دوای سێ ساڵ پاڵەوانیەتی بادمنتۆنی یانەکانی کوردستان بەڕێوەچوو

فیدراسیۆنی بادمنتۆنی کوردستان دوای سێ ساڵ یەکەم پاڵەوانیەتی یانەکانی کوردستانی لەسەر ئاستی کوڕان ئەنجامدا، زیاتر لە ٣٦ یاریزان لە ٩ یانەی جیاواز بەشداری پاڵەوانیەتیەکەیان کرد بوو، کە یارییەکانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هۆڵی داخراوی یانەی ئەکاد لە هەولێر بەڕێوەچوو، ڕۆژی یەکەم کۆبونەوەی هونەری یانەکان بوو، ڕۆژی دووەم و سێیەمیش پاڵەوانیەتیەکە بەڕێوەچوو، کە تیایدا یانەکانی ئەکاد و بابەگوڕ گوڕ و سۆلاڤی نوێ پلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستهێنا.

دوای سێ ساڵ یەکەم پاڵەوانیەتی بادمنتۆن بەڕێوەچوو

دەربارەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە و کێشەو گرفتەکانی فیدراسیۆنی بادمنتۆنی کوردستان، نەوزاد حوسێن سەرۆکی فیدراسیۆنی بادمنتۆنی کوردستان قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بە لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان ئێمەش هاوشێوەی فیدراسیۆنەکانی تر نەماتوانیوە لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا هیچ پاڵەوانیەتیەک بکەینەوە، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرجی دارایی بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان خەرجکرد، ئێمەیش بەباشمان زانی کە پاڵەوانیەتی یانەکانی کوردستان ئەنجام بدەین، پاڵەوانیەتیەکە بەبەشداری زیاتر لە ٣٥ یاریزانی ئاستی کوڕان بۆ ٩ یانە بەڕێوەچوو، دوای سێ ساڵ جێگەی دەست خۆشیە کە ئەو ژمارە زۆرەی یانە بەشدارییان کردووە، هەرچەندە دەکرا ژمارەی یانەکان و یاریزانان زیاتر بێت.

ئەنجامی کۆتایی پاڵەوانیەتیەکەیش بەمجۆرە بوو، لەسەر ئاستی کوڕان، یانەی ئەکاد پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و یانەی بابەگوڕ گوڕ پلەی دووەمی بەدەستهێنا و یانەی سۆلاڤی نوێیش  پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

کێشە و گرفتەکانی یاری بادمنتۆن چین؟

دەربارەی کێشەو گرفتەکانی بەردەم یاری بادمنتۆن، سەرۆکی بادمنتۆنی کوردستان گووتی: یاری بادمنتۆن یەکێکە لە یارییە تاکیەکان هاوشێوەی گۆڕەپان و مەیدان و پایسکیلسواری و یارییەکانی تر، ئەگەر بێت و گرنگی پێبدرێت دەتوانین لەسەر ئاستی عەرەب و ئاسیایش پلەی زۆر باش بەدەستبهێنین، بادمنتۆن دوو میدالیای زێڕی وڵاتانی عەرەبی هەیە، لە کوردستان چوار یانەی تۆپی پێ لە خولی عێڕاق بەشدارن کە با ملیارا دیناری بۆ سەرف دەکرێت، ئەگەر گرێبەستی چەند یاریزانێکی تۆپی پێ لە یاریزانی یارییە تاکیەکان خەرج بکرێت ڕکەبەری ئاسیا دەکەین و دڵنیام ئەنجامی زۆر باشمان دەبێت، لەگرنگی تۆپی پێ کەمناکەینەوە، بەڵام یارییە تاکیەکانیش گرنگی خۆیان هەیە.

ئەو یاریزانانەی بادمنتۆن کە لە ئاستێکی بەرزدان و لەگەڵ هەڵبژاردەی عێڕاق بەشداری پاڵەوانیەتیەکان دەکەن و ئەنجام و دەسکەوت بەدەس دەهێنن، ئەگەر ئێمە وڵات بوینایەوە و بمان توانیبایە لە پاڵەوانیەتیە نێودەوەڵەتیەکان بەشداری بکەین، ئەوە بێگومان هەموو دەسکەوتەکان بۆ کوردستان دەبوون.

بۆ بەپێویشتی دەزانم لەڕێگەی ڕۆژنامەی هەولێرەوە وەک سەرۆکی فیدراسیۆنی بادمنتۆنی کوردستان، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوا ئاوڕێکی جدی لە یارییە تاکیەکان بداتەوە بۆ ئەوەی وەرزش چیتر لەو دۆخە چەقبەستویە نەمێنێتەوە.

پلانی داهاتوویان چیە؟

لەدواین پەیڤیدا سەرۆکی بادمنتۆنی کوردستان گووتی: فیدراسیۆنی بادمنتۆن دوای تەواو بوونی ئەو پاڵەوانیەتیەیش لەکاروچالاکی ناوەستێت و پلان وبەرنامەی ئەوەمان هەیە، کە پاڵەوانیەتی ئاستی تەمەنەکان بکەینەوە بۆ پۆڵینکردنی یاریزانان و یانەکان، کە بڕیارە ئەو پاڵەوانیەتیە لەشاری کەرکووک ئەنجام بدەین، هەروەها پلانی ئەوەیشمان هەیە پاڵەوانیەتی ئاستی کچانیش ئەنجام بدەین، جگە لە کردنەوەی خولی ناوبژیوانان و ڕاهێنەرانی بادمنتۆن.

ھەواڵی زیاتر