پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

برایه‌تی ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ وه‌رزی نوێی خولی نایابی كوردستان ده‌ستپێكرد

یانه‌ی برایه‌تی دوێنی شه‌ممه‌، 26-ئابی- 2022، له‌ یاریگه‌ی خۆی، پرێسكۆنفڕانسێكی ئه‌نجام دا، مه‌به‌ست لێی ناساندن و ئاشكراكردنی ستافی نوێی راهێنه‌ران و یاریزانه‌كان بوو بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و جه‌ماوه‌ری یانه‌ی برایه‌تی، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی ئاماده‌بوون و یه‌كه‌م یه‌كه‌ی مه‌شقیان له‌ یاریگه‌ ئه‌نجام دا، هێور مسته‌فای راهێنه‌ری یانه‌كه‌ له‌سه‌ر پرسی وه‌رگرتنی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه‌ و ئامانج و پلانی ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌كه‌ ئه‌م زانیاریانه‌ی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر خسته‌ڕوو.

ئامانجی ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌ی برایه‌تی چییه؟‌
هێور مسته‌فای راهێنه‌ری سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی ئه‌م وره‌زه‌ی یانه‌كه‌یان بۆ هه‌ولێر گوتی: ئێمه‌ وه‌ك ستافی تازه‌ی یانه‌ی برایه‌تی چه‌ند ئامانجێكمان هه‌یه‌، یه‌كه‌میان بردنه‌وه‌ی نازناوی سووپه‌ڕی كوردستانه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، كه‌ له‌ سه‌رتای ده‌ستپێكی وه‌رزی نوێوه‌ له‌ دژی یانه‌ی سیروانی نوێ یاریده‌كه‌ین.
وتیشی: ده‌مانه‌وێت له‌ خولی نایابی كوردستانیش ركابه‌رێكی سه‌رسه‌ختی یانه‌كان بكه‌ین، تا بتوانین ده‌ستكه‌وتێكی باشمان بۆ یانه‌كه‌ هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی باش چێژی یاریكردنیش به‌ هانده‌رانی تۆپی پێ و یانه‌كه‌مان ببه‌خشین.

گرێبه‌سته‌كانی یانه‌ی برایه‌تی بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ چ ئاستێك دایه‌؟
راهێنه‌ری یانه‌ی برایه‌تی له‌سه‌ر پرسی گرێبه‌ستكردنی یاریزانان بۆ پاڵه‌وانی جامی كوردستانی ساڵی رابردوو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌و یاریزانانه‌ی گرووه‌ستمان له‌گه‌ڵ كردوون، زۆرینه‌یان یاریزانی لاون و ساڵی رابردووش له‌ ریزی یانه‌كه‌ی ئێمه‌ یارییان كردووه‌، ته‌واو شاره‌زای كه‌ش و هه‌وای یانه‌كه‌ن، به‌ گوێره‌ی پێویستی پێكهاته‌كه‌مان یاریزانمان بۆ ریزه‌كانمان گواسته‌وته‌وه‌، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشی ئێمه‌یه‌ زۆربه‌ی یاریزانه‌كان له‌ ته‌مه‌نێكی لاودانه‌ و چاوه‌ڕوانی داهاتووێكی گه‌شیان لێده‌كرێت، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتووش سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌كه‌ن و به‌ شێویه‌كی چڕ و پڕ ئاماده‌كارییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ین.

ئۆردوگای مه‌شقی یانه‌ی یانه‌ی برایه‌تی له‌كوێ ده‌بێت؟
كوڕه‌كه‌ی مسته‌فای راهێنه‌ری برایه‌تی وتی: به‌نیازین ئۆردوگای مه‌شق و راهێنانی یانه‌كه‌ بۆ وه‌رزی نوێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر ئه‌نجامبده‌ین، چونكه‌ به‌ پێی خوێندنه‌وه‌مان بۆ دۆخی یاریزانه‌كان و یانه‌كان پێمانباشه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر مه‌شق و راهێنانێكی نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ی بۆ یانه‌كه‌مان رێكبخه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ باشترین شێوه‌ له‌ رووی جه‌سته‌ی و ده‌روونی پلانه‌وه‌ خۆمان رێككبێخین و لێكتێگه‌یشتنێكی باش له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان درووستبكه‌ین، هه‌وڵده‌ده‌ین چه‌ند یارییه‌كی دۆستانه‌ش ئه‌نجامبده‌ین.

بۆچی له‌گه‌ڵ جه‌وده‌ت سلێمانی راهێنه‌ری گۆڵپارێزان رێككنه‌كه‌وتن؟
هێور مسته‌فا بۆ پرسی نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ راهێنه‌ری گۆڵپارێزان جه‌وده‌ت سلێمان، كه‌ بڕیاربوو ببێته‌ر راهێنه‌ری گۆڵپارێزانی یانه‌ی برایه‌تی وتی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ جه‌وده‌ت سلێمان ته‌نها له‌سه‌ر بڕی پاره‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م راهێنه‌ری گۆڵپارێزان نه‌گه‌یشینه‌ رێككه‌وتن، ئه‌گه‌رنا هیچ هۆكارێكی دیكه‌ نه‌بوو، ئێمه‌ نه‌مانتوانی بۆ تیپه‌كه‌مان بیهێنین.
برایه‌تی ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ ده‌ستی به‌ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی یاریزانه‌كانی كردووه‌ و ئاماده‌كاریی ده‌كات، ستافێكی تازه‌ی راهێنه‌رانیشی بۆ یانه‌كه‌ی دیاریكردووه‌، كه‌ هێور مسته‌فا راهێنه‌ر و غه‌فور عومه‌ر یاریده‌ده‌ر و هیشام چه‌له‌بی یاریده‌ده‌ر و فاخیر عه‌لیش راهێنه‌ری گۆڵپارێزان، زۆربه‌ی یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌رزی رابردوو كه‌ پشكی شێریان له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوی جامی كوردستان بۆ یانه‌ی برایه‌تی هه‌بوو له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ ماونه‌ته‌وه‌، كه‌ پێكهاتوون له‌ (كاردۆ كه‌مال، هه‌ورۆ ئه‌حمه‌د، بارزان یوسف، رابه‌ر خالید، رێدار شێرزاد، عه‌بدوڵڵا حه‌مه‌د، محه‌مه‌د مه‌غدید له‌ هه‌ندرێنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ برایه‌تی كرد، كارون ره‌مه‌زان، ئه‌حمه‌د دلێر، نه‌وشێروان لوقمان، محه‌مه‌د عه‌بدولجه‌بار، عه‌لی وریا، محه‌مه‌د سامان، مێرخاس سمایل، ئاڵان سه‌عدوڵڵا، محه‌مه‌د سه‌رباز، محه‌مه‌د مسته‌فا، یوسف وریا، عه‌بدوڵڵا خه‌لیل، مه‌تین مه‌نسوڕ، گۆران سه‌یدا، زیره‌ك كه‌یفی، بۆتان ده‌هام)، برایه‌تی وه‌رزی 2020 بۆ وه‌رزی 2021 بووه‌ پاڵه‌وانی خولی نایابی كوردستان، وه‌رزی رابردووش نازناوی جامی كوردستانی به‌ده‌ستهێنا.