دوای شەش ساڵ یانەی دهۆک چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ خولی نایابی عێڕاق

ماوەی مانگێکە یانەی دهۆک بە ڕاهێنەرایەتی سلێمان ڕەمەزان دەستی کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ یاری قۆناغی گەیشتن بە خولی نایابی عێڕاق، کە بڕیار وایە ئەمڕۆ لەشاری بەغداد ڕووبەڕوی یانەی ناسڕیە ببێتەوە، بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەی تیپەکەیش دهۆک چەندان یاریزانی لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق و دەرەوە هێناوە و ئامانجی یانەکە ئەوەیە بگەڕێتەوە بۆ ڕیزی گەورەکان، ڕۆژنامەی هەولێر دواین ئامادەکارییەکانی یانەی دهۆک دەخاتە ڕوو.

پێنج یاریزانی نوێی گواستۆتەوە
دوای بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق کە بڕیاریدا یاریەکی یەکلاکەرەوە لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و ناسڕیە ئەنجام بدرێت کە پلەی دووەمی هەردوو کۆمەڵەی خولی یانە پلە یەکەکانی عێڕاقیان بەدەستهێنا بوو، ماوەی زیاتر لە مانگێکە یانەی دهۆک دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ ئەو یارییە، بۆ پێکهاتەی ئەم وەرزەی یانەکە دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزان واژوو کرد جگە لەو یاریزانانەی تیپەکە کە وەرزی ڕابردوو یارییان کردووە، ڕاهێنەر سلێمان ڕەمەزان لەقۆناغی یەکەم ٤٠ یاریزانی تاقیکردەوە، بۆ گەیشتن بە پێکهاتەیەکی گونجاو بۆ یاری چارەنوسسازەکەیان بەرامبەر بەیانەی ناسڕیە و چەند یاریزانێکی هەڵبژاردووە.
بڕیاروابوو ئەم یارییە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کە دەکاتە ١ ئەیلول، بەڵام بەهۆی گرژی ئاڵۆزییەکانی شاری بەغدا یانەی دهۆکی دوای ئەوەی گەشتیشی کرد بوو، بەڵام گەڕایەوە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق یارییەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخست، یارییەکە لەسەر یاریگە نوێیەکەی مەدینە لەکاتژمێر ٦:٠٠ بەڕێوەدەچێت و پێشبینی ئەوە دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی دهۆک و ناسریە ئامادەبن، دوو ڕۆژ بەر لە ئێستەیش یانەی دهۆک جارێکی تر گەشتی بەغدای کردەوە و ڕۆژانە مەشقەکانی خۆی ئەنجامدەدات.
دهۆک لەقۆناغی کۆتایی ئامادەکارییەکانە
سلێمان ڕەمەزان ڕاهێنەری دهۆک گەشبینی خۆی بە ئاستی تیپەکەی پیشاندا و گووتی: بە هەموو شێوەیەک بۆ ئەو یارییە ئامادەین و گەشبینین بتوانین سەرکەوتن بەدەسبهێنین و دڵی هاندەرانی دهۆک خۆش بکەین، یارییەکەچارەنوسسازە و هەوڵی ئەوە دەدەین بەگەینە یاری پلەی ئۆف و دواتریش گەیشتن بە خولی نایابی عێڕاق.
پێکهاتەی دهۆک تاوەکو ئێستە بەمشێوەیە دەبێت، یاریزانانی وەرزی ڕابردوو بریتن لە (دلۆڤان ساڵح، سیابەند عەگید، سەعد غانم، وەلید سەلمان، موسا شوکری، مورتەجا عادل، هەنگاو مەحەمەد، نورۆ سولێ – غانی).
یاریزانانی خولی کوردستان کە بۆ تیپەکە سەرخراون ئەمانەن: (ڕەمەزان فەیسەڵ، گۆڵپارێز، زانا جەوزەل، گۆڵپارێز، ئەحمەد کەریم، سابر عەبدولکەریم، ئیڤان سلێمان).
یاریزانانی نوێی یانەکە بریتین لە (ئەحمەد عادل، کەریم دەلی، ئەیاد سەدیر، عەباس مەحەمەد، گۆڵپارێز، ژیار گۆڤەند، دیار عەلی، هەریم تەحسین، ئەحمەد بەشار)
یاریزانە پیشەگەرەکانیش ئەمانەن: (یونیک زاکری- کۆدیڤوار، پرێنس ئۆپۆکۆ ئاگیمانگ – غانا)
ستافی تیپەکە لەمانە پێکهاتوون: خالید موشیر: سەرپەرشتیار، سلێمان ڕەمەزان: ڕاهێنەر، ئەحمەد جدەیەع: یاریدەدەری ڕاهێنەر، هومام ساڵح: یاریدەدەری ڕاهێنەر، کاوە ئیبراهیم: ڕاهێنەری گۆڵپارێزان، ڕیکاردۆ ئەلمێدا، ڕاهێنەری توانای جەستەیی.
دهۆک چۆن دەگاتە خولی نایابی عێڕاق؟
بۆ ئەوەی جارێکی تر یانەی دهۆک لە خولی نایابی عێڕاق ببینین پێویستە یانەی دهۆک بەربەستی هەردوو یانەی ناسریە و ئەمانەی بەغداد ببڕێت، لەیاری یەکەمدا دهۆک و ناسریە لە بەغداد ئەمڕۆ بەیەک دەگەن و یەک یاری ئەنجامدەدەن، براوەی ئەو یارییە یارییەکی پلەی ئۆف لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغداد ئەنجامدەدات کە پلەی حەڤدەیەمی خولی نایابی عێڕاقی بەدەستهێناوە، براوەیان دەبێتە یانەی هەژدەیەم و دەگاتە خولی نایابی عێڕاق. دهۆک پێویستە لەهەردوو یاریەکە براوە بێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ڕیزی یانە نایابەکانی عێڕاق.

ھەواڵی زیاتر