هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

سیرینا ولیامز ماڵئاوای لە پاڵوەانێیەتی تێنسی کراوەی ئەمەریکا کرد

له‌ پاڵه‌وانێتی كراوه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ یاری تێنسی سه‌رزه‌وی و له‌ ڕكابه‌ریه‌كانی قۆناغی سێیه‌می ئاستی خانماندا، سیرینا ولیامز كچه‌ تێنسزانی به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریكی و خاوه‌نی بیستوسێ نازناوی گراندسلام به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ به‌ ئایلا تۆملیانۆڤیچی ئوستڕالی و پۆلێنكراوی چلوشه‌شه‌می ڕیزبه‌ندی جیهان دۆڕاو ماڵئاوایی له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ كرد..


یاریه‌كه‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی له‌ نێوان هه‌ردوو كچه‌ تێنسزان به‌خۆوه‌ بینی كه‌ بۆ ماوه‌ی سێ كاتژمێرو پێنج خوله‌ك درێژه‌ی كێشا، تۆملیانۆڤیچ به‌ ئه‌نجامی حه‌وت پێنج، شه‌ش حه‌وت، شه‌ش یه‌ك سه‌ركه‌وتنی له‌ یاریه‌كه‌ به‌ده‌ستهێناو گه‌یشته‌ قۆناغی چواره‌م و له‌م قۆناغه‌ش یاری له‌گه‌ڵ لودمیلا سامسونۆڤای ڕوسی ده‌كات.
 له‌ یاریه‌كی دیكه‌ی قۆناغی سێیه‌می هه‌مان پاڵه‌وانێتی و هه‌ر له‌ ئاستی خانماندا، كارۆلین گارسیای فه‌ڕه‌نسی و پۆلێنكراوی حه‌ڤده‌می ڕیزبه‌ندی جیهان به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ی بێ وه‌ڵام سه‌ركه‌وتنی له‌به‌رامبه‌ر بیانكا ئه‌ندرێسكوی كه‌نه‌دی و پۆلێنكراوی چلوهه‌شته‌می ڕیزبه‌ندی جیهان تۆماركردو خۆی گه‌یانده‌ قۆناغی چواره‌م، ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌كانی ئه‌م یاریه‌ش شه‌ش سێ، شه‌ش دوو بوو، له‌ قۆناغی داهاتوودا، گارسیا ڕووبه‌ڕووی ئه‌لیسۆن ڕیسكی ئه‌مه‌ریكی ده‌بێته‌وه‌.