یانەکانی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەدین، پێشەنگی خولەکەیان گرتووە و ڕکەبەری بوون بە پاڵەوانی خولەکەیش لەیاری نێوان هەردوو یانەکە یەکلای دەبێتەوە
بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ و بەبەشداری پێنج یانە لەسەر ئاستی کچان، خولی نایابی تۆپی دەستی عێڕاق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، خولەکە ماوەی چەند ڕۆژێکە دەستی پێکردووە و تیایدا هەریەک لە یانەکانی هەولێر و یانەی زانکۆی سەڵاحەدین، یانەی شەهرەبانی دیالە و یانەی فەتاتی کەرکووک و یانەی نەجمەی دیوانیە ڕکەبەری لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی خولەکە دەکەن و ڕۆژانە لەدوو کاتی جیاواز یارییەکان ئەنجام دەدرێن.
پێنج یانە ڕکەبەری دەکەن
ڕۆژی هەینی ڕابردوو فیدراسیۆنی تۆپی دەستی عێڕاق، ڕۆژێک بەر لەدەسپێکی پاڵەوانیەتیەکە کۆنگرەی هونەری خولەکەی ئەنجامدا و تیایدا بڕیاری درا بە بەشداری یانەکانی هەولێر و یانەی زانکۆی سەڵاحەدین، یانەی شەهرەبانی دیالە و یانەی فەتاتی کەرکووک و یانەی نەجمەی دیوانیە بەشێوازی خول بەڕێوەبچێت، یارییەکانی خولەکە ڕۆژانە لە هۆڵی کۆلێژی پەروەردەی جەستەی و زانستە وەرزشیەکان لە کاتژمێر ٤:٠٠ و ٦:٠٠ ی ئێوارە بەڕێوەدەچن، شێوازی خولەکە بەیەک کۆمەڵە و بەیەک قۆناغ دەبێت و کام یانە زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە دەبێتە پاڵەوانی خولەکە، دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر یارییەکانی خولەکە کچانی یانەکانی هەولێر و زانکۆی سەڵاحەدین پێشەنگی خولەکەیان گرتووە و دوو سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
دوو یانەی شاری هەولێر ڕکەبەری نسناوەکە دەکەن
کچانی هەولێر لەیەک یاری خۆیاندا بە ئەنجامی ٣٥ گۆڵ بەرانبەر بە ٥ گۆڵ لەیانەی شەهرەبانی دیالەیان بردەوە و لە یاری دووەمیش بە زەحمەت و بە ئەنجامی ٣٣ بە ٢٧ گۆڵ سەرکەوتن بەسەر یانەی فەتاتی کەرکووک، یانەی زانکۆی سەڵاحەدینیش کە بەشێکی زۆری یاریزانانی یاریزانی پێشووی یانەی هەولێرن، لە دوو یاری ڕابردوودا سەرکەوتنیان بەسەر یانەکانی نەجمەی دیوانیە و یانەی ئافرەتانی کەرکووک تۆمار کردووە، بەپێی ئەنجامی یارییەکانیش بێت ڕکەبەری بەدەستهێنانی ناسناوی خولەکە لە نێوان هەردوو یانەکەی شاری هەولێرە و پێشبینی دەکرێت یاری نێوانیان کە لە ڕۆژی کۆتایی خولەکە بەڕێوەدەچێت یەکلای کەرەوە بێت و پاڵەوانی خولەکە دیاریبکات.
خشتەی یارییەکانی دوو گەڕی کۆتای بەمشێوەیە دەبێت:
گەڕی سێیەم:
زانکۆی سەلاحەدین – شەهرەبانی دیالە
هەولێر – نەجمەی دیوانیە
گەڕی چوارەم:
هەولێر – زانکۆی سەڵاحەدین
فەتاتی کەرکووک – نەجمەی دیوانیە
بۆ زانین ساڵی ڕابردوویش یارییەکانی خولەکە هەر لەشاری هەولێر بەڕێوەچوون و یانەی هەولێر توانی ببێتە پاڵەوانی خولەکە و دواتر لە وڵاتی ئوردن بەشداری پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی کرد.