دوای دوو ساڵ پاڵەوانیەتیی جۆدۆی یانەکانی کوردستان بەڕێوە چوو

یانەکانی سەورە و ئاسۆ پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتیەکەیان بەدەست هێنا

فیدراسیۆنی جۆدۆی کوردستان دوای دوو ساڵ یەکەم پاڵەوانیەتی یانەکانی کوردستانی لەسەر ئاستی کوڕان ئەنجامدا، زیاتر لە ١٣٥ یاریزان لە ٢٤ یانەی جیاواز بەشداری پاڵەوانیەتیەکەیان کرد بوو، کە یارییەکانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هۆڵی یانەی ئاسۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، ڕۆژی یەکەم کۆبونەوەی هونەری یانەکان بوو، ڕۆژی دووەمیش پاڵەوانیەتیەکە بەڕێوەچوو، کە تیایدا یانەکانی ئاسۆ لەسەر ئاستی لاوان و پێشکەوتوان سەورە لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتوان پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا.

دوای دوو ساڵ یەکەم پاڵەوانیەتی جۆدۆ بەڕێوەچوو

دەربارەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە و کێشەو گرفتەکانی فیدراسیۆنی جۆدۆی کوردستان، سەروەت ئیسماعیل سکرتێری فیدراسیۆنی جۆدۆی کوردستان قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بە لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان ئێمەش هاوشێوەی هەر ٣٠ فیدراسیۆنەکەی تر نەماتوانیوە لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا هیچ پاڵەوانیەتیەک بکەینەوە، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرجی دارایی بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان خەرجکرد، ئێمەیش بەباشمان زانی کە پاڵەوانیەتی یانەکانی کوردستان ئەنجام بدەین، پاڵەوانیەتیەکە بەبەشداری ١٣٥ یاریزانە و بە دوو ئاست بەڕێوەچوو، ئاستی یەکەم کراوە بوو کە یاریزانانی ئاستی پێشکەوتوان و لاوان لە ٨ کێش بەشدارییان کردبوو، ژمارەی یانەکانیش ١٣ یانە بوو، ٧٥ یاریزانیش بەشدار بوون، ئاستی دووەمیش یاریزانانی ئاستی تازەپێگەیشتوان بوو کە ئەویش ٨ کێش بوو ١١ یانە بە ٥٩ یاریزان بەشدارییان کرد بوو.

ئەنجامی کۆتایی پاڵەوانیەتیەکەیش بەمجۆرە بوو، لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتوان، یانەی سەورە پلەی یەکەم، یانەی کەرکووک پلەی دووەم، یانەی جیهان پلەی سێیەم، لەسەر ئاستی کراوە، یانەی ئاسۆ پلەی یەکەم، یانەی سەورە پلەی دووەم یانەی قەڵای تورکومان پلەی سێیەم.

کێشە و گرفتەکانی یاری جۆدۆ چین؟

دەربارەی خەرجی یانەکان بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیەکە، سکرتێری جۆدۆی کوردستان گووتی: خەرجی مانەوەی یانەکان بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی یانەکان، ئەمەیش کێشەیەکی تر بوو کەوایکرد بەشێک لەیانەکان نەتوانن وەکو پێویست بەشدرای پاڵەوانیەتیەکە بکەن، بەتایبەت یانەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک، کێشەیەکی تر بەردەوام بۆ ئێمە دروست دەبێت نەبوونی هۆڵێکی گونجاوە کە بتوانین پاڵەوانیەتیەکانی تێدا ئەنجام بدەین، یانەی ئاسۆ بۆ ئەم پاڵەوانیەتیە هۆڵیان بۆ دابین کردین، بەڵام هۆڵەکە زۆر گەرمە و شیاو نیە، بەبەردەوامی لەشاری هەولێر و شارەکانی تریش نەبوونی هۆڵێکی پێویست بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان و کردنەوەی پاڵەوانیەتیەکان کێشەی بۆ ئێمە دروست کردووە، هۆڵێک نیە کە ساردکەرەوە و پێداویستیەکانی بەباشی تێدابێت، ئێمە دوو ڕۆژە لەو هۆڵە کێشەمان هەیە کارەبا نیە، ساردکەرەوەکان کێشەیان هەبووە، ئەمەیش بۆ یاریزانان زەحمەتیەکی زۆری دروست کردووە.

ئەو پاڵەوانیەتیەمان بە ٢ ملیۆن و نیو کردۆتەوە کە ئەمەیش لە ئاست داواکاری و بەڕێوەچوونی ئەو پاڵەوانیەتیە نیە، ناوبژیوانان ٧٥ هەزار وەردەگرێت، بەڵام پێمان باش بوو هەنگاوێک بنێین و پاڵەوانیەتیەکە بکەینەوە، یاریزانی یاری جۆدۆ وەکو پێویست گرنگی پێنادرێت، یاریزان کە ڕۆژانە مەشق دەکان ئامانجی هەیە بۆ ئەوەی بگات بە ئاستێکی بەرزتر، بەڵام ڕیگریەکان کێشەکان زۆرن، لەماوەی ئەو دوو ساڵە پاڵەوانیەتی لەسەر ئاستی پارێزگاکان کراوەتەوە، بەڵام پاڵەوانیەتی ئاستی کوردستان نەبووە.

بۆ لەڕێگەی سپۆنسەر پاڵەوانیەتی ناکەنەوە؟

دەربارەی ئەوەی بۆ هەوڵیان نەداوە لەڕێگەی سپۆنسەر و کۆمپانیاکان پاڵەوانیەتی بکەنەوە، سکرتێری جۆدۆی کوردستان گووتی: ئاسان نیە بتوانی قەناعەت بە کۆمپانیاکان بهێنی کە وەرزش چەندە گرنگە، کۆمپانیاکان هەوڵیان نەداوە بتوانن یارییە وەرزشیەکان بکەنە هۆکارێک بۆ ڕێکلام کردنی کارەکانیان و بزنسی زیاتر بکەن، هۆکارێکی تریش ئەوەیە ئەو شوێن و کۆمپانیایانەی کە سپۆنسەری یارییە وەرزشیەکان دەکەن زیاتر بۆ تۆپی پێیە، بۆ ئەوەی دۆخی وەرزشی کوردستان باشتر بێت ئەرکی حکومەتیش لەڕووی دابینکردنی خەرجی کەمبێتەوە، پێویشتە حکومەت کۆمپانیاکان ناچار بکات و پابەندیان بکات کە ببنە سپۆنسەری یارییە وەرزشیەکان، کە ئەمە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ و ئاستی وەرزشیش زیاتر بەرەو پێش دەچێت.

پلانی داهاتوویان چیە؟

لەدواین پەیڤیدا سکرتێری جۆدۆی کوردستان گووتی: لەساڵی ٢٠٠٧ وە ئێمە وەک فەرمانبەر لە فیدراسیۆنەکان داندراوین، داواکارم کە لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان هەڵبژاردنی سەرجەم فیدراسیۆنەکان ئەنجام بدرێت و کەسانی تر ئەو ئەرکانە وەربگرن، فیدراسیۆنەکانیش پلانی ساڵانەی کاروچالاکیەکانی تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئێمە ساڵانە پلان و بەرنامەی خۆمان دادەنێین بەڵام لەبەر نەبوونی بودجەیەکی تایبەت هیچ کات نەماتوانیوە پلانی خۆمان جێبەجێ بکەین.

ھەواڵی زیاتر