوە دەبێت، کاتی زیاترمان پێبدەن، تا رێکارەکانمان تەواوبکەین، لەکاتێکدا  تەنها 15 رۆژە سەرکەوتنمان بۆ خولی نایابی عێراق مسۆگەرکردووە.

یانەی دهۆک لەگەڵ سێ یاریزانی پیشەگەر لەسەر هێڵە، تا ریزەکانی یانەکەی پێقایم بکات و رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکەن، لە کاتێکدا ئێستە دەنگۆی  دوورخستنەوەی یانەی دهۆک، لە خولی نایابی عێراقی لە ئارادایە.

یارییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی عێراق لە 2ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی یانە بەشدارەکانی خولەکە بەتەواوی دیار نییە.

یانەی دهۆک دوای ئەنجامدانی دوو یاریی پاشکۆ گەیشتنی بە خولی نایابی عێراق و بردنەوە لە یانەکانی ناسرییە و ئەمانە بەغدا، سەرکەوتنی بۆ خولی یانە نایابەکانی عێراق مسۆگەرکرد و لەگەڵ یانەکانی هاوزمانی خۆی بەشداری دەکات کە، یانەکانی زاخۆ، هەولێر و نەورۆز لە وەرزی نوێی خولەکەدا نوێنەرایەتی کوردستان دەکەن، لە 2010 دهۆک بۆ یەکەمجار بووە پاڵەوانی خولی نایابی عێراقی.

ھەواڵی زیاتر