چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

کوردێک دەبێتە پاڵەوانی سوێد

یاریزانێکی کوردی باکووری کوردستان لە یاریی جودۆدا لەسەر ئاستی سوێد پلەی یەکەم دەباتەوە و بەشداری لە پاڵەوانێتیی جیهانیشدا دەکات.

جەمیل ئەنوەر کاراهان، ئەو یاریزانە کوردەیە و بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکی یاریی جودۆدا کرد، کە رکابەرییەکانی لە شاری ستوکهۆڵمی پایتەخت بەڕێوەچوون و هەموو ئەو یاریزانانەی تێیدا بەشداربوون یاریزانانی ناوخۆی وڵاتەکە بوون.

جەمیل کاراهان، رایگەیاند ” زۆر خۆشحاڵم وەک کوردێک توانیم پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سوێد ببەمەوە، رکابەرییەکە لە کێشی 100 کیلۆگرامیدا بوو و توانیم بەسەر رکابەرەکانمدا سەرکەوم و پلەی یەکەمی رکابەرییەکە لە بەرژەوەندی خۆم یەکلابکەمەوە.

کاراهان زیاتر گوتی ” دوای ئەم پاڵەوانێتییە و بردنەوەی پلەی یەکەم، دەمەوێت خۆم بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی جیهاندا ئامادەبکەم کە دوو مانگی دیکە لە ئەبوزەبی بەڕێوەدەچێت و دەمەوێت لەو پاڵەوانێتییەشدا رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی پلەکانی پێشەوە بکەم و نازناو ببەمەوە.”

جەمیل ئەنوەر کاراهان، تەمەنی 31 ساڵە و خەڵکی شاری ماردینی باکووری کوردستانە، بەڵام خۆی لە ئامەد لە دایکبووە، ساڵی 1998 لەگەڵ خانەوادەکەی چووەتە سوێد و لەو کاتەوە لەو وڵاتە دەژیت، پێشتر یاریزانە کوردەکەی باکووری کوردستان بەشداریی لە چەندین پاڵەوانێتیی ناوخۆی سوێد و ئەوروپا و جیهان کردووە و دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە.