چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پاڵەوانیەتی تێنسی کراوەی کوردستان بۆ ٦٧ یاریزان بەڕێوەدەچێت

فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان بە هەماهەنگی لقی هەولێری یەکیەتی تێنسی کوردستان پاڵەوانیەتی کراوەی تێنسی کوردستانی بۆ ٦٧ یاریزانی تەمەن ٨ تا ١٨ ساڵان کردۆتەوە، بەمەبەستی هەماهەنگی زیاتر و بەهێزبوونی پاڵەوانیەتیەکە یاریزانانی تری شارەکانی عێڕاقیش بەشدارییان کردووە و پاڵەوانیەتیەکە ماوەی هەفتەیەک لە یاریگەکانی ئەکواپارک لە هەولێر بەردەوام دەبێت.

پلانی داهاتوویان چیە؟
دەربارەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە و پلان و بەرنامەی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان لەماوەی داهاتوودا، ڕۆستەم ڕەسوڵ سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان بەمجۆرە قسەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد و گووتی: وەک فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان بەبەردەوامی هەوڵمانداوە پاڵەوانیەتی تێنس لەسەر هەموو ئاستەکانی تەمەن بۆ کوڕان و کچان بکەینەوە، لە ئەگەری نەبوونی بودجەیش، ئێمە هەوڵمانداوە لەڕێگەی سپۆنسەرەوە پاڵەوانیەتی ئەنجام بدەین، لە ئێستەیشدا بەچاودێری لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان پاڵەوانیەتیەکی کراوەمان بۆ ئاستی کوڕان ئەنجامداوە و ٧ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لەسەر بودجەی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئەو پاڵەوانیەتیە ئەنجام دەدەین، کە ٦٧ یاریزانی تەمەن ٨ ساڵان تاوەکو ١٨ ساڵان دەبێت و پێنج ئاست لە خۆ دەگرێت، لەسەر داواکاری لقی شارەکان هەر ئاستەی تەمەن بەیەکەوە یاریدەکەن، بۆ ئەوەی یاریزانان زیاتر سوود ببین و ڕکەبەری بەهێزیش هەبێت، پێمان باش بوو کە یاریزانانی شارەکانی تری عێڕاقیش بانگهێشت بکەین، خۆشبەختانە لەسەر هەموو ئاستەکان باشترین یاریزانەکانی عێڕاق لە هەموو ئاستەکان بەشداریان کردووە.

شێوازی پاڵەوانیەتیەکە چۆنە؟
دەربارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکەیش سەرۆکی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان گووتی: بۆ ئەوەی دەرفەت زیاتر بە یاریزانان بدەین و زیاتر یاری بکەن، پاڵەوانیەتیەکەمان بەشێوازی ستانداردی جیهانی ئامادە کردووە و یارییەکان بەشێوازی کۆمەڵە بەڕێوەدەچێت، کە هەر کۆمەڵەیەک ١٢ یان ١٤ یاریزان لە خۆ دەگرێت و یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکان لەگەڵ یەکتری یاریدەکەن، باسی کێشەو گرفتەکانی یاری تێنسیشی کرد و ئاماژەی بەوەدا کێشەی ئەوان پاڵپشتی مادییە، ئەگەر هاوکاریان بکەن پلانی زۆر باشیان هەیە و ئاستی تێنس لەوەی کە هەیە زۆر باشتر دەبێت، پێمان خۆش بوو چۆن لە هەولێر و دهۆک یاریگەی تێنس هەیە ئەوایش لە شارەکانی سلێمانی و کەرکووک یاریگەی باش و شایستە بە یاریزانان هەبوایە، کێشەیەکی تری ئێمە وەکو زۆربەی فیدراسیۆنەکانی تر نەبوونی بارەگایەکی تایبەتە بە خۆمان.

ئەگەر حکومەت هاوکاریمان بکات پالنی زۆرمان هەیە
ڕۆستەم ڕەسوڵ لەبەشێکی تری قسەکانیدا باسی پلان و بەرنامەی فیدراسیۆنی تێنسی کوردستانی کردو گووتی: ئەگەر حکومەت هاوکاریمان بکات پالنمان زۆرە چاومان لەوەیە کە لەسەر ئاستی دەرەوەی کوردستان و عێڕاق هاوکاری یاریزانان و ناوبژیوانان و ڕاهێنەران بکەین بە بەشداری پێکردنیان لە خول و پاڵەوانیەتیە بەهێزەکان، یاخود کەمپی مەشق و ڕاهێنان بکەینەوە یاخود وانەبێژ و ڕاهێنەرانی دەرەوە بهێنین بۆ کوردستان سوود لە ئەزموونی دەرەوە وەربگرین، باسی ئەوەیشی کرد کە هەماهەنگی باشیان لەگەڵ فیدراسیۆنی تێنسی عێڕاق هەیە.

نەبوونی بودجە ڕێگر نەبووە
دواتر کەمال عەبدوڵڵا سەرۆکی لقی هەولێری یەکیەتی تێنس باسی هاوکاری و هەمانگی کرد لە نێوان ئەوان و فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان و گووتی: لەگەڵ فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان هەردەم وەک یەک خێزان کارمان کردووە، ئامانجمان بەرەوپێش بردنی یاری تێنس بووە، وەک لقی هەولێری تێنس لەو پاڵەوانیەتیە هەماهەنگیمان لەگەڵ کردوون و یاریگەمان پێداون، هەموو یاریگەکانمان نۆژەن کردۆتەوە و ئامادەمان کردوون، هەروەها لەڕووی دابینکردنی ناوبژیوانان هاوکاریمان کردوون، قەت پارە بۆ ئێمە نەبۆتە گرفت بەردەوام بەبێ بوونی بودجەیش لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆمان یاریگەمان نۆژەنکردۆتەوە و پاڵەوانیەتیمان ئەنجامداوە، مەشق و ڕاهێنان یاریزانانی یەکیەتی تێنس بەبەردەوامی هەیە و لەسەر نەبوونی بودجە هیچ کاتێک یاری تێنسمان ڕانەگرتووە.

هەماهەنگی باشیان لەگەڵ عێڕاق هەیە
کەمال عەبدوڵڵا باسی هەماهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی تێنسی عێڕاقیشی کرد و گوتی: جیاوازی لەنێوان ئێمە و فیدراسیۆنی تێنسی کوردستان نیە، هەردولا یەک ئامانجمان هەیە ئەویش بەرەوپێش بردنی یاری تێنس و دروست کردنی یاریزانانە، ساڵی رابردوو لەسەر ئەرکی خۆمان پاڵەوانیەتی عێڕاقمان ئەنجامدا، بڕیار وایە لەمانگی داهاتوو وەک هەماهەنگی ئەمجارە لەسەر ئەرکی ئەوان پاڵەوانیەتی بکەینەوە ئەمجارە ئەوان هاوکاریمان دەکەن، ئەمەیش بەڕێکەوتنی هەردوولامان کراوە.