سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

یانەی دهۆک بەشداری لە خولی نایابی عێراقی دەکات 

دوای سەرکەوتنی یانەی دهۆک لەریزی پلەیەکەکان بۆ خولی نایابی عێراقی، بەهۆی کەمی ماوەی جێبەجێکردنی رێکارەکانی رێپێدان لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقییەوە، کێشە بۆ دهۆک دروستبووە، بەڵام سەرۆکی یانە دڵنیایی دەداتە هەوادارانی، کە لە توانایاندا هەیە داواکارییەکانی لێژنەی مۆڵەتپێدان تا کاتی دیاریکرا و ئامادەبکەن و بەشداری لە خولی نایابی عێراقی دەکات.

دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک رایگەیاند، وەک هەر  یانەیەکی  دیکەی بەشدار لە خولی یانە نایابەکانی عێراق مافی ئەوەمان هەیە کە کاتی زیاترمان پێبدەن بۆ ئەوەی رێکارەکانی بەشداریکردن لە خولی نایابی عێراق جێبەجێبکەین،  بۆ ئەم مەبەستەش بە نووسراوی فەرمی  داوامان پێشکێشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە.

سەرۆکی یانەی دهۆک دەشڵێت: هیچ بنەمایەک بۆ بەشدارینەکردنی دهۆک لە خولی نایابی عێراقدا لە ئارادانییە و لیژنەی بەدواداچوونی رێکارەکانیش تاوەکو ئێستا بە نووسراوی فەرمی ئاگاداریان نەکردووینەتەوە، کە بڕی قەرزی سەر یانەی دهۆک چەندە.

وتیشی: بۆ ئەوەی هەموو بنەماکان جێبەجێبکەین و ئامادەبین بۆ بەشداریکردن لە خولەکە پێویستمان بە کاتی زیاترە.

سەرۆکی یانەی دهۆک ئاشکرای کرد،کە باوەڕی تەواوی بە تیپەکەیان هەیە، لەبەر ئەوە دەبێت، کاتی زیاترمان پێبدەن، تا رێکارەکانمان تەواوبکەین، لەکاتێکدا  تەنها 10 رۆژە سەرکەوتنمان بۆ خولی نایابی عێراق مسۆگەرکردووە.

یانەی دهۆک لەگەڵ سێ یاریزانی پیشەگەر لەسەر هێڵە، تا ریزەکانی یانەکەی پێقایم بکات و رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکەن.

دوای دەنگۆی ئەگەری دوورخستنەوەی یانەی دهۆک، لە خولی نایابی عێراقی سەرۆکی یانەکە گومانەکانی هەوادارانیی یانەکەی رەواندەوە.

یارییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی عێراق لە 2ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی یانە بەشدارەکانی خولەکە بەتەواوی دیار نییە.

یانەی دهۆک دوای ئەنجامدانی دوو یاریی پاشکۆ گەیشتنی بە خولی نایابی عێراق و بردنەوە لە یانەکانی ناسرییە و ئەمانە بەغدا، سەرکەوتنی بۆ خولی یانە نایابەکانی عێراق مسۆگەرکرد و لەگەڵ یانەکانی هاوزمانی خۆی بەشداری دەکات کە، یانەکانی زاخۆ، هەولێر و نەورۆز لە وەرزی نوێی خولەکەدا نوێنەرایەتی کوردستان دەکەن.