مایسترۆی تێنسی جیهان په‌شیمانه‌ له‌ بڕیاری وازهێنانه‌كه‌ی

رۆژی هه‌ینی له‌ له‌نده‌ن رۆجێ فێدرێر تێنسزانی جیهان دوایین پاڵه‌وانێتی وه‌كو یاریزانێكی پیشه‌گه‌ر ئه‌نجام ده‌دات و ماڵئاوایی له‌ یاریكردن ده‌كات، به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی به‌ریتانیا ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌ به‌ نیازه‌ ئه‌گه‌ر ئاستێكی به‌رز له‌و پاڵه‌وانێتییه‌ پێشكه‌ش بكات به‌شداریی پاڵه‌وانێتی رۆلان گارۆسی فه‌ره‌نساش بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌یان ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌ و هێشتا پشتڕاست نه‌كراوه‌.

رۆجێر فێدرێر ئه‌ستێره‌ی تێنسزانی سویسرا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامێك وازهێنانی له‌ یاریكردن راگه‌یاند و بڕیاریدا پاڵه‌وانێتی تێنسی لێڤه‌ر كه‌ له‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت بكاته‌ دوایین به‌شداریكردنی و به‌ یه‌كجاری ماڵئاوایی یاریكردن بكات.

فێدرێر هه‌ڵگری 20 نازناوی گراند سلام له‌ ته‌مه‌نی 41 ساڵی وازهێنانی له‌ یاریكردن راگه‌یاند و بڕیاریداوه‌ جامی لێڤه‌ر كه رۆژی هه‌ینی‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌ستپێده‌كات بكاته‌ دوایین به‌شداریكردنی له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كانی تێنس.

فێدرێر دوای ئەوەی لە گراندسلامی ویمبڵدۆن لە ساڵی 2021 بەهۆی پێکان ئاستی به‌ره‌و دابه‌زین رۆیشت، نه‌یتوانی بگه‌ڕێته‌وه‌ ئاستی راسته‌قینه‌ی خۆی و به‌ ناچاری كۆتایی به‌ كاروانی یاریكردنی هێنا و له‌ په‌یامێكدا نووسیویه‌تی: دوای كاروانێكی پڕ له‌ ململانێ و بردنه‌وه‌ی چه‌ندان ده‌ستكه‌وت له‌ جیهانی یاریكردن دوورده‌كه‌ومه‌وه‌ و به‌ڵام هه‌رگیز هاوڕێ و ركابه‌ره‌كانم له‌بیر ناكه‌م و سووپاسی ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستی و پشتگیرییه‌ی هانده‌ران ده‌كه‌م كه‌ به‌رده‌وام به‌ منیان به‌خشیوه‌، لێره‌وه‌ رایده‌گه‌ینم له‌ 3 ساڵی رابردوو رووبه‌ڕووی به‌ربه‌ست و پێكانی زۆر بوومه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی نه‌شته‌رگه‌ریم كرد و به‌هێزه‌وه‌ كارم بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كرد، به‌ڵام توانای جه‌سته‌ییم سنوورداروه‌ و به‌داخه‌وه‌ نه‌مانتوانی ئاستی جارانم بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌.

فێدرێر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ماوه‌ی 24 ساڵه‌ به‌رده‌وام بووم له‌ ركابه‌ری و ململانێ، ئێستاش ته‌مه‌نم گه‌یشتووه‌ته‌ 41 ساڵ و زیاتر له‌ 1500 یاریم كردووه‌ و ده‌یان خه‌ونم هاتووه‌ته‌ دی و خه‌ونی دیكه‌شم هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا كاتی بڕیاره‌ قورسه‌كه‌یه‌ و ئه‌ویش وازهێنانی یه‌كجاره‌كییه‌ له‌ یاریكردن.

فێدرێر له‌و په‌یامه‌دا سووپاسی (میركا)ـی هاوژینی كردووه‌ و ده‌ڵێـت: میركا به‌رده‌وام خوله‌ك به‌ خوله‌ك له‌ مندا نه‌بڕاوه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كاتێك دووگیانیش بووه‌، به‌ڵام سه‌یری هه‌موو یارییه‌كانی كاروانی وه‌رزشی من كردووه‌ و ماوه‌ی 20 ساڵه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو سه‌ركێشی و گه‌ڕان و سوورانی منی كردووه‌ كه‌ به‌هۆی پاڵه‌وانێتییه‌كانه‌وه‌ هاتووم و رۆیشتووم.

فیدرێر له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێت: ئیتر ته‌واو له‌مه‌ودوا به‌شێوازێكی جیاوازتر و له‌ ژینگه‌ و شوێنێكی تایبه‌تتر له‌گه‌ڵ خێزان و منداڵه‌كانم ژیانێكی نوێتر ده‌ستپێده‌كه‌ین.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، پێگه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانیا، له‌ راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ خه‌ونی رۆجێ فێدرێر ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ پاڵه‌وانێتی رۆلان گارۆسی فه‌ره‌نسا ماڵئاوایی له‌ یاریكردن بكات، به‌ڵام به‌هۆی زنجیره‌ پێكانه‌كانی، كاتی وازهێنانی له‌ یاریكردن پێشخست.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، فێدرێر حه‌ز ده‌كات ئه‌گه‌ر له‌ پاڵه‌وانێتی لیڤه‌ر كه‌ رۆژی 23ـی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت ئه‌گه‌ر ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكات به‌شداریی پاڵه‌وانێتییه‌كی گراند سلام بكات و به‌ یه‌كجاری واز له‌ یاریكردن بهێنێت.