چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دهۆک بەربەستی ناسریەی بڕی و یەک هەنگاو لەگەڕانەوە بۆ خولی نایابی عێڕاق دوورە

ڕۆژی شەممەی داهاتوو دهۆک و ئەمانەی بەغدا بەیەک دەگەن و براوەیان دەگاتە خولی نایابی عێڕاق

دوای زیاتر لە مانگێک و دواخستنی یاری پلەی ئۆفی نێوان دهۆک و ناسریە، دواجار لەشاری بەغدا یارییەکە ئەنجامدرا و یانەی دهۆک توانی یارییەکە بباتەوە، دوای شەش ساڵ دابڕان لە خولی نایابی عێڕاق دهۆک ڕۆژی شەممە لە ئەرکێکی زەحمەتدا ڕووبەڕوی یانەی ئەمانەی بەغدا دەبێتەوە و براوەیان دەگاتە خولی نایابی عێڕاق بۆ وەرزی داهاتوو.

دهۆک بەلێدانی سزا لە ناسریەی بردەوە

دوای بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق کە بڕیاریدا یاریەکی یەکلاکەرەوە لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و ناسڕیە ئەنجام بدرێت کە پلەی دووەمی هەردوو کۆمەڵەی خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاقیان بەدەستهێنا بوو، ماوەی زیاتر لە مانگێک هەردوو یانەکە بە هێنانی کۆمەڵێک یاریزان ئامادەکارییان بۆ ئەو یارییە کرد.

بڕیاروابوو ئەم یارییە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کە دەکاتە ١ ئەیلول ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی گرژی ئاڵۆزییەکانی شاری بەغدا یانەی دهۆکی دوای ئەوەی گەشتیشی کرد بوو بۆ شاری بەگدا، بەڵام گەڕایەوە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق یارییەکەی بۆ دوێنێ دواخست، یارییەکە لەسەر یاریگە نوێیەکەی مەدینە بە ئامادەبوونی هاندەرانی هەردوو یانەکە بەڕێوەچوو،  لەنیوەی یەکەمدا کوڕانی دهۆک بە ئاستێکی بەرز دەرکەوتن و لە خولەکەکانی ٢٢، ٢٥ لەڕێگەی وەلید سەلمان و کەریم دەلی توانیان دوو گۆڵ تۆمار بکەن، دواتر یانەی ناسریە لەڕێگەی حوسێن تاڵب ئەنجامەکەی کەمکردەوە، نیوەی دووەمی یارییەکە ئاستی دهۆک وەک پێویست نەبوو یاریزان حوسێن تاڵب لە خولەکی ٧٥ ئەنجامەکەی یەکسان کردەوە و کاتی ئاسایی یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەردولا کۆتایی هات، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەنجامی یارییەکە پەنابرایە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوەی سزا و دهۆک بە پێنج لێدان بەرامبەر بە سێ لێدان یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی کۆتایی پلەی ئۆفی گەیشتن بە خولی نایابی عێڕاق.

دهۆک لەبەردەم ئەرکێکی مێژویدایە

دوای بردنەوەی لە ناسریە لە ئێستە یانەی دهۆک یەک هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی دوای شەش ساڵ جارێکی تر بگاتەوە بە خولی نایابی عێڕاق و دڵی هاندەرانی خۆشبکات، ئەرکی یانەکەی بادینان ئاسان نابێت و پێویستە بە هەمان ئاستی یارییەکەی ناسریە یاری بکات، چونکە یانەی ئەمانە چەند ساڵێکە لە خولی نایابی عێڕاق یاریدەکات و نایەوێت بە ئاسانی ماڵئاوای بکات.

سلێمان ڕەمەزانی ڕاهێنەری دهۆک بۆ ئەم یارییە چارەنوسسازە پشت بە تواناکانی چەند یاریزانێک دەبەستێت لەوانە هەردوو پیشەگەر یونیک زاکری کۆدیڤواری، پرێنس ئۆپۆکۆ ئاگیمانگی غانای، جگە لەوەی هەریەک لە یاریزانان کەریم دەلی و ژیار گۆڤەند وەلید سەلمانیش توانای زۆریان هەیە و دەتوانن دهۆک لەو قۆناغەیش ڕزگار بکەن و دڵی هاندەران خۆشبکەن، جگە لە ئەحمەد بەشاری گۆڵپارێز کە ڕۆڵێکی زۆری لە بردنەوەی دهۆک بەسەر ناسریەدا هەبوو.

یانەی ئەمانەی بەغدایش بەسەرکردایەتی گۆڵپارێز سەرهەنگ موحسین و چەندان یاریزانی بە ئەزموون ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئامادەکاری بۆ ئەو یارییە دەکات و نایەوێت بە ئاسانی لەو ئەرکە مێژووییەی لەدەست بچێت و چاوی لەوەیە بەبردنەوەی لە دهۆک جارێکی تر لەڕیزی گەورەکان یاریبکات، ڕەنگە فاکتەری ئەوەی کە یارییەکە لە بەغدا دەکرێت لەبەرژەوەندی ئەمانە بێت، بەڵام ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی دهۆک بۆ کوڕانی بادینان جێگەی ئومێد دەبێت.

دهۆک چۆن دەگاتە خولی نایابی عێڕاق؟

دوای بڕینی بەربەستی یەکەم کە یانەی ناسریە بوو، بۆ ئەوەی جارێکی تر یانەی دهۆک لە خولی نایابی عێڕاق ببینین پێویستە یانەی دهۆک بەربەستی دووەمیش کە یانەی ئەمانەی بەغدایە ببڕێت، ئەم یارییە یارییەکی پلەی ئۆفە و براوەی هەر یەکێکیان ڕاستەوخۆ دەگاتە خولی نایابی عێڕاق، یارییەکە لە ڕۆژی ١٠ ی ئەم مانگە لەکاتژمێر ٦:٠٠ لەسەر یاریگەی مەدینە لەشاری بەگدا بەڕێوەدەچێت.  دهۆک وەرزی ڕابردوو لە خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاق پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا، یانەی ئەمانەی بەغدایش دوای ئەوەی کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق بڕیاریدا ئەم وەرزە چوار یانە دابەزێت بۆ خولی پلە یەک و ژمارەی یانەکانی خولی نایاب ببێت بە ١٨ یانە، ئەمانە پلەی حەڤدەیەمی بەدەستهێنا و فیدراسیۆنەکە بڕیاریدا براوەی یاری دهۆک و ناسریە یارییەکی پلەی ئۆف لەگەڵ ئەمانە بکات بۆ ئەوەی یانەی هەژدەیەمی خولەکە دیاریبکات.