هەردوو یانەی ناپۆلی و لیسبۆنا گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆیان رەتکردەوە


له‌ چه‌ند كاتژمێری رابردوو یانه‌كانی ناپۆلی ئیتاڵیا و سپۆرتینگ لیسبۆنا گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆیان ره‌تكرده‌وه‌، راهێنه‌ری لیسبۆنا هه‌ڕه‌شه‌ی جێهێشتنی یانه‌كه‌ی ده‌كات ئه‌گه‌ر بێت و كریستیانۆ بگوازنه‌وه‌.

لوچیانۆ سپالێتی راهێنەری ناپۆلی پێش یاریی ئەمڕۆیان بەرامبەر فیۆرێنتینا لە بارەی دەنگۆی گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی: من حەز دەکەم لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کار بکەم، بەڵام تاکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەک نەکراوە، دێ لاورێنتس سەرۆکی یانەکەمان پێی گوتم هیچ شتێکی لەبارەی کریستیانۆوە پێنەگەیشتووە.

سپالێتی گوتیشی: بە بڕوای من ئەستەمە پرۆسەی گۆڕینەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و ڤیکتۆر ئۆسیمێن رووبدات، بەڵام پێویستە لەمبارەیەوە قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکەمان بکەن.

پێشتر میدیاکانی ئیتاڵیا بلاویان کردبووەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ نزیکە بە خواستن بچێتە ریزەکانی ناپۆلی و وەکو بەشێک لە گرێبەستی چوونی ڤیکتۆر ئۆسیمێن بۆ ریزەکانی مان یونایتد.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، پێگه‌ی تایمزی به‌ریتانیا لێدوانی رۆن ئامۆریمی راهێنه‌ری سپۆرتینگ لیسبۆنای پورتوگالی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی ده‌كات ئه‌گه‌ر بێت و كریستیانۆ رۆناڵدۆ بگوازنه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا رۆبن ئامۆریم و كریستیانۆ رۆناڵدۆ هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ یه‌ك سه‌رده‌م یارییان بۆ هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال كردووه‌ و كریستیانۆ ته‌نیا 8 رۆژ ته‌مه‌نی راهێنه‌ره‌كه‌ی لیسبۆنا گه‌وره‌تره‌.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ وه‌رزی رابردوو له‌ یانه‌ی یوڤێنتۆسه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ مان یونایتد، دوای گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی شەیتانە سوورەکان، لە یەکەم وەرز لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانتیەکان بەشداری 39 یاریکرد و توانی 24 گۆڵ و سێ ئاسیست تۆمار  بکات.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2009 یاریی بۆ یونایتد كردووه‌، ئه‌وكات 3 نازناوی پرێمه‌رلیگ و نازناوێكی چامپیۆنزلیگی له‌گه‌ڵ شه‌یتانه‌ سووره‌كان به‌ده‌ستهێناوه.

ھەواڵی زیاتر